د. شێرکۆ کرمانج
لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کە لە سێ بەش پێکدێت باسم لە چەمکی ئامێزانی نیشتیمانیی کرد بەگشتییو تاوتوێی ڕۆڵی پارتە سیاسیشمان کرد (تەماشای کۆمێنی یەکەم بکە). لەم بەشە باس لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق دەکەم، دوتریش ڕۆڵی حیزبی شیوعی لەو پڕۆسەیەدا دەخمەڕوو. هاوکات، هۆکارەکانی شکستی حیزبی شیوعی لە پڕۆسەکە گفتوگۆ دەکەین.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە ١٩٢١ شتێک نەبوو بەناوی عێراق، یان ئامێزانی نیشتیمانی لە عێراق یان شوناسی عێراقی. هەموو ئەمانە لەگەڵ دروستکردنی عێراق سەرهەڵدەدەن. خەڵکی ئەم ناوچەیەی کە ئێستا وەک عێراق ناسراوە پێشتر وەک عەرەب، موسڵمان، یان وەک عەشیرەت خۆیان دەناساند.
بێجگە لە ڕۆڵی حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکان، کە دواتر باسی دەکەین، هەندێک هۆکاری دیکەش هەبوون لەپشت سەرهەڵدانی پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق کە لێرە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین:
• پڕۆسەی مۆدێرنازەیشن کە بریتانییەکان دەستپێشخەریان کرد، وەک دامەزراندنی دەوڵەتو دامودەزگاکانی
• کۆچ لە دێهاتەکانەوە بۆ شار، کە دەرئەنجامێکی مۆدێرنازەیشنو ئیندەسترەڵازەیشن (بەپیشەسازیکردن) بوو، کە کاریگەرییان لەسەر شوناسی کۆچکردوەکان دانا
• خوێندنو پەروەردە (mass education)
• دروستبوونو گەشەی چینی ناوەند
ئەمانەو دەیان هۆکاری دیکە، بوون بە مایەی سەرهەڵدانو گردبوونەوەی خەڵک لە دەوری کۆمەڵێک چەمکو بیرۆکە وەک ناشنالیزم، کۆمۆنیزم، سۆشیالیزم، هاوڵاتیبوون، سەروەریی، یەکسانیی، ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تا دەگاتە خەباتی نەتەوەییو چینایەتی... هتد.
ئەم چەمکو بیرۆکانە بوون بە مایەی دروستبوونی سێ ڕەوتی سیاسی کاریگەر لە عێراق: ناسیونالیزمی عەرەبی (پان-عەرەبیزم)، ناسیونالیزمی عێراقی (ئەوەی لە عێراق زیاتر وەک نیشتیمانپەروەریی، وەتەنیە، ناسراوە)، لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردی.
حیزبی بەعسو حیزبی ئیستیقلال نوێنەرایەتی ڕەوتی پان-عەرەبیزمیان دەکرد
حیزبی شیوعیو حیزبی وەتەنی نوێنەرایەتی ڕەوتی نیشتیمانپەروەری عێراقیان دەکرد
پارتی دیموکراتی کوردستانیش نوێنەرایەتی ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردی دەکرد.
لەم بەشە باس لە ڕۆڵی حیزبی شیوعی دەکەین، لە بەشی داهاتودا گفتوگۆی ڕۆڵی حیزبی بەعس دەکەین. لە پەیوەند بەم پرسە باس لە ڕۆڵی ناسیونالیزمی کوردیو پارتی دیموکراتی کوردستان ناکەین چونکە ئامانجو هەوڵەکانیان بەگشتیی دژ بە پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانییەوە بووە لە عێراق. لەدیدی عێراقییەکانەوە لەوانەیە ڕۆڵی پارتی نێگەتیڤانە تەماشا بکرێت بەڵام لە دیدی کوردەوە دەکرێت پۆزەتیڤانە ببینرێت. بەهەرحاڵ لێرە باسی ڕۆڵی پارتی ناکەین چونکە تەنیا بەعس و شیوعی ڕۆڵی گەورەو کاریگەریان لە پەیوەند بە ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق بینیوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا بەرچاوبوون.
حیزبی شیوعی لە ١٩٣٤ دامەزراو هەر زوو بوو بە یەکێک لە حیزبە نهێنیە هەرە گەورەو کاریگەرەکان لە عێراق تاوەکو کۆتایی حەفتاکان. هەر زووش بوو بە پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی گروپە پەراوێزخراوەکان لە عێراق، لە شیعەو کوردەوە بگرە تا دەگاتە کرستیانو جولەکەکان.
شیوعی، حیزبێک بوو کە ئەندامبوون تێیدا سنورەکانی نەتەوەیی (کورد و عەرەب) تا ڕادەیەکی ئێجگار بەرچاو بڕیبوو بەڵام سنورەکانی مەزهەبی زۆر بە کەمی شکاندبوو. لە ناوچە کوردییەکانو شیعەنشینەکان پشتیوانی زۆر لە حیزبی شیوعی دەکرا.
لە ١٩٤٩، کاتێک فەهد، کە کەسێکی کرستیان بوو، ئیعدام کرا، بەهادین نوری، کە کورد بوو، بوو بە سکرتێری گشتیی حیزب. لە ڕاستیدا لە پەنجاکان حیزبی شیوعی لە کوردستانەوە ئیدارەدەدرا. بەپێی قسەی سەرکردوە شیوعییەکانو ژمارە دابەشکراوەکانی رۆژنامەی القاعیدە، کە زمانحاڵی حیزبی شیوعی بوو، لایەنگرو ئەندامانی حیزبی شیوعی لە تەواوی ناوچە کوردییو شیعەنشینەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان هەبوونو لە ناوچە سوننە نشینەکانیش زۆر بە دەگمەن.
هۆکار زۆرن لە پشت بەشیوعیبوونی شیعەکان، هەر لە پەراوێزخراوییە بگرە تادەگاتە پێگەی چینایەتیان.
بۆ کوردیش هۆکار زۆربوون، لە سەروی هەموویانەوە داننانی حیزبی شیوعی بە مافی چارەنوس بۆ گەلی کورد. هاوکات، لەو سەردەماندا خەڵکێکی زۆر ڕزگاری چینایەتیو نەتەوەییو ڕزگاری عێراقیان لە دەست کۆڵۆنیالیزم بەیەکەوەگرێدابوو، پێیانوابوو بێ ڕزگاربوونی عێراقو یەکسانیی چینایەتی ڕزگاری نەتەوەیی مانایەکی نیە.
لە ١٩٥٨، لەگەڵ ڕوخانی پاشایەتیو هاتنە سەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم، پێگەی حیزبی شیوعی، ئەمجارە وەک حیزبێکی ئاشکرا، هێندەی دیکە بەهێز بوو چونکە قاسم پێویستی بە شیوعییەکان بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی نفوزو دەسەڵاتی قەومییەکان، بەتایبەتی دوای دوورخستنەوەی عەبدولسەلام عارف. بەمەش حیزبی شیوعی بوو بە گەورەترین حیزب لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، هێندەی دیکەش کوردی لە عەرەب نزیک کردبۆوە. کە ئامێزانی نیشتیمانی ئەگەر ڕووکەشانەش بێت لێکەوتبۆوە.
لە ١٩٦٣ کاتێک بەعسییەکانو قەومییەکان هاتنە سەر حوکمو قاسمیان وەلانا، گورزێکی جەرگبڕیشیان لە حیزبی شیوعی دا. لانیکەم پێنج هەزار ئەندامی حیزبی شیوعی کوژران کە لەنێویاندا نۆ ئەندامی لیژنەی مەرکەزی تێدابوو، کە زۆربەیان شیعەبوون. ئەم گورزە کوشەندەیە حیزبی شیوعی بێهێز کردو پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیشی لاواز کرد.
شیوعییە کوردەکان، ئەوانەی کە دەرباز ببوون لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان حیزبی شیوعیان سەر لەنوێ ڕێکخستەوەو عەزیز محەمەد، کە کورد بوو، بوو بە سکرتێری حیزب. لەو کاتە بەدواو پێگەی کوردەکان لەناو حیزبی شیوعی ئێجگار بەهێزو بەرفراوان بوو.
لە ١٩٦٨، کاتێک حیزبی بەعس هاتەوە سەر کار، حیزبی شیوعی لەژێر کاریگەری یەکێتیی سۆڤیەت بەرەیەکی نیشتیمانیان لەگەڵ حیزبی بەعس پێکهێناو بەشدارییەکی رەمزیشیان لە حوکم کرد. سەرەڕای ئەمە، حیزبی بەعس دەستیان لە گرتنو کوشتنی شیوعییەکان هەڵنەگرت، بەڵام بۆ ئەوەی کێشەی لێنەکەوێتەوە لە سەرکردایەتی شیوعییەکانیان نەدەدا.
لە ١٩٧٤ کاتێک شەڕ لەنێوان حکومەتی عێراقو گەلی کوردستان دەستیپێکرد، حیزبی شیوعی بەرەی حکومەتیان هەڵبژارد، ئەمەش بوو بە سەرەتای لاوازبوونی پێگەی حیزبی شیوعی لەنێو کوردەکان.
لە ١٩٧٨، بەعسییەکان حیزبی شیوعیان بەوە تاوانبار کرد کە خەریکی کاری حیزبییە لەناو سوپا، ئەم پاساوەشیان بەکارهێنا بۆ لێدانی حیزبو سەرکردایەتییەکەی تا لە ١٩٧٩ بەتەواوی لە عێراق دەریان پەڕاندن. ئەم گورزەی ئەمجارە هێندەی دیکە حیزبی شیوعی لاوازکردو تاڕادەیەک کردی بە حیزبێکی کوردی، ئەوەی من لە کتێبی شوناسی عێراق ناوم ناوە بە کوردبوونی حیزبی شیوعی.
ئەو شیوعیانەی دەربازیان بوو، دیسان پەنایان بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان بردو لەوێ بە لاوازیش بێت خۆیان ڕێکخستەوە. لە کوردستان حیزبی شیوعی لە شەڕی ناوخۆ گلاو لە ١٩٨٣ باجێکی ئیجگار قورسی دا کاتێک بارەگاکانی لە قڕناقەو پشتئاشان بەر هێرشی یەکێتییەکان کەوتو ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کوژران.
ئەم گورزەو گورزەکانی بەعس لە ١٩٦٣ و ١٩٧٩، هاوکات دەیان هەڵەی ستراتیجی سەرکردایەتییەکەی، حیزبی شیوعیان لە حیزبێکی گەورە کرد بە حیزبێکی لاوازو بێ پێگە. دواتریش لە ١٩٩٣ لەسەر خەتی نەتەوەیی بوو بە دوو حیزب، حیزبی شیوعی عێراقیو حیزبی شیوعی کوردستانی.
بەمەش ئەو تاکە پلاتفۆرمەی کە کوردەکانو عەرەبەکانی لەیەکدی نزیکدەکردەوە لە گۆڕەپانەکە بوونی وەک نەمای لێهات.
-------------------------------
بۆ سەرچاوەو وردەکاری زیاتر بڕوانە کتێبی:
شوناسی عێراق بە کوردی، یان
الهویە والامە فی العراق بە عەرەبی، یان
Identity and National in Iraq بە ئینگلیزی
لە بەشی داهاتودا باس لە ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق و ڕۆڵی حیزبی بەعس لە ئامێزانی نیشتیمانیی دا دەکەم