سۆران، سیمبولی خەبات بۆ ژیانێکی مرۆڤانەتر

د.یوسف محەمەد سادق
زۆر خۆشحاڵم بەم خەڵاتە. ئەم خەڵاتە پەنجە دەخاتە سەر قوڵترین زامەکانی کۆمەڵگای ئێمە.  شەهید سۆرانی مامەحەمە، ناوێکە ، سیمبولێکە، که کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە پێویستە لە یادی بێت.  له مانەوەی ئەم ناوە بە زیندویی له یادەوەریماندا، له گەڵ شەهیدانی تری ئازادی ڕادەربڕین (وەک سەردەشت و کاوە و عەبدولستار تایەر شەریف) و، سەرجەم سەهیدانی تری کوردستان، ئەمە تەنها ئەوە نیە وەفامان هەبێت بۆ ئەم بەرێزانە، کە بێگۆمان شایستەی ئەوپەڕی وەفان، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگاکەمان بە زیندویی بمێنینەوە، بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بمێنینەوە. 
ئەگەر هاتو ئێمە ئەم سیمبولانەمان لە یادکرد ئەوا   له ئەنجامدا دەبینە ئامێرێکی بێدەنگ، یان تەنها ئەو دەنگانەمان لێوەدێت کە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان له ئێمەی دەخوازن.
کە یادی سۆرانی شەهید دەکەینەوە، ئەو شەهیدەی بە  گەورەبونی تەمەنی دەسەڵاتی کوردی چەندین شەهیدی تری چوە پاڵ، دەبێت زۆر بە خەم و بە تەنگەوەچونەوە بیر له بواری ئازادی، بوێری، ڕەخنە، نوسین، دەنگی جیاواز، میدیا، و زۆر شتی تر بکەینەوە.
گەر بێدەنگ بوین مەرج نیە سەلامەت بین یان  مرۆڤانەتر بژین، بەڵکو بە پێچەوانەوە رێز و حورمەت و بایەخمان کەمتر دەبێتەوە، تەنانەت لای ئەوانەش کە  داوای بێدەنگیمان لێئەکەن.
ئەمە شەڕی زیندوبون و زیندونەبونە.  کۆمەڵگای زیندو بوار دەدات بە ڕەخنە، بە ئازادیەکان، بە دیدی جیاواز، بە هەڵماڵینی ماسک و روپۆشەکان، له پێناوی ئەوەی بە زیندویی بمێنێتەوە، بەردەوام نوێ بێتەوە، مرۆڤەکانی مافەکانیان لە دەست نەدەن.
بۆیە خەڵاتی سۆران سیمبولی هەمو ئەو خەسڵەتانەیە کە  ژیان وەها لێدەکات مرۆڤانەتر بێت. 
بەرێزان خەڵاتی شەهید سۆران  تەنها لە روی پرینسیپ و  باوەڕەوە بۆ من جێگای بایەخ نیە، بەڵکو بە   عەمەلی ئێمە  دۆست و پشتیوانی  میدیای ئازادین لە کوردستاندا.  بۆ ئەم مەبەستە له پەرلەمان له خەمی ئەوەدابوین که چۆن یاسایەک دابڕێژین که سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆی بێ قەید و مەرج بۆ میدیای ئازاد دەستبەربکات، له سۆنگەی ئەو باوەڕەوە که خەباتی ئێمە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر  تەنها لە رێگای ڕەخنە و سنگفراوانی و هەبونی دیدی جیاوازەوە دەبێت.
ئەگەر کرۆکی میدیا زانیاری و بەدەستهێنانی زانیاریە، ئەوا ئێمە له پەرلەمان لە تەنیشت کردنەوەی درگاکانی پەرلەمان بەڕوی هەمو میدیاکان و میدیاکاران دا، لە هەمان کاتدا، بانکی زانیاریمان دامەزراند.  بونی ناوەندێکی لەوجۆرە ئەرشیفێک  بونیاد ئەنێت که له رێگایەوە دەتوانیت زانیاری وردت هەبێت، دەربارەی ئەوەی که چۆن ڕەوشی حوکمداری بەڕێوەدەچێت، ئەو حوکمداریەی که هەتا ئەمرۆ بەشی زۆری له تاریکیدا بەڕێوەدەچێت،  ئێوەی میدیاکار  پێش هەموان و هەمو خەڵکی کوردستانیش   زۆر باش لەم راستیە  ئاگادارن. 
ئێمە له پەرلەمان لەو سۆنگەیەوە ئێش دەکەین که ڕۆڵی میدیا و ڕۆڵی پەرلەمان یەکتر تەواوکەرن.
کاری چاودێری و واڵاکردن و فشارخستنە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و نزیکێتی لە خەڵکەوە هەمو بەهای هاوبەشی نێوان  میدیا و پەرلەمانن. 
ئەمڕۆ وەک هەمو بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵگای کوردی، میدیاش روبەروی قەیرانی سەخت بوەتەوە.  هێشتا هەڕەشە و توقاندن و ترساندن بونی هەیە. هەر ماوەی چەند ڕۆژێکە میدیاکارانی گەرمیان دەنگی ناڕەزاییان لێبەرزبوەوە بەرامبەر هێرش بۆ سەر هاوکارێکیان.  ئەم دۆخە له سەرانسەری کوردستاندا بونی هەیە.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دەژین که هەتابێت زانیاری  وەک چەکێک کاریگەرتردەبێت له فشار خستنە سەر ئەو سیستەمانەی کە له زانیاری دەترسن.  ئەوەشی زیاتر مایەی خۆشحاڵیە ئەوەیە کە سەردەمی ئەوە تێپەڕی که بتوانرێت زانیاری لە خەڵکی بشاردرێتەوە.
له هەمانکاتدا ئەمە ئاماژەیە که چیدی ناتوانرێت رێگە لە بڵاوبونەوەی زانیاری بگیرێت، له هیچ کۆمەڵگایەکدا. بۆیە درەنگ بێت یان زو، وەها باشترە دەسەڵاتەکان خۆیان له گەڵ سەردەمی خێرایی و بەرفراوانی و گرنگی زانیاریدا بگونجێنن،  ئازاردان و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوس ناتوانێت رێگە لەم دیاردە بەهێزە بگرێت.
دیارە له سەردەمی زۆریی زانیاریدا گەر چیدی نەتوانرێت رێگری بکرێت، ئەوا پەنا بۆ رێگای تر دەبرێت، بۆ نمونە پەنا دەبرێت بۆ گەندەڵکردنی زانیاری، بۆ لە قاڵبدان و پۆشین و له خشتەبردن.  ئەم فێڵ و تەڵەکانە گەشتونەتە ناو میدیای کوردیش.  بەڵام ئەم شێوازە مامەڵەکردنە له گەڵ زانیاریدا، کە پێویستی بە پارەیەکی زۆرە و زۆر جار له داهاتی نیشتمانی وڵات دەبرێت، تەمەنی کورتە.  زوش دەبێتە مایەی لە دەستدانی باوەڕی خەڵکی. 
له قازانجی خەڵک و حکومەتدایە که زانیاری بە ئازادی بگات،  له رێگای یاساوە بتوانرێت بەدەست بێت، بەبێ هیچ روپۆشێک بگاتە خەڵکی.  ئەمە باوەڕ و سەقامگیری و لەیەکنزیکبونەوە زیاتر دەکات.  ئەو خەسڵەتانەی که هەر دەسەڵاتێک لە دەستی دا ، ئەوا ناچارە پەنا بۆ سەرکوتکردن بەرێت.  میژووش پێمان دەڵێت: سەرکوتکردن رێگایەک نیە تەمەنی درێژبێت.
شەهیدکردن و ئازاردان و گێچەڵ کردن بە ڕۆژنامەنوسان له کوردستان پەڵەیەکی ناشیرینە  بە ناوچاو ی دەسەڵاتی کوردیەوە ، بۆ هەرکوێی دونیا بڕۆین دەدرێتەوە بە ناوچاوانماندا.  بەپێچەوانەوە ئازادی میدیا جێگەی شانازی ئێمە دەبێت له دونیادا.  ڕەنگ بێت ئاسان بێت ڕۆژنامەنوسێکی بێچەکی، هەژار بکوژیت، بەڵام سەختە پەڵەکەی له ناوچاوانت بکەیتەوە.بە هیوای بەرەوپێشچونی هەرچی زیاتری میدیای ئازا و ئازاد، زۆر سوپاس بۆ ئەم خەڵاتە.
*(وتاری سەرۆکی پەرلەمان لە مەراسیمی بەخشینی هەشتەمین خەڵاتی ڕێزلێنانی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری/ ٢٠١٦) 


*
 د. یوسف محەمەد لەیادی شەهیدی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە وەک سەرۆکی پەرلەمان ئەم وتارەی خوێندیەوە


22/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر