سیاسەت و سیاسەت لە هەرێم دا

د. شێرکۆ کرمانج
لەم کورتە بابەتە باس لە سیاسەت دەکەم لەگەڵ تێگەیشتنی سیاسەتوانانی هەرێم بۆ سیاسەت.

سیاسەت چەندین پێناسە و تێگەیشتنی بۆکراوە. ئەریستۆ پێیوایە مرۆڤ گیانەورێکی سیاسییە، واتە بێ سیاسەت ژیانی مرۆڤەکان نەدەبێت و نەڕێکدەخرێت. هاوکات دەڵێت سیاسەت کردەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ باشترکردنی ژیانی کەسەکان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی باش.

لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە ئیدی قسەکردن لەسەر سیاسەت و چییەتی سیاسەت جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی فەیلەسوف و توێژەر و ئەکادیمی و خەڵکان بووە. بەگشتیی مرۆڤەکان چەند تێگەیشتنێکیان بۆ سیاسەت هەیە، ئەم چوارەیان لە هەمووان گرنگترن: ‏

یەکەم، سیاسەت واتە ھونەری حوکمکردن کە دەکاتە هونەری داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی ‏و تەندروستی و ژینگەیی هتد... لەگەڵ پلاندانان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکان. ‏سیاسەتوانانی ھەرێم لە سی ساڵی ڕابردودا نەشارەزایی خۆیان لەو ھونەرە لە هەموو ‏بوارەکانی هونەری حوکمکردندا نیشانداوە.‏

دووەم، سیاسەت واتە گفتوگۆ و دانوستان و پێکھاتن، سیاسەتوانانی ھەرێم سی ساڵە گفتوگۆ و ‏دانوستان لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکەن. لەگەڵ یەکدی قەت بە پێکھاتن نەگەیشتوون، ‏دابەشکردنی سامانی نیشتیمانی لێدەرچێت، لەگەڵ ئەوانی دیکەش زۆربەی جار دۆڕاون.‏

سێیەم، سیاسەت واتە جیاکردنەوەی پرسە گشتیی و تایبەتییەکان. بەپێی ئەم تێگەیشتنە بێت ‏دەبێت سیاسەت لە دەوری خەمە گشتییەکان بخولێتەوە و خۆی لە پرسە تایبەتەکان ‏هەڵنەقورتێنێت. لە سی ساڵی ڕابردودا بەشی هەرە زۆری سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم ‏دوورکەوتنەوە بووە لە خەون و خەمە گشتییەکان ئەوە ئەگەر نەڵێم لە گۆڕنانی خەون و خەم ‏و پرسە گشتییەکان.‏

چوارەم، سیاسەت واتە دابەشکردنی هێز و سامان. سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سی ‏ساڵی ڕابردودا بەچڕی بەپێی ئەم تێگەیشتنە ئیشیان لەسەر سیاسەت کردوە بەڵام بە ‏سەراوژێریی چونکە مەبەست لە دابەشکردنی هێز واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ‏خوارەوە. 

مەبەستیش لە دابەشکردنی سامان واتە کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەی داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، ‏بەشێوەیەک کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان و هەژاری و نەداری بێت. کەچی لە ‏هەرێم دەسەڵاتەکان نەک لە دەست حکومەت بەڵکو لە دەست چەند کەسێک کۆکراونەتەوە و ‏سامانەکان و داهاتەکانیش هەر لە گیرفانەکانی هەر ئەو چەند کەسە. ‏

سیاسەت لە هەرێم ئەگەر کەم تا زۆر وەک لەم چەند خاڵەدا بەکورتی ئاماژەی پێکرا کاری ‏لەسەر کرا بێت، ئەوە بەتایبەتی چەند ساڵێکە، لەوانەی پێشتوتریش مەترسیدارتر توڕەیی و ڕق و تۆڵە بوون بە بنەماکانی ‏تێگەیشتن و پراکتیزکردنی سیاسەت. ‏

سیاسەتێک کە لەسەر بنەمای توڕەیی و ڕق و تۆڵە داڕێژرابێت، سیاسەتی دیوەخانە کە ‏پێشئەوەی شکست بە ‏نەیارەکانت بێنێت کۆتایی بە سیاسەت دێنێت. ئەو سیاسەتەی لە باشوری ‏کوردستان دەبینرێت بەشی ھەرە ‏زۆری، لانیکەم لە ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە سێ کۆڵەگەی هەیە: ‏توڕەیی و ڕق و تۆڵە. بۆیە ھەرێم لە بێھێزییەوە بۆ  ‏لاوازیی ھەنگاو دەنێت، ئەمڕۆ لەناوەوە ‏و لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەوانەیە زەنگی کۆتایی لێبدرێت. یەک ئەگەر ھەیە کە ‏ھەرێم بھێڵێتەوە ‏ئەویش شەڕی ناوخۆی عێراقە.‏

26/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر