ئەرێ چەک ھەڵگرتنی بێ موڵەت‌و بەمۆڵەت یانی چی؟!

بارزان شێخ عوسمان

  دوبارە  لیژنەی  ئەمنیی  سلێمانی کەوتەوە خۆ  بۆ بنبڕ کردنی  دیاردەی، چەوت و ناشارستانیی   چەکداریی  و رێگرتن لە خۆ بادانی ھەندێک و خۆ سەپاندنی بیر تاریک و  وشک و کرمێ بوەکان بەچەکەوە . 

وەنەبێت ئەو دیاردە  قێزەونە بەھەمان شێوەی حیجاب ، تەنیا لە سلێمانی  بوبێتە  نەریت ، بەڵکو لە  ھەولێر  و دھۆک  و تەواوی عێراق و بگرە  ناوچەکەیشی  گرتۆتەوە . 

بەردەوامبونی  دیاردەی چەکداریی  و خۆ بادان بەم  کەرەستە تۆقێنەر و مرۆڤ کوژە ئاماژەیە بۆ :- 

-دواکەوتویی کۆمەڵ  و بێ فەرھەنگیی، 

-بێ متمانەیی خەڵک  بە  حکومەت و دامەزراوەکانی  پۆلیس  وسیستمی دادگەریی ، 

-سەروەر نەبونی قانون بەسەر تەواوی  ئەندامانی کۆمەڵ و،زاڵ بونی چینی  دەسەڵاتداران  و خوداپیاوانی  سەرمایەداران  خاوەن کۆمپانیاکانی پەترۆڵ  و سیتییە ز ەبەلاحەکان بەسەر جومگەکانی  دادگەرییدا ،- 

- برەودانی گەورە  لێپرسراوانی حزب ودەوڵەت لە عێراق و کوردستانیش بە ھێزی چەکداری  دەرەوەی  دەرەوەی سیستمی بەرگریی وڵات و ھەرێم ،  بۆ  جێبەجێکردنی مەرامی  خۆیان (سەرانە،ھەڕەشە لە نەیارانیان تا رادەی چەتەگەریی و کوشتن ) ، 

ئەوانە و بێ سەروبەریی  و پاشاگەردانییە سیاسییەکانیش  فاکتەرێکن  بۆ   ئەم  دیاردەی  چەکدارییە  کە بوەتە بەڵایە ک و ھەر  رۆژە  لە ناوچەیەک  گیانی  ،ژن ،مناڵ ،کاسبکار،  فەرمانبەر ،سیاسیی و رۆژنامەنوسان  ئەکاتە  ئامانج . بۆیە  بنبڕ کردنی  دیاردەی  چەتەئاسای چەکداریی  چەندە پەیوەستە  بە  رێکار و رێوشوێنە  ئەمنیی  وحکومییەکان ،دو ئەوەندەش  پەیوەستە   بە  جێگیریی و ئۆقرەیی  سیاسیی ، ئابوریی ،حکومیی ، فەرھەنگیی و کلتورییەوە . واتە  پێویستە   زەمینەیەکی  گشت گیر   و ھەمەلایەنە خۆش بکرێت  بۆ  ئەوەی   ببڕای  ببڕا   خەڵکی ئاسایی  چ حزبیی بێت یا نا ،توخنی  ئەم بەڵا مرۆڤ کوژە  نەکەوێت  و چەک تەنیا  بەدەست  ھێزە رەسمییە  ئەمنیی و پێشمەرگەیی یەکانەوە بێت ،ئەویش  لە  سەربازگە  ، سەنگەرەکانی بەرگریی، سنورەکان ، بنکەکانی پۆلیس  و ئاسایش  و شوێنە  تایبەتەکان ، ئیتر پێویست ناکات  پێشمەرگە ،ئاسایش، سەرباز ،پۆلیسی (ناوخۆ ،گمرگ،سنور ، وەڵاتنامە ، .......ھتد ) لە ناوشار و ماڵەوە  چەکیان پێ بێت .پێویستیش ناکات   گەورە لێترسراوانی  دەوڵەت  لە سەرکۆمارەوە  تا بەڕێوەبەری پۆلیس  ئاسایش و  ئەندامانی مەکتەبی  سیاسیی  حزبەکان  بە کەژاوەی  چەکداران بە  جادەو بانەکاندا  بڕۆن  ،وەک نمایشی سەربازیی خۆیان بنوێنن  . 

خاڵێکی  تر ھەیە  کە مایەی سەرنجە ئەویش مۆڵەتدانە  بە  چەک ھەڵگرتن   کە  زۆر  نالۆجیکی  و ناماقوڵە! باشە  ئەوی پێشمەرگە ،ئاسایش ،ئەندامو مەسئول  (مەڵبەند ،ناوچە )و چی و چی ، ئەمی پارلەمانتار ، ئەوانی  پاسەوانی سەرۆک وەزیر و وەزیر    بۆچی  لە دەرەوەی ئەرکە  رەسمییەکانیان  چەکیان پێ بێت و لە ماڵیاندا  بێت . کاتێک  ھێزی ئاسایش و پۆلیس و ئەمنییەکانی  تر  ئەرکی پاراستنی  سەرو ماڵی  خەڵکیان   پێ سپێراوە  ،ئیدی بۆچی  ئەوانە  بەدەر بن  لەخەڵکی تر ؟!کەواتە  متمانە  بە توانای  ئەو ھێزانە  ناکەن  یا ئەوەتا خۆیان  بە عەنتەر و گەورەتر دەزانن ،کە ھەردو حاڵەتەکە  خراپ و کارەساتن . 

واتە  ئەو کاتە  ئەم بەڵا و وەیشومەیە  کۆتایی دێت  و و دیاردەی بۆگەن و ناشارستانیی چەکھەڵگرتن    بنبڕ  ئەبێت  ، کە شتێک نەمێنێت بە ناوی  پیاوکوشتنی  بە مۆڵەت  ،ھەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی  بە مۆڵەت ،   ژن و کچ کوشتنی بە مۆڵەت، سەرانەسەندن و چەتەگەریی  و  رۆژنامەنوس کوشتن و  قەرزار دار کوشتنی بەمۆڵەت  و بێ مۆڵەت . چونکە  کە حکومەت  موڵەت بدا بە  کەسێک  چەک ھەڵبگرێت ،  نایکاتە رۆبۆت  تا  وەک چەکدارێکی مێشک وشکی کەلە رەقی بێ  مۆڵەت  کەسێک ،ژنێک ،سەرنشینی تاکسی یەک  نەکوژێت  !. 

دەبێت  حکومەت لەپاڵ   رێکارەکان ،لەپاڵ ھەڵمەتەکانی بنبڕ کردنی دیاردەی بۆگەنی  چەکداریی وخۆبادان بە چەک ،ھەڵمەتی  ھوشیاریش بۆ بێزاوتن  و ئەفەرۆز کردنی  چەک  و تفەنگیش  دەست پێ بکات ، بەوەی چەک  تەنیا دژی داگیر کاری شۆڤێنیی و دینیی  خۆشەویستە کە بەدەستی  پێشمەرگە و دژە تێرۆر  و سەربازانەوەیە لە سەنگەرەکانی  روبەڕوبونەوەدا ،نەک  لە سەر جادەکان بۆ کوشتن و  رفاندنی خەڵک لەم شار بۆ ئەو شار!
     
ئیدی ئەگەر بەراست ئامانج بنبڕ کردنی  دیاردە و نەریتی چەکدارییە  ،با بڕیاری یەکلایی کەرەوە بدرێت وەک چۆن ساڵی ١٩٩٥  بڕیارەکەی  مامجەلال لە سلێمانی دواتر  لە ھەولێرێش  وەک خۆی جێبەجێکرا  ،  دیاردەی چەکداریی   بوە شورەیی و نەنگی

11/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر