د. شێرکۆ کرمانج
کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکردو شایی سەرکەوتنی گێڕاو هەڕشەی لە هەرچی نەیاری خۆی هەبوو لە ناوچەکە دەکرد، ئێران یەکێک لەو نەیارانە بوو کە ئامادەی ملکەچکردن بوو بۆ ئێران. ئەوکات هەندێک ڕاپۆڕت باسیان لەوە دەکرد کە ئێرانیەکان بە ئەمریکییەکانیان گوتوە کاغەزی سپی ئیمزا دەکەین بۆ هەر داوایەک کە هەیانبێت تەنیا لەبەرابەر دەرهێنانی ئێران لە لیستی وڵاتە لاسارەکان (rogue states). گوایە ئێران ئامادەیی دەربڕییبوو کە هاوکاری حەماس و حیزبوڵاش ببڕێت. دیک چینی، کە ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو و دۆسییەی عێراقی بەڕێوەدەبرد، بە ئێرانییەکانی گوتبوو ئێمە قسە لەگەڵ شەیتان ناکەین، بە واتایەکی دیکە نۆبەی ئێوەش دێت.
دەوران سوڕا، ئەمریکییەکان بە پەلەپڕوسکێ لە ٢٠١١ عێراقیان جێهێشت. ئێرانییەکان لە ڕێگەی کۆنە دۆستەکانیان لەنێو حزبی دەعوە، ڕێکخراوی بەدر، مەجلسی ئەعلا، هاوکات لەڕێگەی دامەزراندنی چەندین میلیشیا وەک عەسائیب ئەلحەقو هاوکاریکردنی جەیشی مەهدیو گروپە تیرۆریستییە سوننییەکان ڕۆڵی کاریگەریی گێڕاو بینی لە لاوازکردنی پێگەی ئەمریکییەکان لە عێراق.
لەوکاتەوە ئێرانییەکان هێزی باڵادەستە لە عێراق لەسەر ئەرزی واقیع. ئێستا ماوەیەکە هەم ئەمریکییەکان هەم وڵاتانی عەرەب لەڕێگەی یارمەتیدانی جادەی عێراقی (وەک پشتیوانیکردنی لە خۆپیشاندانەکانی تشرین)، هاوکات، پاڵپشتیکردن لە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، مستەفا کازمی، دەیانەوێت کەم تا زۆر پێگەی ئێران لە عێراق لاواز بکەن.
یەکێک لەو ململانێیانەی کە ئەمڕۆ لە عێراق ڕەهەندی نێودەوڵەتی وەرگرتوە بودجەو قەرزو نرخی دیناری عێراقە.
لێرە دەمەوێت هەندێک قسە لەسەر پرسی بودجەو پەیوەندی بە ئێرانەوە بکەم بەڵام دەبێت ئەوە بگوترێت کە پرسی بودجە لە عێراق ڕەهەندی دیکەشی هەن تەنیا وابەستەی ئەم هۆکارە نیە.
ئێران بۆ دژایەتی تێپەڕاندنی بودجە دەکات، هۆکار زۆرن لێرە ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین:
یەکەم، لەگەڵ هاتنی کازمی ئێران هەست بە مەترسی لەسەر پێگەی خۆی کردوە چونکە کازمی وەک کەسێکی نزیک لە ئەمریکییەکانو وڵاتانی عەرەبی سوننە ناسراوە. ئێران پێیوایە تێپەڕاندنی بودجە پێش هەڵبژاردنە پێشوەختە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق لەوانەیە ببێتە مایەی بەهێزکردنی پێگەی کازمیو ئەو حزبە، یان ئەو هاوپەیمانییەی، کە دەیەوێت پێکی بێنێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان. هەم ئێران هەم لایەنە شیعییە نزیکەکان لە ئێران پێیانوایە کازمی دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکان چەند دەستکەوێت بۆ خەڵک بەدەستبێنێتو بە ئەرێنی لە هەڵبژاردنەکان بۆی بشکێتەوە. ترسی ئەوەشیان هەیە کە بڕێک لە بودجە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە سودی خۆی بەکاربێنێت. کێشمەکێشەکانی سەر بودجە لەم ململانێیە بەدەر نین.
دووەم، هەندێک لایەنی شیعی نزیک لە ئێران داوای بەرزکردنەوەی نرخی دینار دەکەن. دیارە لایەنو کەسانی دیکەش هەن کە ئەم داوایەیان هەیەو پێیانوایە کە خەڵک توانای کڕینی نزمبۆتەوەو زەرەرمەندە. بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت هەندێک لایەنی شیعە کردویان بە پێشمەرج بۆ تێپەڕاندنی بودجە چونکە ئێران زەرەرمەندی یەکەمە لە دابەزینی نرخی دیناری عێراقی، ئەویش لەبەر کەمبوونەوەی هەناردەکردنی کەلوپەلەکانی ئێران بۆ عێراق. دابەزاندنی دینار داوا لەسەر کەلوپەلی ئێرانی کەم دەکات چونکە ئێران ساڵانێکە لە ئاکامی ئەو گەمارۆ ئابورییەی ئەمریکا خستویەتیە سەری نرخی تومەنی دابەزیوەو ئەمەش وایکردوە کە شتومەکی ئێرانی هەرزابێتو داوای زیاتری لەسەر بێت. بۆیە ئێرانو لایەن نزیکەکانی ئێران بەرزکردنەوەی نرخی دیناریان کردوە بە پێشمەرجێک.
سێیەم، کاتێک نرخی دینار بەرزبوو هەلێکی چاک بۆ هەندێک بازرگانی عێراق، کە ئێران لە پشت هەندێکیانەوە بوو، ڕەخسابوو بۆ سپیکردنەوەی پارە. ئێران لە دۆخی گەمارۆ ئەم هەلەی دەقۆستەوە بۆ وەدەستهێنانی دراوی گرانبەها. بۆیە گێڕانەوەی نرخی دینار بۆ ئاستەکانی جارانی کراوە بە پێشمەرجێک لەلایەن هەندێک لایەن بۆ بەردەوامدان بە سپیکردنەوەی پارە.
چوارەم، کازمی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردو ڕێکەوتنێکی سەرپێیانەی لەگەڵ ئوردنو میسر ئیمزا کردوە بۆ کڕینی کارەبا لەبەرابەر نەوت. دیسان ئێران زەرەرمەندی سەرەکییە لەم ڕێکەوتنە چونکە ئێران ساڵانێکە کارەبافرۆشی یەکەمە بە عێراق. تێپەڕاندنی بودجە دەرگا بەڕووی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنەی عێراقو میسرو ئوردن دەکاتەوە، بۆیە ئێران حەزناکات بودجە تێپەڕێنرێت.
پێنجەم، تێپەڕاندنی بودجە ڕێکەوتنی هەرێمو بەغدای لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بارودۆخی هەم هەرێم هەم عێراق لە ڕووی ئابوریو گەشەکردنەوە تا ڕادەیەک ئاسایی دەکاتەوە. ئێران لەم دۆخەی ئێستادا وڵاتگەلی وەک عێراقو هەرێمی لێ دەرچێت کەسی دیکە شک نابات بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی، بۆیە حەزناکات بودجەیەک تێپەڕێنرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێم لەلایەکو کازمی لەلایەکی دیکە بێت. بۆ ئەم کارەش لایەنە شیعییە نزیکەکانی ڕاسپاردوە کە هەموو ڕێگرییەک بکەن لە بوجەیەک کە هەرێم لێی سودمەند بێت.