ئێ حەمە گیان چیتر؟!!

پەیمان عێزەدین
زنجیرە درامایەکی کوردی هەبو،یەکێک لە ئەکتەرەکان مەبەستی قسەکردن بو لەسەر بابەتێکی دیاریکراو کە حەمە قسەی لەسەر بکات بەڵام حەمە لە ئێران و تورانەوە ئەیهێنا تەنیا باسی ئەوەی نەئەکرد کە کابرا ئەیویست گوێی لێبێت،لەگەڵ کۆتایی هەمو قسەیەکی حەمە ئەیوت ئێ حەمە گیان چیتر؟حەمەش بابەتێکی تازەی دەستپێئەکرد.
جا پارتی وەک حەمەی دراماکەی لێهاتوە تا بڵێی ئێ حەمە گیان چیتر ؟حەمە دورتر ئەکەوێتەوە لە قسە سەرەکیەکەیە  کە ئەویش سەرۆکی هەرێم و ماوە تەواوبوەکەیەتی.
پارتی رۆژێک بە گفتوگۆ ٢و٣و٤و٥ قۆڵیەکانەوە پرسی سەرۆکی هەرێمی لەبیرئەبردەوە و رۆژێک دەیئاڵانە سەرۆکی پەرلەمان و رۆژێکی تر مەسەلەی داعش و تیرۆری ئەهێنایە پێشەوە. بێ سڵەمینەوە دەستیان برد بۆهەمو کارتێکی فشار بێ ڕەچاوکردنی قانونی بون یان نەبونی ئەو کارتانە،لە ڕێگرتن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمانەوە دەستیان پێکرد و بە دوایدا یەکلایەنە بڕیاری کردنە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیان دا لە حکومەت، نوێترین کارتیشی سکاڵا تۆمارکردنە لەسەر رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان .
بەرلەوەی شیکاری بۆ ئەم هەوڵانەی پارتی بکەین پێمخۆشە  لەسەر قانونی بونی ئەم سکاڵایەی پارتی بوەستین.
جیا لەوەی ئەو تۆمارە دەنگیانە راست بن یان دەستکاری کراو،بە تەنیا کاری سیخوڕی کردن بەسەر پارتی سیاسی یان سەرکردە سیاسیەکان کارێکی ناقانونی و شایستەی سزادان و لێپێچینەوەیە،لە دەستوری عیراقی و لە ماددەی ٤٠ بە ڕونی باسی ئەوە دەکات کەئازادی پەیوەندیە پۆستەیی و ئەلکترۆنیەکان پارێزراون و نابێت چاودێری بکرێن و گوێیان لێبگیرێت و بڵاوبکرێنەوە لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت وە بە بڕیاری دادوەری،
 هەروەها لە قانونی پارتە سیاسیەکانی عیراقدا و لە ماددەی ٢٠/دووەمدا هاتوە کەشێوازەکانی پەیوەندی حیزبی سیاسی وبەڵگەنامەکانی پارێزراون ونابێت بپشکنرێت وچاودێری بکرێت یان سیخوریان بەسەرەوە بکرێت بە بڕیاری دادوەری نە بێت  .
لە هەرێمی کوردستانیشدا و لە یاسای ژمارە ٤ ساڵی ٢٠١١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا لە ماددەی سێیەم/دەیەمدا لە بنەماکانی ئاسایشدا باس لە بەرەنگاربونەوەی کاری سیخوڕی دەکات،ئەمانە جگە لەوەی کاری سیخوڕی کردنی دەزگایەکی هەواڵگری بۆ بەرژەوەندی پارتێکی دیاریکراو بە گوێرەی یاسا ڕێگە پێنەدراوە جا چ جای ئەوەی کە ئەو دەزگایە هەوڵی دروستکردنی بەڵگەی دروستکراویش بدات .
خاڵێکی تر کە گرنگر بەلامەوە ئاماژەی پێبکەین تا ئێستا عەقڵی یاسادانەر و تەنانەت پارتە سیاسیەکانیش لە کوردستاندا نەگەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە بیر لە ئەگەری سیخوری کردن بەسەر پارت و کەسایەتیە نیشتیمانیەکان بکەنەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە بۆیە دەقێکی ڕۆشن لەوبارەیەوە نیە  و لەکاتی دروستبونی حاڵەتێکی لەم جۆرە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوری عیراقی و بنەماکانی مافی مرۆڤ.
کەواتە پارتی بۆ ئەمە دەکات:
بە ڕەچاوکردنی ئەو قانونانەی باسمان کردن ودڵنیابون لە ناقانونی بونی سیخوریکردن بەسەر پارتە نیشتیمانیەکان و هاوبەشی حوکومڕانیی ،پارتی چۆن دەتوانێت سکاڵایەکی وا بجوڵێنێت؟! پشت بە کام یاسا دەبەستێت بۆ بە قانونیکردنی ئەو سیخوڕیەی دەزگاکانی؟!کام قانون سەرکردەیەکی سیاسی دیار لەسەر بنچینەی سیخوڕیەکی هەڵبەستراو سزادەدات؟!! 
بە بڕوای من پارتی خوێندنەوەیەکی واقعیی بۆ کۆمەڵگای کوردی کردوە و بە درێژایی کارکردنی پشتی بەستوە بە کورتی و بچوکی زاکیرەی کورد،بۆیە سەرەڕای بونی دەیان ماددەی یاسایی لە کۆی یاسا بەرکارەکان و  دەستوردا  کە ئاماژە دەدەن بە:
* ناقانونی بونی هەبونی هێزی چەکدار دەکەن لە لایەن حیزبەوە،پارتی گەورەترین هێزی چەکداری هەیە و بەکاریان دێنێت بۆ ڕێگرتن لە سەرۆکی گەورەترین دەسەڵاتی سیاسی .
*ناقانونی بونی پەنابردن هێزێکی دوژمنکار بۆ قەتڵ وعامکردنی هاوڵاتیان و لەناوبردنی هێزێکی سیاسی.
*ناقانونی بونی هێنانی سوپای وڵاتێکی تر بێ ڕەزامەندی پەرلەمان.
*ناقانونی بونی ڕێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمان وبەکارخستنی نوێنەرایەتیەکانی حکومەت بۆ دژایەتیکردنی سەۆکی پەرلەمانەکەن لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
*ناقانونی بونی ڕێگەگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
*ناقانونی بونی سیخوریکردن و چاندنی سیخور لە ریزی پارتە سیاسیەکاندا.
بەڵام پارتی بێباکانە هەمو ئەو کارە ناقانونیانەی ئەنجامداوە وسەرباری بونی بەڵگە لەسەریان یان هیچ کەس و لایەنێک سکاڵای لەسەر تۆمارنەکردوە یان سکاڵاکانیان لێوەرنەگیراوە،لەمەوە دەگەینە یەک لێکدانەوە ئەویش کە پارتی حساب لەسەر لۆجیکی هێز دەکات نەک قانون، بۆیە دەتوانێت سەرباری ئەو هەمو کارە ناقانونیانەی جورئەتی باسکردنی قانونی هەبێت چونکە لە بنچینەدا دڵنیایە لەوەی کە لە لۆجیکی هێزدا قانون دەدورێت.
ئەگەر هاوکێشەی سیاسی و دنیابینی سیاسی پارتەکان لەم بازنەیەدا بمێنێتەوە ئەوا بۆ زەمەنێکی دورودرێژ ئەبێت هەمو پارتەکان بڵێن ئێ حەمە گیان چیتر؟



07/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر