کۆمەڵە و دیموکرات، هەمیشە فاکتەری سەقامگیریمان بون، نەك..

بارزان شێخ عوسمان
 
لە چەندین وتار و کۆڕو کۆبونەوەدا ،ئەو راستییەم خستوەتە رو کە هەردو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحەت کێشانی کوردستان(کە ئێستا بووەتە سێ رێکخراو )، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوە ، رێزیان لە قانون و رێساکانی پەرلەمان و حکومەت گرتوە کە لە سنورەکانەوە هەڕەشە دروست نەکەن بۆ ئاسایشی  ئێران ،تا بیانو نەدرێتە دەست  کۆماری ئیسلامیی  بۆ هێرشکردنە سەر سنورەکان ،بەم هەنگاو و سیاسەتە ژیرانەیەیان سەقامگیریی و ئۆقرەیی خەڵکی کوردستانی عێراقیان  پاراستوە  و خۆیان نەکردوەتە کوێخا کە کوردستان هەر کوردستانە . 

هێزەکانی کوردستانی ئێران ، وەك هەست کردن بە لێپرسراوێتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و رەچاو کردنی بارودۆخی ناسکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق  (هەرچەند قورس و گرانیش بوە ) ، ئەو بڕیارەیان جێبەجێکرد بۆ  جێگیر بون و نیشتەجێبون لەو. بارەگا نوێ یانەی بۆیان دیاریکراوە(دیارە پێشتر دیموکرات و بەم دواییەش کۆمەڵە ). 

وەك چۆن (ی ،ن،ك) هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەگەڵ پشتیوانییکردنی لە خەباتی  پارچەکانی تری کوردستان ،هەلومەرجی خەباتی هێزەکانی هەر پارچەکانی تریشی  رەچاو کردوە بێ دەستوەردان لە کاروباریان ، کۆمەڵە و دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کردوە ،نەك هەرئەوە بەڵکو بۆ رۆژێکش دەستیان وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆی هیچ کام لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق و هیچ بەشێکی تر،هاوزەمان لەوەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکگاتوە ،ئەوان هەرگیز سنورەکانی ئێمەیان بەکار نەهێناور بۆ دەستدرێژیکردنە  سەر پایەگاو و سەربازگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ،بۆیە هەمیشە ئەوان لەم ناوچەیە فاکتەری ئارامیی و ئۆقرەیی بون هەرگتز قانون شکێنییان نەکردوە ،زەوی و موڵك و مەزرای هیچ گوند ناوچەیەکیان داگیر نەکردوە ،ناوچەی موحەڕەمە و قەدەغەکراویان دروست نەکردوە ،خاڵی پشکنین و گومرگ و سەرانە سەندنیان لە هیچ شوێنێك دانەناوە ،خۆشیان نەکردوە بە کوێخا و ئاغای  کوردی عێراق و ئەڵتەرناتیڤی حزبەکانی هەرێمەکەمان .ئەوان تەنیا وەك مافێکی دەستوریی عێراقیی و قانونە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و قانونەکانی نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتوەکان لەم ناوچەیە بارگەو هەواریان هەیە و چالاکییە رۆشنبیریی و هونەریی و سیاسییەکانی خۆیان بە رەزامەندیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە بردوە . 

رازیی بونیان  بە گواستنەوەی بارەگاکانیان لە سنورێك بۆ سنورێکی تر ،بەڵگە و سەلمێنەری ئەو راستییە کە ئەوان نیشتمان پەروەر ی راستەقینە و دڵسۆزن ، سەلماندییان کە دۆست و پشت و پەنا و هێزی پشتگیریی ئەزمونی هەرێمی کوردستانن ،گەرەکیان نییە گۆبەندی بۆ دروست بکەن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران  ، نایانەوێت هەلومەرجەکە بەو جۆرە بشکێتەوە کە نەیارەکانمان مەرامیانە ،واتە ناچنە ناو داوی پیلانی لەباربردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستانی عێراق و شێواندنی ژیانی سیاسیی و ئاسایشیی کۆمەڵایەتیی ئەم بەشەی کوردستان و خۆیان بە کوێخا و پاوانخواز نازانن .

بۆیە  یەم هەڵوێستە نیشتمانیی و نەتەوەییە رەسەن و راستەی  حزبە رەسەنەکانی کوردستانی ئێران بەرامبەر حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گەورەترین سەروەریی لە مێژودا تۆمار دەکرێت .

09/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر