حاجی موحه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵوی و ڤیستیڤاڵی هه‌ڵه‌بجه!
ئاریان تاوگۆزی*
ده‌نگێکی ڕه‌وا و ڕه‌سه‌ن هه‌یه که داوای ڕونکردنه‌وه ده‌که‌ن. ئه‌و که‌سانه‌ی که پێویسته ڕونکردنه‌وه بده‌ن ده‌بێت داوای لێبوردن و لێ خۆش بون بکه‌ن و چاوه‌ڕێ بن تا بزانن لێ خۆشبون ده‌یانگرێته‌وه و ئه‌به‌خشرێن. لیستێکی کڕینی شت و مه‌ک و ویژدان و نیشتیمان په‌روه‌ری و گریان بۆ شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوکراوه‌ته‌وه که خه‌رجی هه‌ڵپه‌ڕین و شادی میوانانی هه‌ڵه‌بجه‌ن که بۆ دڵدانه‌وه و سه‌ره‌خۆشی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان ڕۆشتبون له 16/3/2014 دا.
سێ ڕۆژ پێش ئه‌و به‌رواره به‌ڵام 26 ساڵ پێشتر واته 13/3/1988 هه‌ڵه‌بجه که‌وته به‌ر هێرشی تۆپه‌کانی کۆماری ئیسلامی و خه‌ستر بوو له تۆپبارانه‌کانی ساڵانی پێشووتری که وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌رم کردبوو هه‌ندێک رۆژ ئه‌گه‌ر تۆپبارانی ئێران نه‌بوایه سه‌رسوڕمانێک خه‌ڵکی ئه‌گرت. منداڵان ئه‌وه‌نده خومان به تۆپه‌کانه‌وه گرتبوو حه‌زمان ئه‌کرد بته‌قێ و مامۆستا له قوتابخانه بمانێرێته‌وه بۆ ماڵه‌وه. ئه‌م جاره‌یان گه‌وره‌کان هه‌ستیان به ترسه‌که کردبوو ئه‌و ترسه‌ی ئه‌وانیش منداڵانی گرتبوه وه. به مانگ پێش ئه‌و ڕۆژه شۆفڵه‌کانی ئیڕان له پشتی ئه‌حمه‌د ئاوا ئه‌بینران که جاده‌یان دروست ده‌کرد، پێشمه‌رگه هه‌واڵی خۆ ئاماده‌کردنی ئێرانی ده‌گه‌یاند، باسی ڕاگواستنی شار له‌لایه‌ن عێراقه‌وه به جدی تر وه‌رده‌گیرا تا هێرشی ئێران.
ئێمه له ژێر زه‌مینه‌که بوین که باوکم هات و وتی وه‌رنه ده‌ره‌وه ئێوه ئه‌بێت بچن بۆ سلێمانی. من و دایکم و پێنچ له مناڵاکانی تر له‌گه‌ڵ چه‌ند ماڵێکی تر له دواوه‌ی پیکابێکی سوری دراوسێکه‌مان که چادری هه‌بوو سه‌رکه‌وتین و باوکم و پیاوانی تری گه‌ڕه‌ک نه‌هاتن و له هه‌ڵه‌بجه مانه‌وه. گریان و هاوار و له خۆدانی ژنان له یه‌که‌م ساته‌وه ده‌ستی پێکردو و منداڵانیش به‌رده‌وام ده‌گریان به‌ڵام له‌به‌ر هاوار و گریان و یا حافیز و یا مه‌حفوزی ژنان ده‌نگی ئه‌وان نه‌ئه‌بیسترا. ژن نه‌یئه‌ویست پیاو به‌جێ بێڵێت و منداڵ دورکه‌وتنه‌وه له باوک ئازاری ده‌دان و توڕه‌ی و نه‌ڕه‌وی پیاوانیش که بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوترین کات بکه‌وینه‌ڕێ ئازار به‌خش بوو بۆ هه‌مومان.
ئه‌وه یه‌که‌م هه‌نگاوی ئاواره‌یمان بوو که زیاتر له 3 ساڵی خایاند. ئێمه له هه‌ندێک خه‌ڵکی تر خۆشبه‌ختر بوین که بتوانین به سه‌یاره له هه‌ڵه‌بجه بڕۆین، ئه‌وانه‌ی مانه‌وه هه‌مومان ئه‌زانین چیان به‌سه‌ر هات. له ڕێگای پێش گه‌شتن به پردی زه‌ڵم ئیڤایه‌کی سه‌ربازی شۆفێره‌که‌ی قاچێکی په‌ریبوو به‌ڵام به‌ته‌واوی نه‌بڕابو هه‌وڵی هاتنه‌ده‌ری له ئیڤاکه ده‌دا، ته‌رمی چه‌ند سه‌ربازێکی تری عێراقی له‌م به‌ره‌و به‌ری جاده‌که دیاربوو. دوو زرێپۆشی عێراقی به تۆپ پشتی ئه‌حماوایان بۆردومان ئه‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌ر تۆپ ته‌قینێکا قیژه و هاواری ژنان و منداڵانی ناو پیکابه‌که زیاتر ئه‌بوو.
گه‌شتینه سلێمانی و له ماڵێک هه‌مومانیان داگرت و پاش ڕۆژێك باوکم گه‌شته لامان. ماڵی خزمێکمان که خاوه‌ن خانویه‌کی گه‌وره و کارخانه‌ی دورینی جلوبه‌رگ بون پاش ئه‌وه‌ی باوکم چوبوه ماڵیان بۆ په‌یداکردنی جێگایه‌ک بۆ مانه‌وه‌مان بۆ دوو شه‌و جیگایان کردینه‌وه و پاش دوو شه‌وه‌که پێنچ ژووری نوستنیان هه‌بوو هه‌مویان بە کلیل قوفڵ دا و کلیلەکە لە گیرفانی ژنەکەیاندا بوو. هه‌مومان ده‌بوایه له ژووری دانیشتن به‌یه‌که‌وه بین. برا و خوشکه‌کانم که زۆر منداڵ بون به‌ده‌ست خاوه‌ن ماڵی خزممانه‌وه لێدانیان ده‌خوارد که له‌و ته‌نها ژووره‌ی که بۆیان هه‌بوو بمێننه‌وه زۆر ده‌جوڵێن.
باوکم زۆر که‌م له‌و ماڵه له‌گه‌ڵمان ده‌مایه‌وه، پێنجه‌م رۆژمان بوو له سلێمانی، کات پاش نوێژی نیوه‌ڕۆ بوو که باوکم له‌گه‌ڵ کوڕێکی گه‌نجی سورکار هاته ژووره وه و داوایان له ئێمه کرد خۆمان بپێچینه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان بڕۆین بۆ ماڵی ئه‌و پیاوه گه‌نجه. من هه‌رگیز پێش ئه‌و ساته ئه‌و پیاوه‌م نه‌دیبوو شێوازی قسه‌کردنیشی بۆ من نوێ بوو. پیاوه گه‌نجه‌که سوپاسی ماڵه خزمه‌که‌مانی کرد که ئه‌و سێ چوار شه‌وه جێگای ئێمه‌یان کردبویه‌وه و له‌وه ئه‌چوو ئه‌و پیاوه گه‌نجه زیاتر خزمان بێت و من پێشتر پێی ئاشنا نه‌بوبێتم ئه‌گینا چۆن ئه‌و سوپاسی ماڵه خزمه‌که‌مان ده‌کات. به دوو ته‌کسی له گه‌ڕه‌کی ڕزگاری ڕۆشتین بۆ گه‌ڕه‌کی سابونکه‌ران.
ئه‌و پیاوه که هه‌میشه و تا ئێستاش له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی به فریشته له‌به‌رگی مرۆڤدا ده‌یانبینین، پیاوێکی گه‌نجی خه‌ڵکی سه‌رگه‌ڵوه، ئه‌و کاته له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی و دوو کوڕ و کچێکی و ماڵی باوک و دایکی و برایه‌کی و دوو خوشکی له خانویه‌کی چوار ژووری‌دا ده‌ژیان، خۆی و خێزانه‌که‌ی و منداڵه‌کانی له قاتی خواره‌وه و ماڵی باوکی و برا و دوو خوشکه‌که‌شی له قاتی سه‌ره‌وه. له خواره‌وه دوو ژوور بوو تا ئێمه گه‌شتبوین خێزانه‌که‌ی ژووره گه‌وره‌که‌ی بۆ ئێمه چاککردبو خۆشیان ڕۆشتبونه ژووره بچوکه‌که. ئه‌و پیاوه ناوی حاجی موحه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵوییه، ئه‌و کاته‌ی که جێگای ماڵه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کی کردبوه خۆی سه‌ربازی هه‌ڵاتوو بو پشتی ماڵیشیان باره‌گای جاشه‌کان بوو.
نزیکه‌ی سێ مانگ له‌ماڵی حاجی موحه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵوی ماینه‌وه که نه‌یهێشت هه‌ست به غه‌ریبی بکه‌ین، له باشترین خواردن و جلوبه‌رگی بۆ منداڵه‌کان ده‌کڕی. پۆشاک و خواردنی ئێمه ئه‌گه‌ر له هه‌مان پۆشاک و خواردنی منداڵه‌کانی خۆی نه‌بوبێت ئه‌وا باشتر بوه. نه‌یهێشت که‌سمان له قوتابخانه دوابکه‌وین و من له پۆلی دووی ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستم به خوێندن کرده‌وه. به‌هۆی خراپی بارودۆخی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان له سلێمانی باوکم بڕیاری دا بڕۆین بۆ ئێران. ماڵی حاجی موحه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵویمان بۆ ئێران و ژیانی ئۆردوگا به‌جێ هێشت.
باوکم چۆن ئه‌م پیاوه گه‌نجه‌ی ناسی؛ ئه‌و ڕۆژه‌ی که هاتن ئێمه له ماڵی خزمه‌که‌مان هه‌ڵبگرن باوکم بۆ نوێژی نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه ده‌چێته مزگه‌وتی خاڵ که یادگاری ته‌مه‌نی گه‌نجێتی و فه‌قێتی لای مامۆستا و شێخی خاڵ هه‌بوو. پاش ته‌واو بونی نوێژ ده‌چێته دواوه و پاڵ ئه‌دات به‌دیواری مزگه‌وت و به‌بێده‌نگ گریان به‌رۆکی ئه‌گرێت و فرمێسك سه‌ر ڕومه‌تی ئه‌شوات بۆ حاڵی هه‌ڵه‌بجه و خه‌ڵکه‌که‌ی. ئه‌م پیاوه گه‌نجه‌ش یه‌کێک له نوێژخوێنان ئه‌بێت. به‌و شێوازه باوکم ئه‌بینێت و هه‌واڵی ئه‌پرسێت بڕیار ئه‌دات که ئێمه ده‌بێت بچینه ماڵی ئه‌وان. ئه‌م پیاوه له‌وه‌و پێش ئێمه‌ی نه‌ناسیه‌وه و ئێمه‌ش ئه‌ومان نه‌ناسیوه. ئه‌م خێزانه ئێستا خزم و که‌سوکارمانه و خزمه‌که‌ی سلێمانیشمان کرده پێی ئێوه.
ئه‌مه نمونه‌یه‌که له‌و مرۆڤه مه‌زنانه که ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌بێت ملوانکه‌ی زێڕیان له مل که‌ین و سوپاسیان که‌ین که مرۆڤن. من دڵنیام که ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی نمونه‌ی ئه‌م جۆره مرۆڤه مه‌زنانه‌مان زۆر بینیوه که پیاوی ته‌نگانه‌بون. ئه‌مانه ئه‌و که‌سانه‌ن که بۆ هیچ پاداشتێکی سه‌رزه‌وی و ده‌ستی مرۆڤ نه‌یانکردوه. با ڤیستیڤاڵه‌کانمان به‌م مرۆڤانه و چیرۆکه‌کانیان بڕازێنینه‌وه. با برینداره‌کانمان بێنه سه‌ر ته‌ختی شانۆ و باس له ئازاری سییه‌کانیان بکه‌ن, کامیل بە بتڵە ئـۆکسجینەکەیەوە دێتە لاتان. با دایکی زمناکۆ عه‌لی بێت و باس له ونبون و دۆزینه‌وه‌ی کوڕتان بۆ بکات. با ئاراس بێت و چیرۆکه نه‌بڕاوه‌کانی بێ باوک و دایکی و برا و خوشکیتان بۆ بگێڕێته‌وه. با حیکمەت و تاقە خوشکەکەی بێن و پێتان بڵێت چۆن باس لە یادگاریەکانیان دەکەن. با خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه باسی ئاواره‌ی و ژیانی ژێر چادری ئۆردوگاکانی ئێرانتان بۆ بکه‌ن، با ئه‌و خێزانانه منداڵه‌کانیان بێن باس له سه‌رمای ناو خانوه‌کانیان بکه‌ن که هێشتا درز و ته‌قینی دیواره‌کانیان 27 ساڵ پێش ئێستا دروست بوه چاک نه‌کراوه.
ئه‌و میوانه‌ی که دێته هه‌ڵه‌بجه پێویستی به سێوه و چادری هه‌زاران دۆلاری بوێت خۆر و باران لێی نه‌یات، خەرجی خۆ خاڵی کردنه‌وه‌ی ڕۆژێکی موچه‌ی مانگێکی ماڵێک بێت، گۆرانی و مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕکێ و فلیم و شانۆی بوێت بۆ تێگه‌شتن له کاره‌سات و ئازاره به‌رده‌وامه‌کانی شاره‌که با له عه‌ربه‌ت تێپه‌ڕنه‌که‌ن. با حاجی موحه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵوییه‌کان میوانی ڤیستیڤاڵمان بن. نەک ....
21/01/2015
وتارەکانی تری نوسەر