ئیسلامییەکان و جنێوفرۆشی و چەواشەکاریی

د. شێرکۆ کرمانج

هەندێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان، بەدڵنیاییەوە هەموویان نا، بوختاندروستکەرترین و ‏چەواشەکەرترین و جنێوفرۆشترین مرۆڤەکان سەر ڕووی ئەم دنیایەن، ئەم دەربڕینە بە دوو ‏شت دەسەلمێنم‎.‎

یەکەم، دوێنی من پۆستێکم کرد، ئاخر هەر دوێنێ پێرێ نا، پۆستەکە هێشتان لەسەر لاپەڕەکەم ‏ماوە. کەچی هەندێک ئیسلامیی درۆزن و بوختانکەر و چەواشەکەر بە زمانی بەڕۆژوو لە ‏چەند سایتێک پۆستەکەی منیان شێواندوە و نوسیویانە کە من ‏گوتوومە "باران بارین بابەتێکی ژینگەیی و جوگرافییە و پەیوەندی بە خوا و دینەوە نییە". من ‏نووسیومە کە "ئەم پرسە پرسێکی ژینگەیی و جوگرافییە نەک دینیی، بە دینیی کردنی ‏کردەیەکی سیاسییە". ڕاستە من گوتومە کە باران بارین پرسێکی ژینگەیی و جوگرافییە بەڵام ‏نەمگوتووە کە پەیوەندی بە خودا و دینەوە نییە. ئەم ئیزفە درۆزنانەی ئیسلامییەکان تەنیا بۆ ‏وروژاندنی هەستی هەندێک موسڵمان و ئیسلامیی سادەیە. ئەوەی هەناسەی پێ تەنگکردون ‏ئەوەیە کە من نوسیومە بە دینی کردنی کردەیەکی سیاسیە.‏

لە وەڵامی ئەوانە دەڵێم یاڕەبی خوا ئەو درۆیەتان لێ قەبوڵ نەکات. ئاخر ئەوە نەک هەر ‏درۆیە بەڵکو بوختان و قسە هەڵبەستنە. لە ڕاستیدا ئەمە فیتنەیە چونکە لە پشت ئەم درۆیانە ‏هاندانی خەڵکی سادەیە لە دژی من. قورئانی موسڵمانان دەڵیت "والفتنە أشد من القتل"، هەی ‏خواکەتان بتان گرێت‎.‎

دووەم، لە دوێنێوە دەیان ئیسلامیی و موسڵمان جنێوبارانیان کردوم. جارێ سەرەتا دەمەوێت ‏ئەوە بڵێم من تەنیا بە جنێوەکان پێکەنیوم باوەڕ بکەن میسقاڵە زەڕەیەک توڕە نەبووم تەنیا ئەوە ‏نەبێت کە خەمم بۆ ئێوە خواردەوە کە چەندە سادەن. لە کۆمێنتیش وەڵامی یەک کەسیانم ‏نەداوەتەوە. لێرەش لە وەڵامی ئەوان دوو شت دەڵێم، یەکێکیان ئەوەیە کە داخۆ ئەوانە لە خۆیان ‏ناپرسن ئەو هەموو جنێوە لە کوێ فێربوون، من دڵنیام لە خێزانەکانیان، لە دایک و باوکیان ‏فێرنەبوون چونکە دایک و باوکی کورد و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی سەرەڕای دواکەوتویی بەڵام ‏لە ڕووی کۆمەڵایەتیی زۆر ڕێزگرو بەئەدەب و ئەخلاقن. بۆیە دەبێت ئەو جنێوانە لە ‏دامەزراوەی دیکە فێر بووبن، دامەزراوە چەواشەکەرەکان‎.‎

هەر لەو پەیوەندە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە نوێژەبارانە تەنیا کردەیەکی موسڵمانانە نیە، پێش ‏ئیسلام، کوردیش نوێژەبارانەی کردووە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوکات ‏مرۆڤ نەیزانیوە کە هۆکاری پشت دروستبوون و دروستنەبوونی باران چیە بۆیە پەنایان بۆ ‏نادیارێک بردووە، بۆ موسڵمانان ئەم نادیارە خودایە. بەڵام ئێستا ئەم کارە بکەیت وەک ئەوە ‏وایە کە ئەگەر ڕۆژبگیرێت یان مانگ بگیرێت و تۆ بێیت نوێژ بکەیت، کە جاران دەکرا. بۆ ‏دەکرا، چونکە نەدەزانرا کە بۆ ڕۆژ یان مانگ دەگیرێن بەڵام ئێستا دەزانین بۆیە کەس نایەت ‏لە ڕۆژگیران یان مانگگیران نوێژ بکات بۆ ڕزگاربوونی ڕۆژ و مانگ‎.‎

لە کۆتاییدا دەڵێم کاکەکان من دڵم زۆر لە ئێوە گەورەترە بۆ چەواشەکاریی و درۆ و جنێوەکانتان ‏بە خواتان دەسپێرم‎. ‎
ئەوەش دەبێت بڵێم کە ئەم پۆستەی من و ئەوی پێشوتر بۆ ئەوە بوو کە مرۆڤ عەقڵی ‏بەکاربێنێت بۆ چارەسەری کێشەکانی. من نە ئیسلامییەکان نە موسڵمانانم تاوانبار نەکردووە ‏بەو گرفتە ژینگەییە بەڵکو چاوچنۆکی سەرمایەداری جیهانی و حکومەتی هەرێم ‏خەتابارکردوە. چارەسەریشم پێشنیار کردووە: خەمخۆری ژینگە بە، ژینگە پاک ڕاگرە، دار ‏بچینە، دار مەبڕە، ئاو کەم سەرف بکە، جل کەم بکڕە، شت فڕێ مەدە هتد‎.‎

دوا وتەشم ئەوەیە کاکە براکان، جنێوفرۆشە خۆشەویستەکان، من هیچ کاتێک وەک ئێوە نیم و ‏نابم. من لە دایک و باوکێکی موسڵمان لە دایکبووم کە وەک پەپولە وابوون، دەزانن بۆ؟ ‏چونکە موسڵمانی کورد بوون، بەڵام ئەو جنێوفرۆشانە موسڵمانی ئەم کۆمەڵگەیە نین و ‏هەڵگری بەهاکانی ئەم کۆمەڵگەیە نین، بە جەستە با، بەڵام بە عەقڵ و گوتار و کردار و ‏کردەوە کەوتونەتە ژێر کاریگەریی گوتار و هەژموونی ئیسلامیگەرای تورکی و عەرەبی‎.‎

واچاکە ئەوەش بزانن ئەگەر تۆ باوەڕت بە خورافەی نوێژەبارانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک ‏ئەوە مانای ئەوە نیە کە من مافی ڕەخنەگرتنم لێی نیە کاکە. لای من هیچ شتێک لە دەرەوەی ‏ڕەخنە نییە.‏

21/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر