ئەگەر شیوعی‌و گۆڕان‌و یەکێتییە تۆراو بێزاربوەکان نەچن بۆ دەنگدان؟!

بارزان شێخ عوسمان

چەند رۆژێکی تر  لە سەرتاسەری عێراق لە زاخۆوە تا کارکوک و خانەقین و فاو   پرۆسەی دەنگدانی  ھەڵبژاردنە،پێش وەختەکەی  ئەنجومەنی نوێنەرانی  عێراق بەڕێوە دەچێت . 

بەگوێرەی ئامارەکان بیست وچوار ملیۆن  کەس مافی دەنگدانیان ھەیە ،مونافەسەو فڕکان فڕکانە سیاسییەکان بۆ بەدەستھێنانی سێ سەد و بیست  و نۆ  کورسیی پەرلەمانی یە . وەک  راپرسییەکان  ئاماژەی  بۆ  دەکەن  رێژەی بەشدارییکردن   کەمتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت بە بیانوی  زۆر ، لەوانە :- نەبونی  خزمەتگوزاریی ، بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ریشە کێش نەکردنی  ،بەردەوامیی  بە تاڵانبردنی سامانی  وڵات  و....  ھتد  .بەڵام  وەک  دەردەکەوێت  ، عەرەبەکان سونە وشیعە بە چڕیی بەشداریی دەکەن   و  دەنگ دەدەن بە کاندیدا و لیستی  حزب و رەوتە ئیسلامییە تەقلیدییەکان  کە  ناسراون .لە کوردستانیش دەنگدەر و لایەنگر و دۆستانی پارتی  دیموکراتی  کوردستان  بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداریی ئەکەن ،بۆیە بێش بینی  ئەکرێت  پ د ک ژمارەی  دڵخوازی خۆی مسۆگەر بکات ،   ئیسلامییەکانیش بە ئیخوانیی و سەلەفیی  و تەنانەت  بزوتنەوەش بەھەمان شێوە   بەشداریی چڕ دەکەن ،ئیسلامییەکان  فێڵێکی تریان دۆزیوەتەوە  ئەویش لیستی سەربەخۆیە  کە  پاشخانی ئیسلامیی ئیخوانییان ھەیە لەگەڵ  ھەندێک لیستی تر کە بەشێکیان بۆ ئیسلامییەکانە ئەوی تریش  ئەچێتەوە گیرفانی پارتی. ئەوەی کە تێبینی  دەکرێت  پێ دەچێت  یە کێتییەکان ، گۆڕانەکان   و شیوعییەکان ھێزە چەپەکانی تر  بەو شێوەیە نەچن بە پیر ھەڵبژاردن و دەنگدانەوە، کە بە تەنیا یەکێتیی و گۆڕانەکان  بە پێی ئاماری  ٢٠٠٩  نزیکەی  نۆسەد  سەد ھەزار دەنگدەرن ئەگەر  زیاتریش  نەبن . 

بایکۆت  و خەمساردیی ئەو دەنگدارانە  زیانێکی  گەورەیە لە دیموکراسیی (بە تایبەتیی لەوەی پێی ئەوترێت زۆنی سەوز)، خزمەتێکی  گەورەی  رەوتی  ئیسلامیی  و تاریکپەرستی  و ئیسلامیزەکردنی کوردەواریی  دەکەن،  بە  ھەمان شێوەی  ئەوەی ساڵی١٩٩٢  لە جەزایر و  ساڵی ٢٠٠٦ لە کەرتی غەزەی فەلەستین  رویدا، بەخۆیان بزانن یا نا .

رەنگە  بیانو بھێنرێتەوە  کە ھەمان  دەم وچاو، ھەمان جەماعەت دوبارە ببنەوە ،بەڵام  ئیسلامییەکان لە زۆنی سەوز باڵا  دەست بن لەم ھەڵبژاردنەدا ،سەرباری  گەندەڵیی  ئەو ئازادییەش  لە خەڵک زەوت ئەکەن کە ھەیە و خۆیان ئامادەدەکەن  بۆ  ھەلێکی تر  تا شەریعەت  بەوپەڕییەوە  بسەپێنرێت . ئیسلامییەکان بە ھەموجۆرەکانیانەوە  لە ماوەی بیست وپێنج ساڵی  رابردودا بەخشکەیی  بەپارەی  قەتەڕ و سعودیی و ئیمارات  و تێرۆریزمی نێودەڵەتیی ،ھەر لە گۆشتی خێرەوە  تا دەرسی قورئان  و  سەیرانی  ئیسلامیی ،حیجابەکەی  حەسەن بەنا  و قەڕزاویی ،حیجابی   عەرەبی دواکەوتو و عەرەبییان    سەپاند  و کردیانە نەریت،بەجۆرێک   کە سەرکردایەتیی و کارگێڕ و ئەندام  مەڵبەندەکانی  حزبێکی  وەک  ی ن ک  ھەم  موحەجەبە بن ،ھەم  داکۆکی  لە  رەمزەکانی  ئیسلام بکەن ،واتە بە شێنەیی و بەقۆستنەوەی  دیموکراسیی کەخۆیان تۆزقاڵێک باوەڕیان پێی نییە  باڵا دەست بون ھەرئەوەندەیان زەحمەتە  بە ھێز و چەک بێت یان لەرێی ھەڵبژاردنەوە  بەخۆیان  و کەسە بە ناو سەربەخۆکانیاناوە خۆیان بسەپێنن.بەداخەوە ئەمە واقعێکی تاڵە  کە دەسەڵاتی کورد  و سەرکردایەتیی کوردستان لێی بەرپرسیارە .بە بڕوای  من  بەشداریی کردنی   چەپ و ئازادیخواھانی  راستەقینە  و ،خاوەن بیری پێشکەوتنخواز  و مەدەنیی و یەکێتییەکان  و گۆڕان  ،کە زیورن یا  لەبارودۆخەکە بێزارن  ،ئەو فرسەتە نەدەن بە ئیسلامییەکان  سەرباری سارنج و تێبینییەکانیان لەسەر ھەندێک  لە کاندیداکانیش ،تائۆباڵی تاریکیی و نەھامەتییەکی  گەورە  و   ئیسلامیزەکردنی  کۆمەڵی کوردستانیان نەکەوێتە  ئەستۆ ،کە لە راستیدا  ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە .

24/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر