دیموکراسخواز و ڕۆژنامەنوسی فاشیست‏

د. شێرکۆ کرمانج
دەوڵەتی نوێی تورکیا دوو ساڵی دیکە تەمەنی دەبێت بە سەد ساڵ. ئەو دەوڵەتە لەسەر دەستی ‏فاشیستێک، کەمال ئەتاتورک، دامەزراوە، بۆیە ئەگەر لەسەرەتای دامەزراندنی کردارو ڕەفتاری ‏فاشیستیانەی کردبێت‌و لەخۆنیشاندابێت لەوانەیە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت. بەڵام کاتێک ‏هەمان دەوڵەت لەو قۆناغانەی کە بکەرە سەرەکییەکانی شانازی بەوە دەکەن کە ئەو جۆرە ‏ڕەفتارانەیان تێپەڕاندوەو کرداری فاشیستانە ئەنجام نادەن‌و ڕەخنە دەکەن، ئەوە جێگەی ‏تێڕامانە ئەگەر سەرسوڕمانیش نەبێت کە ئەو بکەرانە هەمان کردارو ڕەفتار دووبارەبکەنەوە.‏
لەم بابەتە کورتە دەمەوێت ئاماژە بە دوو ڕووداو بکەم کە فاشیست بوونی نەک فاشیستە ‏ناسراوەکانی تورکیا نیشان دەدات بەڵکو فاشیستبوونی بەناو دیموکراسخوازەکانی تورکیا ‏دەخاتەڕوو.‏
تورکیا دوای دامەزراندنی لە ١٩٢٣ تا دوای شەڕی دووەمی جیهانی، واتە بۆ ٢٣ ساڵ، هەڵبژاردنی ‏دیموکراسی بەخۆیەوە نەدیت. لە ١٩٤٦‏، لە یەکەمین هەڵبژاردندا هەر حیزبەکەی کەمال ‏ئەتاتورک، پارتی کۆماری، بەسەرۆکایەتی عیسمەت ئینینۆ، هاتنەوە سەرحوکم. بۆیە لە ١٩٥٠، ‏کاتێک حیزبی دیموکرات بە ڕابەرایەتی جەلال بەیار و عەدنان مەندەریس هەڵبژاردنیان بردەوە، ‏دەکرێت وەک یەکەمین سەرەتای دیموکراسیبوونی تورکیا تەماشابکرێت. سوپای تورکیا لە ‏ڕێگەی کودەتایەکەوە لە ١٩٦٠ کۆتایی بە سەردەمی بەناو دیموکراسی تورکیا هێنا. لەوکاتەوە دوو ‏کودەتای دیکەی سەربازی کراوە، لە ١٩٧١ و  ١٩٨٠ دا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەرباز یان ‏ڕاستەوخۆ لەسەر حوکم بوون‌، یان ناڕاستەوخۆ لە پشت پەردەوە دەسەڵاتیان بەسەر ‏حکومەتە مەدەنیە لاوازەکانەوە دەسەپاند. لە ٢٠٠٢، کاتێک ئەردۆگان هاتە سەر حوکم، ‏خەڵکێکی زۆر پێیانوابوو کە ئەوە سەرەتایەکی نوێیە بۆ دیموکراسی تورکیاو دوورکەوتنەوە لە ‏سەرباز و فاشیەت. بەڵام ڕووداوەکانی دوای ٢٠١٥ ی باکوری کوردستان‌، بەتایبەتی دوای ‏شکستی بەناو کودەتا سەربازییەکەی ٢٠١٦، دووبارە ماهیەتی دەوڵەتی فاشی تورکیان ‏خستەوەڕوو.‏
وەک گوتم، من لێرە تەنیا ئاماژە بە دوو دەرکەوت دەکەم، لە دوو قۆناغە بەناو ‏دیموکراسیەتەکەی تورکیا، قۆناغی مەندەریس و قۆناغی ئەردۆگان، بۆ نیشاندانی ماهیەتی ‏فاشیستبوونی دەوڵەتی تورکیا.‏
یەکەم، موسا عەنتەر، نوسەرو ڕوناکبیری کورد لە باکوری کوردستان، کە خۆی بەدەستی ‏دەستەبزرەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە ١٩٩٢ تیرۆرکرا، لە بیرەوەرییەکانی بەبەڵگە ‏دەگێڕێتەوەو دەڵێ، لە کۆتایی پەنجاکان کاتێک حیزبی دیموکرات بە ڕابەرایەتی عەدنان مەندەریس ‏و جەلال بەیار لەسەر حوکم بوون لە کۆبوونەوەیەکی باڵای دەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن ‏ئەگەر لە تورکیا هەزار ڕوناکبیری کورد بکوژن ئەوە بەلای کەمەوە پرسی کورد بۆ ٣٠ ساڵ ‏دەگەڕێتەوە دواوە. موسا عەنتەر لە درێژەی گێڕانەوەکەی دەڵێت لە کۆبوونەوەکە کەسێک ‏دەڵێت، ئێوە ناترسن ئەگەر کارێکی لەو شێوە بکەین ئەوە کوردستان وەک جەزائیری لێبێت، ‏واتە خەڵک ڕادەپەڕن، لەوێ خوای دیموکراسخوازی تورکیا، عەدنان مەندەریس دەڵێت، با ئێمە ‏هەموویان بەسەریەکەوە لەناونەبەین تاوەکو دەنگۆی گەورەی لێنەکەوێتەوە بەڵکو لەڕێگەی ‏دەوڵەت‌و یاساوە ئەم کارە بکەین، ئەویش بە گرتن‌و دادگاییکردنی هەر جارەی ٥٠ کەسیان و لە ‏سێدارەدانیان، ئیدی بەردەوام دەبین تا هەزار ڕوناکبیر لەناودەبەین. ‏
بەپێی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر، یەکەم گروپ لەو پەنجا کەسە زۆری پێناچێت بەبنەما ‏لەسەر ئەو بڕیارە دەستگیردەکرێن، کە موسا عەنتەر خۆی یەکێک بووە لەوان. دیارە ‏پێشئەوەی دەزگا ئەمنییەکان ئەو پەنجا کەسە لەناو ببەن کودەتای سەربازی دەکرێت‌و ئازاد ‏دەکرێن بەڵام دەوڵەت بەشێوەیەک لە شێوەکان لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام دەبێت. لەو ‏سەد ساڵەی تەمەنی دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە هەزار ڕوناکبیری کورد لە تورکیا تیرۆرو ‏شونبزرکراون. ‏
دووەم، ئەردۆگان کاتێک هاتە سەر حوکم بە سیاسەتی کرانەوەو چارەسەری پرسی کورد خۆی ‏لەوانی دیکە جیادەکردەوە کەچی ئێستا لە گرتن‌و کوشتن‌و زیندانیکردنی چالاکوان‌و سیاسەتوان‌و ‏ڕوناکبیرانی کورد هیچی لەوانەی پێش خۆی کەمتر نەکردوە ئەگەر زیاتری نەکردبێت. ئێستا بۆ ‏ناشیرنکردنی هەدەپە، تاکە گەورە ڕێکخراوی کوردی لە باکورو بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی لەو ‏وڵاتەو تاکە حیزبی کوردی کە توانیبێتی بەربەستی ١٠٪ ی هەڵبژاردن ببڕێت‌و بەشدار بێت لە ‏پەرلەمانی تورکیا، ئەوە هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ بەتاوانکار (‏criminalization‏) ‏نیشاندانی هەدەپە. لەم حەفتەیەدا ئیدی دادگای تورکیا قەبوڵی تەماشاکردنی کەیسی داخستنی ‏هەدەپەی داو لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیک پارتەکە دابخەن. ‏
هەر بۆ تاوانبارکردن‌و تۆمەتبارکردنی هەدەپە ڕۆژنامەکانی تورکیا، لەجیاتی بەرگریکردن لە ئازادی ‏ڕادەربڕین، وەک دیموکراسخوازەکانی تورکیا هاتوون هەدەپە وەک پڕۆ-پەکەکە لەقەڵەم دەدەن ‏نەک پڕۆ-کورد، ناوێک کە تەواوی میدیای دنیا تا ئێستا بەسەر هەدەپەیاندا بڕیوە. ئەم هەوڵە ‏بۆ ئەوەیە کە ئەندامبوون لە هەدەپە وەک پەکەکە، کە لە تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ‏ناسراوە، بکرێت بە تاوان‌و سزا بیانگرێتەوە.‏
بۆیە لە دەوڵەتێک کە دیموکراسخوازەکانیان پلانی تیرۆری دەستەجەمعی دابڕێژن‌و ‏ڕۆژنامەنوسەکانیان حیزبی مەدەنی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەدبکەن ئەوە نەک هیچ ‏فەزایەک بۆ سیاسەتکردن نیە بەڵکو قسەکردن لەسەر پێکەوەژیان لە وڵاتێکی وادا درۆیەکی ‏گەورەیە.

23/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر