خۆزگە لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان هیچ قسەیەکی نەکردایە!

ئاسۆس هەردی



لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان راگەیاندنێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ و دەستگیر کردنی رۆژنامەنووسان بڵاو کردەوە. 
راگەیاندنەکە لەوە دەچێ دەستخۆشی لە گرتنی رۆژنامەنووسان بکات! ئەوەتا وەک ئەوەی رووداوێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراو روویدابێ ، ئەڵێ: "لەسەرو بەندی داواکاری خۆپیشاندان و هاتنە سەرشەقامدا، بێگومان میدیاکاران لەم حاڵەتەدا دەستگیر دەکرێن”!!!!!! 
بۆچی؟ "چونکە بەپێی یاسای خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠١٠ رێکخستن و ئەنجامدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندان رێگەپێدانی دەزگا خۆجێییەکانی پێویستە…”!

باشە با بڵێین خۆپیشاندانەکان مۆڵەتیان نەبووە، کە ئەمە کارەساتە، چونکە هەموومان دەزانین "دەسەڵاتە خۆجێییەکان” تەنها مۆڵەت بەو خۆپیشاندانانە ئەدەن کە بە دڵی خۆیان بێ. 

لەوەش کارەساتتر ئەوەیە سەندیکایەک کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئازادیی رادەربڕینەوە هەیە، ئەم واقیعە وەکو خۆی و ئاسایی وەربگرێت و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەدا نەبێت کە دەسەڵاتدارەکان بەهیچ جۆرێک ئامادەنین مۆڵەت بە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی بدەن بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی مەنتیقییان هەبێت… 

هەموو ئەوانە قەیناکاو خاتری سەندیکابێ، باشە بۆچی "بێگومان لە حاڵەتی وادا میدیاکاران دەستگیر دەکرێن”؟! ئایا رووماڵی رۆژنامەوانیش پێویستی بە مۆڵەتەو ئێمە نەمانزانیوە؟کام مادەیەو کام بڕگەیەی یاسا باسی شتی وای کردووە؟ ئایا دەستگیرکردنی میدیاکاران لە رووماڵی رووداوەکاندا (یاسایی بن یا نایاسایی)، شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە؟؟!! ئەگەر رووداوەکان نایاسایی بن، بە چ هەقێک و بە کام یاسا رووماڵکردنیان نایاساییە؟ بۆنموونە روودانی تاوانێکی کۆمەڵایەتی کە پێشێلکردنێکی روونی یاسایە، رووماڵەکەشی نایاساییەو ئەگەر رۆژنامەنووس رووماڵی کرد، "بێگومان دەسگیر دەکرێت”؟؟!!!

کام بڕگەو مادەیە لە یاسای خۆپیشاندان یاخود یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانی رووماڵی "خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت”ی قەدەغە کردووە، تاکو لقی سلێمانی بێخەم و بێباک بڵێت " بێگومان میدیاکاران لەم حاڵەتەدا دەستگیر دەکرێن”؟!

خۆزگە لقی سلێمانی سەندیکا هەر هیچی نەوتایە بێدەنگ بوایە. یاخود لانیکەم وەک لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، بە دوور لە پاساو هێنانەوە، تەنها داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بکردایە.

07/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر