دەڵێن "ئەمریکا بێ ئەخلاقە" بۆ؟

د. شێرکۆ کرمانج
وەڵا ئەفغانیەکانی بەجێھێشت، لەوانەیە سبەی ئێمەش بەجێبێڵێت...
منیش دەڵێم واز لە ئەفغانستان بێنن با دوو قسە لەسەر ھەرێمەکەی خۆمان بکەین:
ھەرێم زادەی سیاسەت و کرداری ئەمریکایە لە ناوچەکە، لەبەر خاتری کورد نا، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵام ئیدی ئەوەی بۆ کورد لێکەوتۆتە. 
شەڕی کوێت و لێدانی عێراق نەبا، ڕاپەڕین ڕووی نەدەدا.
ناوچەی دژە فڕین و ئارام نەبا، ھەرێم دروست نەدەبوو.
ئەمریکا نەبا لەوانەبوو ئێستاش شەڕی ناوخۆ بەردەوام با.
ئەمریکا نەبا، تورکیاو ئێران لەمێژبوو ھەرێمیان قوت دەدا.
ئەمریکا عێراقی نەڕوخاند با، ھەرێم بەھێز نەدبوو و نەدەبووە ھەرێمێکی فیدڕاڵ.
ئەمریکا نەبا، بای داعش ھەرێمی دەبرد.
سی ساڵە ئەمریکا بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پارێزگاری لە ھەرێم دەکا.
سی ساڵە پێماندەڵێن یەک بن، خۆتان ڕێکخەن، ھێزی پێشمەرگە یەکخەن و بیکەنە ھێزێکی تۆکمەو پڕۆفیشناڵ، کەچی ئێمە نامانەوێت یەک بین، نامانەوێت ڕەگ داکوتین... 
ئاخر لە کوێی دنیا بینیوتە ھەرێمێک دە ملیار دۆلار بوجەی بێت (لانیکەم لە ٢٠٠٤ ەوە تا ٢٠١٤) کەچی حکومەت نە ئاو نە کارەبای پێ دابین نەکرا.
لە کوێی دنیا دیوتە حکومەتێک نیو ملیۆن بەرمیل (لانیکەم لە ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا) ھەناردەی دەرەوە بکا کەچی نەتوانێت موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکا.
دوای بیست و سێ ساڵ لە ڕاگرتنی شەڕ، ئەویش ھەر بە فشاری ئەمریکا، کەچی تا ئێستا ھەرێم دوو ئیدارەیە.
گەندەڵی و فەسادی ئەخلاقی باڵی بەسەر ھەموو جومگەکانی حوکمڕانی کێشاوە، وەک ئەفغانستان. 
ئاخر ئەمریکا چیت لێبکا دوای سی ساڵ نەتوانیت بەرگری لە خۆت بکەیت. ھیوادارم کەس لێرە پرسی بەرگری لە ڕووی ھاوسەنگی ھێزی سەربازی لێکنەداتەوە، ئێمەش دەزانین وڵاتانی دراوسێ لە ڕووی چەک و تەقەمەنیەوە لە ھەرێم بەھێزترن بەڵام دەبا حکومەت لەم سی ساڵە گەلێکی وای سازکردبا کە ئامادەی بەرگری تێدابێت لە خۆی و ڕەتی دەسەڵاتی ئەوانی دیکە کردبا، ئەمەش ھەموومان دەزانین بە چی دەکرا، بەکورتی، بە نەکردنی ھەموو ئەو شتانەی سی ساڵە دەیکا. 
ئاخر بیکەن بە خاتری خوا، ئەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم کردویانە بێ ئەخلاقیە یان ئەگەر سبەی ئەمریکا بەجێمان بێڵێت بێ ئەخلاقیە؟

16/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر