لێم ببورە بابە گیان

ئاسۆس هەردی

لێم ببوورە بابە گیان... ئەمساڵ پێشوەخت یادی کۆچە ئەبەدییەکەتم لەبیر نەبوو.

لێم ببورە... بەهۆی کۆچی سەختی ئازیزان و ئازاری نەخۆشی و ناخۆشیی خۆشەویستانەوە، ئەمساڵ درەنگوەخت وادەی دوا ماڵاواییتم بیر کەوتەوە.

شەرمەزارم بابە گیان... رۆژێک نیە لەدەستدانی ئازیزێک و هەستکردن بە ئازاری دەیانی تر، فرمێسک لە چاومان نەبارێنێ و بەرامبەر بیدەسڵاتی و بێدەرەتانی خۆمان دۆش دانەمێنین.

لە مێژە ئادەمیزاد هەموو سنوورەکانی بەزاندووەو دەستدرێژی دەکاتە سەر سروشت. وا دیارە ئەمە وەڵامێکی (بچووکی!) ئەو سروشتەیە کە هەموومان لە وێرانکردنیدا بەشدارین.

ئەم بەڵا نەبینراوە، ئەم پەتا گشتگیرە ئەگەر خۆی بە جەستەیشمان نەگەیاندبێ، خەریکە لە ناوەوە وێرانمان ئەکا.

چیت بۆ بنووسم بابە گیان! چەند رۆژێک لەمەوبەر بوو کاک شەفیقی برا گەورەی هەموومان بە کۆڵی ئازارەوە گەیشتە لات. هەر دوێنێش رووناکی شێخ کەریم، کە هەر وەک کچی خۆت بوو، بە هەمان ئازارەوە گەیشتە جیهانە رۆحییەکەی لای تۆ. دڵنیام ئەوان هەواڵە جەرگبڕەکانیان پێگەیاندووی. نایشزانم چەندی ترمان بەڕیوەیە بۆ لات.

چیت بۆ باسکەم بابە گیان! دەنگوباسی وڵاتت ئەوێ؟!

ئازیزانمان وەک گەڵای پایز ئەوەرن، کەچی سەرکردەکانمان هەر خەریکی دەمکوتکردنی گەنجانی وڵات و چاڵهەڵکەندنن بۆ یەکتری. وا زیندانەکانمان پڕ ئەکرێن لەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەی بەرامبەر بەو هەموو ناعەدالەتییە ورتەیەکیان لە دەم هاتۆتە دەرەوە. خەریکە کابینەی چاکسازییەکەمان ئەبێ بە کابینەی داپڵۆسین! بە ناوی چاکسازییەوە نان لە دەمی خەڵکە رەشوڕووتەکە ئەفڕێنن، بەڵام پەنجە نابەن بۆ نەهەنگەکانی گەندەڵی. ئەو هێزانەیش کە گوایە بەم دۆخە ناڕازین، لەسەر شاشەکان کەمێک بۆڵەیان دێ و پاشان لە ژوورە داخراوەکاندا شەریکە بەش و دەمبەستراون و، بێدەنگ بێدەنگ و "عاقڵ عاقڵ" لە کۆبوونەوەکاندا دائەنیشن.

حیزبەکانمان هەر یەکەی بە زۆڕنای دەوڵەتێک هەڵئەپەڕێ و بەناوی میللەتەوە پەلاماری رۆڵەکانی میللەتەکەی خۆی ئەدا. ئەوەی هەیە شەڕی مەسڵەحەت و دەسەڵاتە. ئەوەی نیە خەمی خەڵک و نیشتمانە.

لێم ببوورە بابە گیان... سەردەمێکی تاریکە تاریک!

زۆر جار بە خۆم ئەڵێم خۆزگەم بە خۆت کە زوو رۆیشتی و ئەم هەموو تاریکی و ناشرینییەت نەدی... بەڵام هەمیشە رۆحە پڕ لە هیواکەت دێتەوە بەر دەمم و پێم ئەڵێت: "سەبرت هەبێ کوڕم! این هم میگژرد: ئەمیش ئەڕوات". دڵنیام هەر وایش ئەبێ. ژیان هەر بەردەوام ئەبێ. مرۆڤایەتی ئەم بەڵایەش تێئەپەڕێنێ. میللەتی ئێمەش وەکو چیاکانی پشتی، سەرسەختەو رۆژگاری گەلێ لەمە تاریکتری تێپەڕاندووە. بۆیە ئەبێ هەموومان "دوور بڕوانین، ئاسۆی روون هەر ئەبێ نزیک بێ".


29/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر