لە ئەمریکا چی ڕوودەدا

د. شێرکۆ کرمانج

دوێنێ کۆمەڵێک لە پشتیوانی"کەرانی" ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، هەندێکیان چوونە ژوور و ڕاڕەوەکانی کۆنگرێس. ئەم هێرشەی ئەو گروپە کە هەندێک وەک تێرۆریست‌و هەندێک وەک ئاژاوەگێڕو شەڕانگێز ناویان دەبەن زۆر پرسیاری وروژاندوە. یەکێک لەوانە، هۆکاری پشت ئەم هێرشانە چین. لێرە لەم پۆستە کورتە ناکرێت هەڵوێستە لەسەر هەموو هۆکارەکان بکرێن، بەڵام من پێموایە هۆکاری هەرە سەرەکی بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنی سەرابگەراییە (وهم illusion) کە ترەمپ ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە لە گەشەپێدانی، نەک دروستکردنی چونکە سەرابگەرایی، باوەڕبوون بە سەراب، شتێکی نوێ نیە لە مێژووی مرۆڤایەتی.
مرۆڤ لەوەتەی هەیە باوەڕی بە سەراب، غەیب، شەبەح، جنۆکە هەیە. ترەمپ لە پێگەکەی خۆی چ وەک سەرۆک چ وەک بیزنیسمانێک پێش بوونی بە سەرۆک و دوای بوونی بە سەرۆک کاری لەسەر بڵاوکردنەوەی سەراب کردوە بە دوو شێوە.

یەکەم، سەراب و وەهم بکات بەڕاستیی، وەک دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی پارساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا. ئەمەش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بانگەشەو هەڵبەستنی دنیایەک درۆ کە تەزوریرو ساختەکاریی لە دەنگدان‌و هەڵبژاردنەکان کراوە.

دووەم، بەسەرابکردن‌و بەوەهم کردنی ڕاستییەکان، وەک گەرمبوونی زەوی‌و کارەساتە ژینگەییەکان. ئەمەش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی قسەوقسەڵۆکی وا کە گەرمبوونی زەوی بانگەشەیەکی دیموکرات و لیبرالەکانە هیچ بنەمای نیەو هەوڵدانی بۆ چارەسەرکردنی بە زەرەری ئەمریکییەکان دەشکێتەوەولە قازانجی چین‌و وڵاتانی دیکەیە.
پرسیار ئەوەیە ترەمپ و نمونەکانی چۆن دەتوانن ئاوا بە سانایی گاڵتە بە عەقڵی خەڵک بکەن. بەڕای من هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ قوڵنەبوونی بیرکردنەوەی خەڵکێکی زۆر لە جیهان، لە وڵاتێکی پێشکەوتوی وەک ئەمریکا بگرە تادەگاتە هەرێمێکی دواکەوتو وەک کوردستان.

مەبەستم لە قوڵنەبوون لە بیرکردنەوە لاوازی یان نەبوونی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە لەگەڵ لاوازی یان نەبوونی بیرکردنەوەو کارکردنی لۆجیکانەیە. ئەو مرۆڤانەی کە قوڵ بیرناکەنەوەو توانای ڕەخنەگریان کەمەو نازانن لۆجیکانە بیربکەنەوە یان کاربکەن بە ئاسانی باوەڕ بەو شتانە دەکەن کە دەیانبینن یان دەیانبیستن.
لاوازی یان نەبوونی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لۆجیکانەش هۆکاری هەرە سەرەکین لە پشت باوەڕهێنان بە تیوری پیلانگێڕیی. ئەمەش پرسیارێکی دیکە دێنێتەپێش کە ئەی بۆچی هەوڵی دروستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو لۆجیکانە نادەین. وەڵامی ئەمەش ئاوا بەسانایی نیە و هۆکاری زۆر لە پشتین بەڵام من دوو هۆکار بە سەرەکی دەبینم:

یەکەم، خەڵکانێکی زۆر تەمبەڵ‌و تەوەزەلن توانای گەڕانیان بە دوای ڕاستییەکان‌و بیرکردنەوە نیە بۆیە بەدوای وەڵامی حازبەدەست دەگەڕێن کە لە ڕۆژگاری سۆشیال‌ میدیاو ئینتەرنێتدا وەدەستهێنانیان زۆر ئاسانە. دیارە من لێرە مەبەستم لە تەمبەڵی تەوەزەلی ئەوە نیە کە ئەم دوو دیاردەیە یان خەسڵەتە کارەکتەری سروشتیی مرۆڤ بن چونکە تەمبەڵی‌و تەوەزەلیش هەر بەرهەمی سیستەم‌و کۆمەڵگاو دامەزراوەکانە کە وابەستەن بە خاڵی دووەم.

دووەم، لایەن و دامەزراوە، لەوانە حیزب‌و دەوڵەتیشیان تێدایە، کە لە قازانجیان دایە مرۆڤەکان کۆلەوار بن‌و توانای ڕەخنەو بیرکردنەوەی لۆجیکانەیان نەبێت چونکە مرۆڤی وریاو خاوەن پرسیارو بیرکەرەوە هەڕەشەیە لەسەر ئەو جۆرە لایەن‌و دامەزراوانە.

بەکورتی کێشەکە لەوەدایە کە چەندە لایەن‌و دامەزراوەو ڕێکخراو لەم دنیایە هەن کە کار لەسەر برەودان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدەن هێندەش هەن کە بیرکردنەوەی ڕخنەگرانە دەکوژن. تا ئەو ڕۆژەیە بەرەی یەکەم بەسەر بەرەی دووەمدا زاڵ دەبێت کە لەوانەیە سەدان ساڵی پێ بچێت، لەوانەشە هەر ڕوونەدات یان بەرەی دووەم براوە بێت، ئەوە مرۆڤایەتی باجی باوەڕهێنان بە سەراب و غەیب و شەبەح‌ تیوری پیلانگێڕیی دەدات.


07/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر