د. شێرکۆ کرمانج
١-٣
کوردەکان بەگشتی، خەڵک، پارتییەکان، بەکوردەکانی ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقیشەوە، لەسەرەتا پشتیوانیان لە شۆڕشی ١٤ی تەموزو لە حکومەتە کۆمارییەکەو سەرکردەکەی، عەبدولکەریم قاسم، کرد. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ:
یەکەم، دەستورە کاتییە نوێکەی عێراق ماددەیەکی لەخۆگرتبوو کە تێیدا ئاماژەی بە مافەکانی کورد کردبوو، کورد وەک شەریکی عەرەب لە عێراقدا ناسێنرابوو.
دووەم، ڕێگەدان بە گەڕانەوەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مستەفا بارزانی، دوای زیاتر لە دوازدە ساڵ لە ئاوارەیی لە یەکێتیی سۆڤیەت.
سێیەم، هەڵوێستی قاسم لە پرسی یەکگرتن لەگەڵ کۆماری یەکگرتویی عەرەبی، کە کوردەکان بە هەڕەشەیان لەسەر بوونی خۆیان دەزانی.
چوارەم، قاسم بەیانیکردبوو کە عێراق بەس دەوڵەتی عەرەب نییە بەڵکو دەوڵەتی کوردو عەرەبە.
لەسەر ڕەزامەندی عەبدولکەریم قاسم لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ مستەفا بارزانی گەڕایەوە عێراق. هۆکاری ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی لە مەنفاوە زۆر ڕون نییە، بەڵام هەندێک کەس پێیانوایە کە مەبەستی قاسم لە ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی بەکارهێنانی بوو بۆ لارکردنەوەی هاوسەنگی هێز بەلای بەرەی نیشتیمانپەروەران (الوگنیون) لە بەرامبەر بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان (القومیون) کە لەو ئانوساتدا لە هەڵکشانبوو. ئەوەی ڕاستی بێت عەبدولسەلام عارفو ناسیونالیستە عەرەبەکانی دیکە ناڕازیبوون لە ڕێگەدان بە هاتنەوەی بارزانی.
قاسم چەند کارێکی سیمبولیکیشی ئەنجامدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکان بەلای خۆیو دەوڵەتی عێراقی، لەوانە دانانی ڕۆژێکی زەرد لەسەر ئاڵای نیشتیمانیی عێراق، لەگەڵ دانانی خەنجەرێک لەسەر لۆگۆی (emblem) حکومەتی عێراقی هاوتەریبی شیرێک، کە مەبەست لێیان زەقکردنەوەی نوێنەرایەتیکردنی کورد بوو لە سیمبولو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقی (تەماشای الوقائع العراقیە ٢٧/٦/١٩٥٩؛ لەگەڵ وێنەی هاوپێچ بکە). ئەم کارانە سەرەڕای ئەوەی کە سیمبولیک بوون، بەڵام گرنگی سیاسییان هەبوو لەبەر دوو هۆ:-
یەکەم، ئەمە یەکەمجار بوو کە بەو شێوەیە کورد لە سیبمبولەکانی دەوڵەتی عێراقی نوێنەرایەتی بکرێت.
دووەم، کورد ئەگەر سیمبولێکیشبووبێت هاوتەریبو هاوپلەی عەرەب لە سیمبولەکانی عێراق نیشاندەدرا. وەک دواتر دەردەکەوێت ئەم کارانە بەفعلی کاریگەرییان لەسەر هەستی کوردەکان داناوە چونکە لە ٢٠٠٣ کە مقۆمقۆ لەسەر ئاڵای عێراق سەریهەڵدا، کوردەکان ئەگەر بۆ کاتیش بێت تەنیا ئەو ئاڵایەی سەردەمی 'قاسم'یان قەبوڵبوو کە لە هەرێمی کوردستان هەڵبدرێت.
لەپاڵ ئەم کارە سیمبولیکانە، حکومەتەکەی قاسم بە فەرمی لە شوباتی ١٩٦٠ ڕێگەی بە کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. پێشتر بە فەرمی ڕێگەدرابوو بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات (نچال)، کە زمانحاڵی پارتی بوو. لە ژمارەی یەکەمیدا، خەبات خۆتەرخانکردنی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ١٤ی تەموزو سەرکردەکەی، قاسم، ڕاگەیاندبوو. خۆشحاڵی خۆیشی لە کشانەوەی عێراق لە پەیماننامەی بەغدا دەربڕیبوو، چونکە وەک خەبات دەڵێت، ئامانجی لێدانی کوردو سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی کورد بوو. دیارە ناکرێت ئاماژە بەوە نەکرێت کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی کوردەکان لە قاسم وەک سەرکردەی کامپی نیشتیمانپەروەرانو حیزبی شیوعی بەهێزبوونی بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان بوو، کە بۆ هەموویان وەک دوژمنێکی هاوبەش دەردەکەوت.
کارە سیمبولیکەکانی قاسمو دانانی کورد وەک شەریکی عەرەب بەپێی دەستور، هەستی ئەوەی لای کوردەکان دروستکردبوو کە چیدیکە ئەوان کەمە نەتەوە نین بەڵكو گروپێکی نەتەوەیین، بۆ کوردەکان ئەوە وەک ئەوە وابوو کە ئەخیرەن عێراقییەکان دانیاننا بە کارەکتەری دوو-نەتەوەیی (binational) عێراق.
سەرەڕای ئەم سەرەتا پڕشنگدارە، بەڵام نزیکبوونەوەو هاوکاریی لەنێوان پارتیو حیزبی شیوعیو لایەنگرانی قاسمو حکومەتەکەی درێژەی نەخایاند. لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەیاندا کە لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە بەغدا بەسترا، پارتی ئەو بڕگەیەی کە ئاماژەی بە مارکسیی-لینینیی بوونی حیزبەکە دەکرد لە پەیڕەو و پڕۆگرام لاداو زیاتر ئەجێندای ناسیونالیستی خزاندە نێو پڕۆگرامەکەی. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە نزیکبوونەوەی کوردەکان، یان پارتی، لە حیزبی شیوعیو مەیلبوونیان بەلای چەپ، هەڵوێستێکی کاتیی بووە نەک ستراتیجیو ڕەنگدانەوەی هەستی دژە-ئیمپریالیزمو سەرمایەداری بووە کە لە سەردەمی پاشایەتی باوبوو. لەگەڵ ونبوونی ئیمپریالیزم، ناسیونالیستە کوردەکان جەختیان لەسەر پڕۆگرامە ناسیونالیستییەکان دەکرد، بەمەش لە حیزبی شیوعیو کامپی نیشتیمانپەروەرەکان دوورکەوتنەوە.
دوای ئەوەی کە تەپوتۆزی شۆڕش نیشت، ئیدی وردەوردە ڕونتر دەبۆوە کە ئامانجو خەونەکانی کوردەکان لەگەڵ دیدو تێگەیشتنو لێنزیکبوونەوەکانی قاسم یەکناگرنەوە. جیهانبینییەکانیشیان بۆ پرسەکانی شوناسی عێراقو شوناسی خاکو جوگرافیای هەرێمی کوردستانو ئۆتۆنۆمی نەک هەر یەکناگرنەوە بەڵکو بەریەکدەکەون، یان باشتر بڵێین دژبەیەکن. لەم چوارچێوەیەدا، لە سەردەمی قاسم، دوو پرس لەسەرەتا بوون بە مایەی گرژیو ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی مەرکەزیو کوردەکان: یەکەم، پرسی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان. دووەم، هەردوو ماددەی یەکەم و دووەم لە دەستورە کاتییەکەی عێراق کە پێناسەی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان کوردو عەرەبیان لە عێراقدا لەخۆگرتبوو.
لە نیسانی ١٩٥٩ دا، حکومەتی مەرکەزی بڕیاری دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە کوردستان" دا. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی بوو، هێزی سەرەکی بوو لە پشت هەوڵەکانی گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە. ناسیونالیستە عەرەبەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبێتە مایەی گەشەو بڵاوبوونەوەی هەستی جوداییخوازی لەنێو کوردەکان.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە چڕی هەوڵەکانی خستبوەگەڕ بۆئەوەی حکومەت بڕیارەکەی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت چونکە واپێدەچوو کە حکومەت هەڵوێستی گۆڕابێتو خۆی لە پرسەکە بدزێتەوە. هاوکات، یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەی توندی لە حکومەت دەگرت لەسەرئەوەی کە وشەی "کوردستان"ی لە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە لاداوەو وشەی "کوردیی" لەجێگەی داناوە. ئەم کارەی دەوڵەت، کوردەکانی بێزارو توڕە کرد. هاوکات، ئەم ئەڵقەیە ئاماژەیەک بوو، ئەگەر نەڵێین واینیشاندەدا، کە سەرەڕای سیاسەتە نوێو دەستپێشخەرییە سەرەتاییەکانی، کەچی حکومەتی مەرکەزیو هاوکارەکانی هێشتا هەستیارانەو بەترسو گومانەوە مامەڵەیان لەگەڵ زاراوەی کوردستان دەکرد.
دوای ئەوەی کە قەبوڵی ناوگۆڕینی بەڕێوەبەرییەتەکەیان کرد بۆ "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بۆ خوێندنی کوردیی" ئیدی کێشەی سنوری ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە هاتەپێش. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەرکی سەرپەرشتی خوێندن لە هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەئەستۆ کە زۆرینەی کوردە. ڕۆژنامەی خەبات مکوڕبوو لەسەر ئەوەی ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکە هەموو ناوچە کوردییەکان نەگرێتەوە ئەوە دەستپێشخەرییەکە کارێکی بێهودەیە.
کێشەکە لێرە کۆتایی نەهات چونکە کاتێک ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە بەیانکرا، پرسەکە ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت. ئیدی پرسەکە لە چوارچێوەی مافێکی کەلتوریو پەروەردەییو زمانەوانیی بوو بە کێشە لەسەر خاکو سنوری کوردستان، کێندەر کوردستانەو کێندەر کوردستان نییە، کوێ کوردنشینەو کوێ کوردنشین نییە، بوون بە جەوهەری مەسەلەکە، کە لەڕاستیدا هەمیشە کڕۆکی پرسی کورد لە عێراق پێکدێنێت.
کوردەکان داوایاندەکرد کە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانیو کەرکوکو قەزاو ناحیە کوردنشینەکانی پارێزگاکانی نەینەواو دیالە بگرێتەوە. پێکدادانەکان بەس لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکانو ناسیونالیستە عەرەبەکان نەبوو بەڵکو لەگەڵ ناسیونالیستە عێراقییەکانیش بوو. ئەم دوو ڕەوتە ناسیونالیستییە جارجار هەندێک مافی کوردیان قەبوڵکردوە بەڵام کە دێتەسەر داواکانی کورد لەپەیوەند بە پرسی خاکو سنورەکانی کوردستان ئیدی هەردوو ڕەوت ئامادەیی ئەوەیان تێدانامێنێت کە قەبوڵی مافەکانی، کورد بکەن، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی عێراقیش بێت.
ڕۆژنامەی خەبات زۆر هاوارو بانگەوازی لەپەیوەند بە کاراکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرزکردەوە، بەڵام حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکو پێوەرێکی کردەیی نەگرتەبەر بۆ کردنەوەو خستنەگەڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە. مشتومڕەکان لەسەر سنوری کوردستان تاکە خاڵی جێناکۆک نەبوو لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکانو ناسیونالیستە عێراقییەکانو عەرەبییەکان چون پرسی شوناسی عێراق خاڵێکی دیکەی کێشمەكێشەکانی پێکدەهێنا. لە دوو بەشی داهاتودا قسە لەسەر ململانێکانی شوناسی عێراق لەنێوان کورد و عەرەب لە عێراق لە سەردەمی قاسم دا دەکەم.
٢-٣
لە هاوینی ١٩٦٠ دا، ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی ناسیونالیستە عەرەبەکان هەڵمەتێکی ڕاگەیاندیان خستبووەگەڕ کە تێیدا گومانیان دەخستەسەر بنەچەی کوردەکانو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە زۆربەی عەشیرەتە کوردییەکان لە ئەسڵدا عەرەبن (بڕوانە خەبات ٢٤/٨/١٩٦٠؛ اتحاد الشعب ٢/٩/١٩٦٠). لەبەرابەردا سەرچاوە کوردییەکان هەڵمەتەکەی ناسیونالیستە عەرەبەکانیان بە هەڵمەتەکانی تورکەکان لە تورکیا دەچواند، کە بە کوردەکانیان دەگوت "تورکەکانی چیا" (خەبات ٢/٩/١٩٦٠). هاوکات، کوردەکان ڕێگریانلێدەکرا لە تەئکیدکردنەوە لەسەر مافە نەتەوەییەکانیان، چونکە لەلایەن عێراقییەکانەوە وەک بەشێک لە گەلی عێراق هەژماردەکران نەک وەک گروپێکی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتی عێراقدا.
بۆنمونە، لە کاتی بەڕێوەچونی کۆنگرەی قوتابیانی جیهان لە ١٩٦٠، کە لە بەغدا بەسترا، قوتابییە عێراقییەکان و ناسیونالیستە عەرەبەکان ڕێگریان لە 'یەکێتی قوتابیانی کوردستان – لقی ئەوروپا' دەکرد لەوەی کە ببێت بە ئەندامێکی سەربەخۆ لە یەکێتی قوتابیانی جیهان. لەسەروبەندی کۆنگرەکە، نوێنەری یەکێتیی قوتابیانی عێراق لە کۆنفرانسەکە، مەهدی حافز، کە شیوعی بوو، پشتیوانی خۆی دەربڕی لەو داوایەی کە نوێنەری کۆماری عەرەبی یەکگرتو لەگەڵ نوێنەری قوتابیانی باکوری ئەفریقیا پێشکەشیان کردبوو لە دژی بەئەندامبوونی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لەو ڕێکخراوە جیهانییە (الشرق الاوسگ ٢٦/٥/٢٠٠٤). ئەوان کوردەکانیان وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی تەماشادەکرد و مافی ئەندامبوونیان لە ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی، وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، پێڕەوانەدەبینی (خەبات ١٣/١٠/١٩٦٠؛ ٢١/١٠/١٩٦٠).
ئەو مقۆمقۆیانەی نێو کۆنفرانسەکە بوون بە سەرچاوی دوو وتار کە لە خەبات بڵاوکرانەوە کە تێیاندا سیاسەتوانە کوردەکان هەوڵی ڕونکردنەوەی هەڵوێستی خۆیان لەبەرابەر قوتابییە عەرەب و عێراقییەکان دەدا. هاوکات، وتارەکان تەرخانکرابوون بۆ قسەکردن لەسەر نیەتو دەستپێشخەرییەکانی حکومەت بەگشتیو ئەو دوو ماددەیەی کە لە دەستورە کاتییەکەی عێراق هەم شوناسی عێراقی دیاریدەکرد هەم پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ عەرەبەکان وەک گەلو عێراق وەک دەوڵەت، ڕونکردبۆوە. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە لە یەکێک لەو ماددانە عێراق وەک بەشێک لە نەتەوەی عەرەبی دانرابوو، ئەمەش بچوککردنەوەی کوردو نیشتیمانەکەیان، کوردستان، لە دیدی کوردەکانی لێکەوتبۆوە.
وتاری یەکەمی خەبات، کە بە عەرەبی نوسرابوو، بەناونیشانی "الامە الکردیە والمادە الپانیە من الدستور" بوو، واتە نەتەوەی کوردو ماددەی دووەم لە دەستور (وتارەکان بەناوی خەبات نەک نوسەرەکەی بڵاوکراوەنەتەوە. زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوسا، نوسەریان بووبێت). وتارەکە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی ماددە دەستورییەکە بە مەبەستی دەرخستنی ماناو پەیامە شاردراوەکانی. خەبات دەڵێت ماددەی دوو لە دەستور:
"لەوکاتەوە کە دانراوە ئەوەندەی لایەنی سۆزی تێدابەکارهاتووە ئەوەندە گوێ بە وردبینی زانستیی نەدراوەو ڕاستییو مەنتیقی تێدا ڕەچاونەکراوە. وەک ئاشکرایە ئێستا عێراق زاراوەیەکە دوو چەمک لەخۆدەگرێ، سێیەم قەبوڵناکات.
یەکەمیان ناوێکی جوگرافی مێژووییەو شوێنێکی گەورەی لەسەر نەخشەی ئێستاکەی عێراق گرتووە.
دووەمیان، دەربڕینێکی سیاسییە بۆ مانای 'دەوڵەت'ێک بەکارهاتووە، کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دروستبووە لە بەشێک کە لە مێژوودا پێیدەگوترا عێراقو بەشێکیش کە پێیدەگوترا کوردستانی باشور یان شارەزور، هەندێکجاریش ولایەتی موسڵ...
کەواتە کاتێک دەگوترێت 'عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب' لەلایەنی زانستییو مەنتیقییەوە ڕاست نییە. لەبەرئەوە عێراق... یان ئەوەتە ناوێکی سیاسییە بۆ ئەو دەوڵەتەی ئێستا پێیدەڵێن 'کۆماری عێراق' یان ناوێکی جوگرافی مێژووییە بۆ بەشێکی زەوی ئەو وڵاتە.
بەهەردووماناکەش نابێت ببێتە بەشێک لە 'نەتەوەی عەرەب'، چونکە 'نەتەوە' وەکو ئاشکرایەو زانراوەو لە زانستی سیاسەت کۆمەڵە خەڵكانێکی دیارنو لە مێژوودا لەسەر زەوی خۆیان دروستبوون...
لەڕاستیدا، بەشێک لە زەوی مێژووییو جوگرافی عێراق دەکرێت بەبەشێک لە زەوی نەتەوەیی عەرەب دابنرێت... لە مێژوودا زاراوەی عێراق بۆ میللەتێک بەکارنەهاتووە، میللەتی عێراق لە عەرەبو کوردو هەندێک کەمەنەتەوە پێكهاتووە، ئەوانیش بەشێک نین لە 'نەتەوەی عەرەبی نەمر'... دەوڵەتی عێراق ئەوەیە کە... لە دووبەش پێکهاتوە.
یەکیان 'عێراق'ـەو پێشتر پێیدەگوترا وڵاتی نێوان دووزێ، دووەمیان بەشێکە لە کوردستان واتە وڵاتی کوردان کە لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهان لە دەوڵەتی عوسمانی داماڵرا...
قەتنەبووە نەهەموو کوردستان نە ئەو بەشەی کە کەوتۆتە ناو دەوڵەتی عێراق ڕۆژێ لە ڕۆژان بەشێک بووبێت لە وڵاتی عەرەبان" (خەبات ١٩/١٠/١٩٦٠).
لە وتارەکەدا خەبات پێشنیازێک پێشكەشدەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ماددەکەو دەڵێت دەبێت عێراق بە شێوەیەک پێناسبکرێت کە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان بگونجێت وەک ئەوەی کە "کۆماری عێراقی نەمر لە بەشێک میللەتی کوردو وڵاتی کوردستانو بەشێک لە میللەتی عەرەبو وڵاتی عەرەب پێکهاتووە." لەمەش زیاتر، خەبات پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە بوونی ماددەی دووەم لە دەستور، کە تێیدا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد نراوە، ماددەی سێیەم، بێمانا دەکات.
ئەوەی ڕاستیبێت ئەوە بەس ناسیونالیستە عەرەبەکان نەبوون کە جەختیان لەسەر ئەوە کردبێت کە عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب بەڵكو وەک لەو دەقە دەستورییە دەردەکەوێت ناسیونالیستە عێراقییەکانیش، بۆنمونە حیزبی وەتەنی، بەیانی ئەوەیان ڕاگەیاندبوو. لە سەروتارێکی ڕۆژنامەی ئەهالی هەمان بانگەشە کرابوو (الاهالی ٢٩/٤/١٩٦٠). سەرەڕای ئەمە، ناکرێت ئەوە لەبیربکرێت کە حیزبی وەتەنی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە دانانی ماددەی سێیەم لە دەستور کە باس لە شەراکەتی کوردو عەرەب دەکات لە عێراق.
وتارەکەی دووەمی خەبات تایبەت بوو بە ماددەی سێیەم لە دەستور کە بەناونیشانی "العرب والاکراد شرکاو فی هژا الوگن"، واتە عەرەبەکانو کوردەکان شەریکن لەم نیشتیمانە، بڵاوببۆوە. لەسەرەتا خەبات لە وتارەکە ستایشی دانانی ئەو ماددە دەستورییەی کردبوو و پێیوابوو کە ئەمە "یەکەمجارە لە مێژوودا" لە دەستوری عێراق بەمشێوەیە دان بە مافەکانی کورد بنرێت.
پێشیوابوو کە ئەمە دەکرێت ببێتە "بناغەی دامەزراندنی پەیوەندی هەردوو میللەتی کوردو عەرەب لە یەکێتیی عێراق." دواتر خەبات دەپرسێت "باشە دەڵێن عەرەبو کورد لەم وڵاتە هاوبەشن، ئەو هاوبەشییەی عەرەبو کورد کام هاوبەشییەیە؟" لە وەڵامی پرسیارەکەی خۆی، خەبات دەڵێت ماقوڵ نییە هاوبەشیی نێوان میللەتەکان بنەمای لەسەر ژمارەی دانیشتوانی لایەنەکانی هاوبەشییەکە دانابێت.
خەبات پێداگری لەسەرئەوە دەکات کە "میللەتان ژمارەیان هەرچەند بێتو چەند بچوک بن، مافەکانیان بەشبەشیو دابەشکردن قبوڵناکات" (خەبات ٢٠/١٠/١٩٦٠). بڵاوبوونەوەی ئەم دوو وتارە لە خەبات بوون بە مایەی تاوانبارکردنی سەرنوسەری ڕۆژنامەکەو داواکردنی لەلایەن دادگاوە، بەڵام دواتر لە دادگا خەبات بێتاوان دەردەچێت (خەبات ١٢/١٢/١٩٦٠).
بەگەڕانەوە بۆ وتارەکانی خەبات، ئەوە دەردەکەوێت کە دیدی ناسیونالیستە کوردەکان بۆ نەتەوە جەخت لەسەر ڕەچەڵەکی هاوبەشی ئیتنی دەکاتو دیدی دەوڵەتیی (statist) بۆ نەتەوە کە بنەمای لەسەر چەمکی دەوڵەت-نەتەوە (nation-state) داناوە ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش لە خستنەژێر پرسیارو تەماشاکردنی عێراق وەک نەتەوە (میللەت) دەردەکەوێت.
تێڕوانینو تێگەیشتنی ناسیونالیستە کوردەکان بۆ نەتەوە چەقیبەستبوو لەسەر چەمکگەلێکی وەک زمانو ڕەچەڵەکی ئیتنیو ڕەگوڕیشەی مێژووییو نیشتیمانو خاکێکی یەکپارچەو کەلتورێکی هاوبەش لەگەڵ کۆیاد. ئەمەش هەم لەو وتارانەی کە پێشوتر ئاماژەیانپێکرا هەم ئەو وتارو ڕاپۆرتانەی کە ئەوکات خەبات بڵاویدەکردنەوە هەستیپێدەکرێت (بڕوانە خەبات ١٦/٦/١٩٦٠؛ ٢٤/٧/١٩٦٠).
ناسیونالیستە کوردەکان هەموو شێوازەکانی توانەوەیان ڕەتدەکردەوە، لەجیاتی توانەوە ئەوان پێشنیازی دووبارە داڕشتنەوەی عێراقیان دەکرد لەسەر بنەماو چەمکەکانی دەوڵەتی دوو-نەتەوەیی(binational)، کە تێیدا مافو پێگەی یەکسان بۆ هەردوو نەتەوەکە، کوردو عەرەب، فەراهەم کرابێت. لەڕاستیدا لەو ئانوساتەدا لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیی کۆماری عێراق بەبەردەوامی وەک "کۆماری عەرەبەکانو کوردەکان" ناوزەد دەکراو دەناسێنرا (بڕوانە هەموو ئەو ٤٦٥ ژمارەیەی ڕۆژنامەی خەبات کە لە نێوان نیسانی ١٩٥٩ تا نیسانی ١٩٦١ دەرچووە).
ئەمە بەشی دووەمە لەو زنجیرە بابەتە لەسەر پەیوەند کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لەسەردەمی قاسم دا. بۆ زانیاری و وردەکاری زیاتر تەماشای کتێبی شوناسی عێراق بکە.
قاسم لە دۆستەوە بۆ دوژمن
٣-٣
لە بەشی یەکەمی ئەم وتارە باس لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی کورد لە عەبدولکەریم قاسم کرا، لە بەشی دووەمیش باس لە هۆکارەکانی دروستبوونی گرژی لە نێوانیاندا کرا. لەم بەشەدا قسە لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی شەڕ لەنێوان قاسم و کورد دەکەم.
سەرەڕای ئەو هەموو کێشمەکێشو گفتوگۆیە لەسەر شوناسی عێراقو کوردو عێراق وەک نیشتیمان، کەچی کوردەکان لەو ساڵانی حوکمی "قاسم"دا بەرنامەو پڕۆپۆزەڵێکی وردیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراق پێشکەش نەکردو گوتاری کوردی لە کۆمەڵیک دروشمو ڕەخنە لە حکومەتو دەستور کورتببۆوە. لێرەو لەوێ جارجار خەبات (زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان) ئاماژەی بە ئۆتۆنۆمی دەکرد، بەس بەگشتی وردەکارییەکانی ئەو ڕێگەچارەیەی ڕوننەکردبۆوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی چەندینجار بەیانیکردبوو کە سەربەخۆیی ئامانجی ئەوان نییە. خەبات پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمە داوای سەربەخۆییمان نەکردوە، بەپێچەوانەوە ئێمە لە دژی سەربەخۆیی ڕاوەستاوین، تەنانەت جیابوونەوە بە درۆیەکی ئیمپریالیزم دادەنێین (خەبات ٣٠/٩/١٩٥٩؛ ٩/٢/١٩٦٠؛ ٢/١١/١٩٦٠). سەرکردە ناسیونالیستە کوردەکان ئەوکات پێیانوابوو کە جیابوونەوە لە قازانجی کورددا نییەو پێگەیان لە هاوکێشە سیاسییەکان بێهێزدەکات. هاوکات مکوڕبوون لەسەر داننانو ناساندنی سنوری کوردستان بەگەڕانەوە بۆ بەڵگە جوگرافیو مێژووییەکانی ئەو شوێنانەی کە کورد لەسەری نیشتەجێیە، لەگەڵ سووربوونی ناسیونالیستە کوردەکان لەسەر دامەزراندنو کارکردنی یەکێتییو سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەییو کۆمەڵایەتییەکان. ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆئەوەی کە کوردەکان داوای جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی یان فێدرالیان کردوە بەڵام زۆر ڕونیشنەبوون لەسەر داواکانیان.
بڵاوبوونەوەی ئەو دوو وتارەی خەبات، کە لە بەشی دووەم گفتوگۆکران، زیانی بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتیو حکومەتی مەرکەزی گەیاند. داواو بانگەشەکانی ناسیونالیستە عەرەبەکان بۆ تواندنەوەی کورد لە قازانی عەرەبیدا هێندەی دیکە پرسەکانی ئاڵۆزترو کوردەکانی نیگەرانو توڕەترکردبوو.
بۆنمونە، کلوفیس مەقسود، نوێنەری فەرمی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا، هاتە نێو کێشەو ململانێکانو وتارێکی لە ڕۆژنامەی سەورە (الپورە)، کە ناسراوبوو بە نزیکی لە حکومەت، بڵاوکردەوەو تێیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "هەر کەسێک بە مێژوو کورد، نیگرۆ یان ئەرمەنی بێتو نیشتەجێی وڵاتێک بێت کە بەشێک بێت لە نیشتیمانی عەرەب، ئەوە ئەو کەسە وەک ئەمری واقیع عەرەبە". لە درێژەی وتارەکەیدا مەقسود دەیگوت "واپێویستە بۆ کەمینە نەتەوەییەکان کە ئامادەیی خۆیان نیشانبدەن بۆئەوەی ببن بە بەشێک لە نەتەوەی زۆرینە [عەرەب]" (الپورە ١٧/٢/١٩٦١).
لە وەڵامدا خەبات زنجیرەیەک وتاری بڵاوکردەوە کە بیرۆکەی توانەوەی کوردی لە قازانی عەرەبیدا ڕەتدەکردەوە. لەئاکامدا شەڕێک لە ڕاگەیاندنەکان لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکانو عەرەبەکان سەریهەڵدا، کە بۆ ماوەیەک درێژەی کێشا. شەڕەکە لەسەر ڕوپەڕەکانی ڕۆژنامەی سەورە (الپورە) و بەغداد (بغداد)، زمانحاڵی ناسیونالیستە عەرەبەکان، لەلایەکو ڕۆژنامەی خەباتو دەنگی کوردستان، زمانی ناسیونالیستە کوردەکان، لەلاکەی دیکە، دەکرا. خەبات هەوڵەکانی ناسیونالیستە عەرەبەکانی بە بێهودە لەقەڵەمدەداو پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەزمونی گەلانو مێژوو پێماندەڵێت کە ئەو جۆرە هەوڵانە شکستیانخواردوەو شکستدەخۆن. هاوکات، داوای لە حکومەتیش دەکرد کە ئەم هەڵمەتە شەرمەزار بکاتو هەڕەشەی دەکرد کە دڵسۆزیو ئینتیمای کوردەکان بۆ یەکێتیی عێراقو برایەتیی کوردو عەرەب بەندە بە ڕیسواکردنی هەوڵەکانی ئەو ئاژاوەچییانە، کە مەبەستیان سڕینەوەی نەتەوەی کوردە (خەبات ٢٠/٢/١٩٦١).
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر کوردەکانی نیگەرانو نائومێد کردبوو ئەوەبوو کە نە قاسم (کە نوێنەری ناسیونالیستە عێراقییەکان بوو، ئەوانەی وەک نیشتیمانپەروەر خۆیان نیشاندەدا) نە حکومەت هیچ هەڵوێستێکیان لەخۆنیشاننەدا لەبەرابەر بانگەشەو داواکەی ناسیونالیستە عەرەبەکان بۆ تواندنەوەی کورد (خەبات ١٦/٣/١٩٦١).
بەپێچەوانەوە، قاسم بەخۆی ئەسڵی کوردەکانی دەخستەژێر پرسیارەوەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە بنەچەدا "کوردۆ" نازناوێک بووە کە شاکانی ئێران بۆ ئەو سەرکردانە بەکاریانهێناون کە بەڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر سوپای موسڵمانە داگیرکەرەکان. بەئیزافەی ئەوە، قاسم لەوکاتەوە ئیدی وەک یەک نەتەوە ئاماژەی بە عێراقییەکان دەکرد نەک وەک دوو-نەتەوە، وەک ئەوەی کە لە دەستوردا هاتبوو. قاسم ئەو قەناعەتەی لادروستببوو کە دانی ئۆتۆنۆمی بە کوردەکان لەوانەیە بەرەو جیابوونەوەیان ببات، وەک ئەوەی کە ناسیونالیستە عەرەبەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئەوەش وایکرد جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە کوردی دابوون دوابخات.
لەکۆتایی ١٩٦٠ دا، گرژیو کێشمەکێشەکانی نێوان حکومەتو کوردەکان گەیشتبوونە خاڵی بڵقدان. دەسەڵاتداران لە بەغدا دوو ئەندامی باڵای پارتیان، سەیدا ساڵح یوسفیو عومەر دەبابە، گرتو سکرتێری حیزبەکەشیان، ئیبراهیم ئەحمەد، تاوانبارکرد بە کوشتنی سەرۆک عەشیرەتێکی کورد (زەنگەنە ٢٠٠١: ١٢٢). لەئاکامدا هەردوولا، حکومەتو کوردەکان، دەستیان بەخۆئامادەکردن کرد بۆ شەڕ.
وەک نییەت پاکییەک، سەرکردایەتی کورد یاداشتنامەیەکیان لە ٣٠ ی تەموزی ١٩٦١ خستەبەردەم قاسم کە تێیدا پەنجەیان لەسەر گرنگییو جەوهەرییبوونی پرسی شوناس کرد لەو ململانێیانەی کە لەئارادابوون. یاداشتنامەکە بەپەرۆشەوە داوای لە حکومەت دەکرد کە ماددەی سێ لە دەستور کە دانینابوو بە شەراکەتی کوردو عەرەب جێبەجێبکاتو داواشی دەکرد کە کار لەسەر زیندوکردنەوەی بیرۆکەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بۆ خوێندنی کوردیی بکات. مافە زمانەوانییەکانو دانانی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە عێراق بەشێکی دیکە بوون لەو داواکارییانەی کە لە یاداشتنامەکەدا هاتبوون.
داواکانی نێو یاداشتنامەکە هێندەی دیکە قاسمو هاوپەیمانە نوێکەی، ناسیونالیستە عەرەبەکانی، توڕەترکرد. لەدەرئەنجامی داخرانی دەرگاکانی گفتوگۆ ناسیونالیستە کوردەکان دەستیان بە خۆڕێکخستنو وەگەڕخستنی هێزەکانیان کرد. بارودۆخەکە هێندەی دیکە بە هاتنی خاوەن زەویو سەرۆک عەشیرەتو ئاغاکان بۆ ناو کێشمەکێشەکە ئاڵۆزترو خراپتر بوو، چونکە ئەوان دژایەتی سیاسەتی چاکسازییان لە بواری کشتوکاڵ دەکرد. گرژییەکان لەسەر دەستی ئاغاو سەرۆک عەشیرەتەکان تەقییەوەو یاخیبوونێکی لێکەوتەوە کە هەرزوو لەلایەن زۆربەی چینو توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی پشتیوانیلێکرا، لەوانە توێژی خوێندەوارە شارییەکانیش.
هەندێک ئەکادیمیو تویژەر یاخیبوونو ڕاپەڕینەکەی ئەیلولی ١٩٦١ بە پلانی ئاغاکانی کوردستان دادەنێن. پێدەچێت ئاغاکان لەسەرەتا کاریگەرییان هەبووبێت لە تەقاندنەوەی ڕاپەڕینەکە بەڵام شەڕو ململانێکان ڕەهەندی نەتەوەیی هەبوو کە هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو پاڵنەرانەی کە لە بەشی دووەم گفتوگۆکران. هاوکات وەک فوئاد عارف، یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی کورد، ئاماژەی پێدەکات، ئەوە ڕاست نییە کە بارزانی پشتیوانی لە ئاغا کوردەکان کردبێت، چونکە بارزانی بەخۆی خاوەن زەوی نەبوو و چاکسازییەکانی قاسم لەم بوارە هیچ کاریگەریی لەسەر ئەو نەبوو. لە راستییدا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوکات، ئەگەر وەک دروشمیش بووبێت، لە ڕیشە هەڵکێشانی دەربەگایەتی بەپێویست دەزانی (خەبات ٢٥/٩/١٩٦٠).
ئیدی هێندەی پێنەچوو ئەوەی لەسەرەتا یاخیبوونێکی ئاغاکان بوو لەدژی چاکسازییەکان لە کشتوکاڵدا، زوو بوو بە شۆڕشێکی جەماوەری کە سەرتاسەری کوردستانی گرتەوەو تا کۆتایی حوکمڕانی قاسم بەردەوام بوو.
بۆ وردەکاریو سەرچاوەکان، تەماشای کتێبی "شوناسی عێراق" بکە کە لە دەزگای سەردەم دەستدەکەوێت.