د. شێرکۆ کرمانج
ئێران لەم فۆڕمەی ئێستادا، مەبەستم بەو ستراکتۆرەی کە ئێستا دەوڵەتی ئێرانی لەسەردا داڕێژراوە، نەک هەڵبژاردنێک بەڵکو سەد هەزار هەڵبژاردن بکات نابێت بە دیموکراسی.
هۆکار لە پشت ئەمە زۆرە بەڵام من لێرە پەنجە لەسەر یەک هۆکار دادەنێمو هەندێک شیکاری دەکەم.
دەوڵەتی ئێران وەک لە وێنەی هاوپێچ دەردەکەوێت لە دوو جۆر دامەزراوە پێکهاتووە.
یەکەم، دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان (کەسکەکان)، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، وەک:
- پەرلەمان
- سەرۆک کۆمار
- مەجلیسی شارەزایان (مجلس خبرگان)
دووەم، دامەزراوە دانراوەکان/تەعینکراوەکان (شینەکان)، کە بەگشتی لەلایەن ڕابەری شۆڕش یان دامەزراوەی دیکەی دانراو دادەنرێن، وەک:
- ڕابەری شۆڕش
- مەجلیسی چاودێریی (شورای نگهبان)
- مەجلیسی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام (مجمع تشخیص مصلحت نڤام)
- دادوەریی
کێشەکە لە چیدایە؟ کێشەکە لەوەدایە کە دامەزراوە دانراوەکان، واتە ئەوانەی کە لەلایەن ڕابەرەوە کەسەکانی دیاریدەکرێن دەسەڵاتیان زۆر لەوانە زیاترە کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. لەڕاستیدا ئەو دامەزراوانەی کە هەڵیشدەبژێردرێن کەسە کاندیدەکانیان دەبێت سەرەتا بە فلتەری ئەو دامەزراوانە تێپەڕبن کە لەلایەن ڕابەرەوە دیاریدەکرێن.
با بە هەندێک نمونە پرسەکە ڕونتر بکەینەوە. بۆنمونە، سەرۆک کۆمار. ڕاستە سەرۆک کۆمار لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت بەڵام هەر کەسێک خۆی کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنەکان پێشتر دەبێت لەلایەن مەجلیسی چاودێریی (شورای نیگهبان) و ڕابەری شۆڕش (خامەنەئی) ڕەزامەندی وەرگرن. لە هەڵبژرادەنەکانی ئەمڕۆ دەیان کاندید لەلایەن شورای نیگهبان و ڕابەری شۆڕش ڕەتکرانەوە، لەوانە: ئەحمەدی نەژاد.
با نمونەیەکی دیکە باس بکەین. ڕاستە پەرلەمان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت بەڵام هەموو کاندیدێک بۆ پەرلەمان بە هەمان پڕۆسەی سەرۆک کۆمار تێپەڕدەبێت، واتە دەبێت ڕەزامەندی شورای نیگهبان و ڕابەری شۆڕش وەربگرێت ئینجا خۆی کاندید بکات. بێجگە لەمە، هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەرچێت دەبێت لەلایەن شورای نیگهبان ڕەزامەندی لەسەر بدرێت.
ئەگەر هێشتا ڕون نیە با حاڵەتێکی دیکە باس بکەم. مەجلسی شارەزایان (مجلس خبرگان) کە لە حاڵەتی مردنی ڕابەری شۆڕش دەتوانن ڕابەرێکی دیکە هەڵبژێرن، واتە ئەو مەجلیسە بەهێزەی کە ڕابەری ئێران دیاری دەکات، خۆی ئەندامەکانی پێش هەڵبژاردن هەر هەموویان دەبێت بە فلتەری شورای نیگهبان و ڕابەر خۆیدا تێپەڕ بن. با ڕونتر بڵێین، ئێستا هەموو ئەوانەی ئەندامن لە مەجلسی خبرگان دوای ڕەزامەندی ڕابەری ئێستا، خامەنەئی، بوون بە ئەندام لە مەجلیسەکە. سبەی کە ئەو دەمرێت ئەوان کەسێک هەڵدەبژێرن کە هەر ئێستا خامەنەئی ڕەزامەندی لەسەرە، وەک کاندیدی ئەمڕۆی سەرۆک کۆمار، ئیبراهیم ڕەیسی. لە ڕاستیدا کاندیدکردنو بردنەوەی ڕەیسی، کە مسۆگەرە، بۆ ئەوەیە کە بکرێت بە ڕابەری شۆڕش دوای مردنی خامەنەئی.
لەسەرەوە بۆتان دەرکەوت کە شورای نیگهبان چەندە دەسەڵاتدارو دەسەڵاتزاڵە. جا ئەو دامەزراوە بەهێزە لە دوازدە ئەندام پێکدێت کە شەشیان مەلان و شەشیان دادوەر. لەنێویاندا هەر شەش مەلاکە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕابەری شۆڕش، واتە، خامەنەئی دادەنرێن.
ئەم ڕاستییانەی سەرەوە زۆر شت دەردەخەن بەڵام دووانیان زۆر گرنگن:
یەکەم، ڕابەری شۆڕش لە ئێران بەرزترین دەسەڵاتە لە ئێران کە خۆی خۆی هەڵدەبژێرێت تەنانەت ئەگەر بشمرێت.
دووەم، ئێران بەو فۆڕم و سترەکچەرەی کە ئێستا هەیەتی هەرگیزاو هەرگیز نابێتە دیموکراسی.