تورکیا و بابم لۆجیکێکی سادە

د. شێرکۆ کرمانج

لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم ١٩٩٢ من لە کوردستان نەبووم. لە ١٩٩٧ بۆ یەکەمجار لە ئاوارەییەوە، لە ئوسترالیاوە، گەڕامەوە کوردستان. لە بابم پرسی دەنگت دا بە کێ؟ بابم گۆتی وەڵا کوڕم ئەوانە ھەموو وەکی یەکن لە باشەو لە خراپە. گۆتی تا ڕۆژی ھەڵبژاردن بڕیارم نەدابوو دەنگ بە یەکێتیی دەدەم یان پارتی، بەس ئەو ڕۆژی سبیانەکەی مامت، مام ڕەسول، لە مەخمورە ھاتبوو لێرە لە ھەولێرێ دەنگ بدات. گۆتی ئەمنیش لە مامتم پرسی ئەخباری سەیتەرەی چیە؟ مامت گۆتی وەڵا ئەوەی بیانزانیبوایە دەنگ بە پارتی دەدا ئیزنیان دەدا، ئەوەشی بیانزانیبا دەنگ بە یەکێتیی دەدا دەیانگێڕایە. بابم گۆتی، ئەمنیش لەبەرخۆمەوە گۆتم دەوەڵاھی دەبی یەکێتیی باشتر بی مادام حکومەت ئەوی پێ خراپە، وەڵا چووم دەنگمدا بە یەکێتیی.
لەم ماوەیە، لە یادی دەستگیرکردنی ئۆجەلان، پۆستێکم کرد و وێنەیەکی ئۆجەلانم لەگەڵ داناو داوای ئازادیم کرد بۆ ئۆجەلان، لەماوەی کەمتر لە پێنج دەقە پۆستەکە لادراو فەیسبووک سێ ڕۆژ سزای دام. 
بەو لۆجیکەی بابم بێت، دەبێت ئۆجەلان باش بێت بۆیە دەوڵەتی تورک دژیەتی.
ئەم لۆجیکە سادەیەو مەرج نیە و ناکرێت ھەمیشە لەسەر ئەم بنەمایە پرسەکان یەکلابکرێنەوەو بڕیار لەسەر ئەم بنەمایە بدرێت، بەڵام ڕاستیشی تێدایە، ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان دژی بن لەوانەیە باش بن بۆ کوردستان.
دیارە یەکێتیی لە ١٩٩٢ ەوە بە ئاقارێکی دیکە ڕۆیشتوە، بەڵام بۆ ئەوکات لۆجێکەکەی بابم پێدەچێت ڕاستبووبێت 
بەھەرحاڵ، ئەم بەسەرھاتانە ئەوەمان بۆ ڕون دەکەنەوە، کە نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبێت خەڵکەکەی ناتوانن داوای ئازادی بۆ ڕابەرەکانیشیان بکەن، ناتوانن بە ئارەزوی خۆیان دەنگ بدەن.
ھاوکات، ئەوەش دەردەخات کە کۆمپانیا گەورەکان، ئەوانەی بە بیگ کۆرپۆرەیشن ناسراون، وەک ھەر دامەزراوە یان دەوڵەتانی دیکە، تەنیا بکەرە دەوڵەتیەکان دەخوێننەوە، ئەگەر وانیە خۆ ئۆجەلان نە ھیتلەرە نە مۆسۆلۆنی، نە موبارەکە نە ئەسەد نە سەدام، نە دیکتاتۆرە نوێکانی چین و ڕوسیا و تورکیاشە، ئەی بۆ دەبێت وێنەی ئەو قەدەغە بێت لە فەیسبووک بەڵام وێنەی فاشیست و دیکتاتۆرو مرۆڤکوژەکانی سەدەکانی بیست و بیست و یەک قەدەغە نەبن.
بێ دەوڵەتی نەتەوە دەکاتە دەرەوەی مێژوو، دەیکات بە پەراوێز، دەیکات بە بکەرێکی بێ بکەرو بێ کردار.

01/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر