د. شێرکۆ کرمانج
لە دنیا نەمدیوە، لە ڕاستیدا نەبووە و نابێتەوە، میدیا هەبێت بە قەد میدیای کوردی بێ سەروبەرو دژە نەتەوە. ئاخر ماقوڵ نیە میدیاکار بیت و جیاوازی لە نێوان لێکتێگەیشتن (مژکرە تفاهم) لەگەڵ ڕێککەوتن (اتفاقیە) یان پەیماننامە (معاهدە) نەکەیت. ناکرێت سەرنوسەری ڕۆژنامەیەک بیت، یان بەڕێوەبەری ماڵپەڕێک بیت جیاوازی نێوان ئەم سێ چەمک و زاراوە نەکەیت. لەم چەند ڕۆژەدا دەیانجار ئەم تێکەڵوپێکەڵ کردنەم بەرچاو کەوتووە.
لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەڵێ بەتایبەتی لەم دە ساڵە، چونکە پێشتر نە هێندە میدیای برسیمان هەبوو بۆ هەواڵ و لایک و کرتە، نە هێندە میدیای سەر بەدەسەڵات و دژە خەڵک و نەتەوەمان هەبوو، نە هێندە میدیای ژێردەستی داگیرکەرمان هەبوو، بۆیە میدیای ئێستا لە ڕادەبەدەر دژەکورد و دژەکوردستانە.
ئێمە گەلێکین بێدەوڵەت، بێدۆست، بێپشتیوان، ئاخر ناکرێت ئەمە ڕەچاونەکرێت و میدیا ببێتە تابوری پێنجەم لە دژایەتیکردنی گەل و نیشتیمان و ڕوخاندنی ورە و ئیرادەی خەڵک.
هەموومان دەزانین کە ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان تورکیا و فەنلەندا و سوێد باش نیە و لە زەرەری گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد و ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکانییەتی بەڵام تۆ کاتێک دێیت ئەم لێکتێگەیشتنە دەکەیت بە ڕێککەوتن ئەوە هێندەی دیکە ورە و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دێنیتەخوارەوە. من لەگەڵ ئەوەدام کە ڕاستییەکان بگەیەنرێن چونکە گەلی ئێمە زۆر پێویستی بەوە هەیە کە لە وەهم نەژیێت، بزانێت کێ دۆست و کێ دوژمنییەتی، بزانێت دۆستەکان تا کوێ لەگەڵیدان و لە کوێ لەگەڵی دانین.
بەڵام ناکرێت تەنیا لەبەرئەوەی کە دژە پەکەکەی بێیت لێکتێگەیشتن بکەیت بە ڕێککەوتن. ناکرێت تەنیا بۆ ترساندنی خەڵک یان بۆ بەدەستهێنانی لایکی زیاتر ئەم کارە بکەیت.
لێکتێگەیشتن هیچ هێزێکی یاسایی نیە ئەگەر لەژێر چەتری لێکتێگەیشتن هەنگاوی دیکە نەهاوێژرێت و لێکتێگەیشتنەکە بەیاسا ڕێکنەخرێت و ڕێککەوتن و پەیماننامەی بەدوادا نەیەت. بۆیە ئەرکی میدیا ئەوەیە کە قسە لەسەر ئەمە بکات نەک لێکتێگەیشتن بکات بە ڕێککەوتن دوو سەعات دوای واژۆکردنی.
دواتر هەموومان دەزانین کە سوید و فەنلەندا دەیانەوێت ببن بە ئەندام لە ناتۆ و تورکیا ڕێگربوو، بۆیە بۆ دەربازبوون لەو گرێیە دەبووا شتێک بکەن کە تورکیا لەسەر ڕێگەکە لادەن.
لێرە دەمەوێت زۆر بە کورتی بڵێم کە ئەم لێکتێگەیشتنە چیمان پێدەڵێت:
یەکەم، دەوڵەت-نەتەوە لە دوای کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا لە هەموو کات و سەردەمێک زیاتر لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی/نیشتیمانیی خۆیان تەماشای بەرژەوەندییە ناوخۆ و هەرێمیی جیهانییەکان دەکەن.
دووەم، ئەو وەهمە کە لای هەندێک کەس و لایەن دروستببوو لەسەر بەسەرچوونی دەوڵەت-نەتەوە ڕەوییەوە.
سێیەم، خەباتی چەکداریی لەکەیەکە بە ناوچەوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کە تا دەستبەرداری نەبێت هەمیشە لەدژی کورد و کوردستان وەک دوێنێ بەکارهات سبەیش بەکاردێت بۆ لێدانی کورد بۆ بێهاوڕێکردنی کورد بۆ بێدۆستکردنی کورد بۆ ناوزڕاندنی کورد.
چوارەم، ئەم پەرشوبڵاوییەی کورد و کوردستانیان کە لە میدیا و سۆشیالمیدیا زۆر بە زەقی دەردەکەوێت، کە گوایە دەربڕیی فرەیی کۆمەڵگەی کوردستانییە، درۆیەکی گەورەیە. هەموو کۆمەڵگەیەک پڕە لە فرەیی و فرەجەمسەریی بەڵام کاتێک بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دێتەگۆڕێ هاوگوتاریی و یەکڕیزیی و هاوبەرژەوەندی و هاودیدی دەبن بە جێگرەوەی فرەیی.
بۆ کورد تێگەیشتن لەم ڕاستییانە و سەدانی دیکە زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم جۆرە پێشهاتە و سەدانی دیکە کە لە دواڕۆژ دێنە پێشمان.