ڕێکخراوەکانی ژنان هۆکاری توندوتیژین

پەیمان عێزەدین
بەدرێژایی ڕۆژەکانی ساڵ بەگشتی و لەبۆنە و یادەکانی تایبەت بەژنان  بەشێویەکی چڕتر گوێمان لەم ڕستەیە ئەبێت.
ئەمەش شتێکی نامۆ نیە ، هەر ڕەوتێک ، ئاینێک ، پارتێک ، کەسێک ، هونەرمەندێک ،بە ئاراستەی پێچەوانەی باو ڕێی گرتبێ دەیان قسەی لەسەرکراوە تاڕادەی دروستکردنی چیرۆکی جیاجیا.

ڕۆژێکی ناوەڕاستی ٢٠٠٠ کان کە من ئەوکاتە سەرنوسەری ڕۆژنامەی ژیانەوە بوم ، یەکێک لە هەڵەچنەکانمان  کە پیاو بو بە تەکسی هاتبوو بۆ دەوام ، کە بە شۆفێری تاکسیەکەی وتبو بمبە بۆ یەکێتی ژنان  لێی پرسیبو ،توخوا ئەوە ڕاستە ئەڵێن ڕێکخراوەکانی ژنان کۆدی کەناڵە ڕوتەکانیان لایە !!!! 

بێگومان ئەو قسەیە ڕەگ و ڕیشەی هەیە ، کەلە ڕق و ترسێکی گەورە لە ڕێکخراوی ژنانەوە سەرچاوە ئەگرێ ، بۆیە بەئاسانی ئەو ڕێکخراوانە ئەکەونە بەر هێرشی زۆرینە و هەڵبەستنی چیرۆکی جۆراوجۆر .

من دڵنیام زۆرینەی ئەوانەی ڕێکخراوەکانی ژنان ئەدەنە بەر تیری تۆمەتەکانیان ،ڕۆژێک لە خۆیان نەبوردوە و بچنە ڕێکخراوێک و بڵێن ئەرێ ئێوە ئیشتان چیە .

بەشێکی زۆری خەڵک نازانن کەڕێکخراوەکانی ژنان لەساڵی ١٩٩٢ وە خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەی گۆڕینی یاسا بون بە کۆی ڕێکخراوە عیلمانی و ئیسلامیەکانەوە ، هەروەک چۆن زانیاریشیان نیە لەسەر ئەو هەڵمەتە چڕوپڕانەی ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەرەتای نەوەدەکانەوە کردویانە بۆ کردنەوەی خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و تیایدا هەزاران ژنیان فێرە خوێندن کردوە ، هەزارانی تریان فێرە درومان و کاری دەستی کردوە ، دڵنیام ئاگایان لەوەش نیە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی ژنانی لادێکان تیمی تەندروستی گەڕۆکیان هەبو و زۆرینەی گوندەکانی کوردستان گەڕاون .کام لەوانەی هێرش ئەکەن ئەزانن ڕێکخراوەکان چەند کۆڕو کۆبونەوە و هەوڵیان داوە بۆ کەمکردن و نەهێشتنی گەورە بە بچوک و بنە تۆو ، چەند کچی گەنجیان لەو کۆتە کۆمەڵایەتیە ڕزگار کردوە  ، ئایا ئێوە ئەزانن چونی ژنان بۆ ناو سلکی ناوخۆ پێشنیازی ڕێکخراوی ژنان بوە؟؟؟؟

زۆر دڵنیام لەوەی بەشێک لەوانەی ئاگاداری ئەم هەوڵانەشن لە بنچینەدا ئەمانە بە بەلاڕێبردنی ژنان ئەزانن.

ئەمە ئەسڵی بیروڕاکانیانە لەسەر ڕێکخراوی ژنان ،لەو تێگەیشتنەشەوە ئەوان ڕاست ئەکەن ، تا ڕێکخراو ئیش لەسەر بەئاگاهێنای ژن بکات بەرامبەر مافەکانی ، هەوڵی دەرکردنی یاسا بدات و بەژنان بڵێ ئەتوانن قبوڵی لێدان و سوکایەتی و بەزۆربەشودان نەکەن و ڕێگای یاسا بگرنە بەر، دەرچون لە بازنەی باو زیاد ئەکات بێگومان هەموو بەئاگاهاتنێکیش باجی ئەبێت ، تا ژنان گوێڕایەڵ و بێ دەنگ بن و بەو بەشە ڕازیبن کە نەریت بۆیان دیاریئەکات توندوتیژی بەرەو کەمی ئەڕوات وەک هەر چین و توێژێکی تر .

بە نمونە ئەگەر مامۆستایان بەهەموو بێ مافیەک ڕازی بن ، گوێ نەدەن بە نەبونی موچه، خۆپیشاندان نەکەن بۆ داواکردنی مافەکانیان، چ مامۆستایەک لێی ئەدرێ و دەستگیر ئەکرێ؟؟؟

ئیشی ڕێکخراوی ژنان وەک ئیشی هەر ڕێکخراو و سەندیکایەکی ترە کە هانی ئەندامەکانی ئەدات بۆ بێدەنگ نەبون بەرامبەر پێشێلکاری مافەکانیان .

بۆیە بەڕای من ئەکرێ هاوکێشەکە بە جۆرێکی تر ببینین ، تا توندوتیژی زیاد بکات یەکسانە بە دەنگ هەڵبڕینی ژنان و ئەویش یەکسانە بە زیندویی ڕێکخراوەکانی ژنان.

14/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر