بایکۆتی کاڵای تورکیاو شەڕی بوون

ئومێد حەمەعەلی

 شێوازە جیاوازەکانی خەباتی گەلان لەپێناو ماف و داخوازییە نیشتمانی, نەتەوەیی و ئینسانییەکاندا فرە رەهەندن, ئەمەش دەرفەت و رەوایەتی بۆ ئێمە دروستکردووە تاکو هەندێ لەو رێگە سەرکەوتووانە تاقیبکەینەوە, کە لەگەل ڕۆحی دیموکراتی و ئەخلاقی مرۆڤدۆستانەدا تەبا دێتەوە, ئەمە سەرباری ئەوەی دوژمنانی ئێمە فاشیستن لە خراپترین ئاست دا و دڕندەن لە مانای تەواوی دڕندایەتیدا. 

 گەلێک بییەوێت شەڕی بوونی ڕاستەقینەی خۆی بکات و ڕەسەناێتی خۆی بپارێزێ بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ئەقڵ و ئامڕازە فاشیستییەکان ببات, لانی کەم پێویستە قودرەتی یەکێک لەساکارترین ڕووبەروبونەوەکانی ببێت, کە ڕەتکردنەوەی ئەو کاڵا و بەرهەمانەیە بەشیوەیەک لەشیوەکان پایە و هۆی بەهێزبوون و پێشکەوتنی دوژمنترین و فاشیستترینی دوژمنەکانێتی. 

 هەندێ جار پرس و گومانی جیاواز لەسەر ئەم فۆرم و شێوازەی رووبەڕووبونەوە دروستدەکرێت بەمەبەستی جیاواز, بەشێک لەو گومانانە ئاراستەکراون و ئامانجیان ئاستەنگکردنی ئەو هەنگاوەیە و ساردکردنەوەی خەڵکی کوردە لە بەشداریکردنیان لەم شەڕە مەدەنییەدا, کە تەنیا ڕووبەرووبونەوەی دوژمن نییە, بەڵکو هۆکاریی دروستکردنی خوانێکی هاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەلگەی کوردستان و خوڵقاندنی هەستێکی قووڵ و بیرکردنەوەی هاوبەشە. ئەم خوانە هاوبەشە بەنیسبەت دوژمنانی کوردستانەوە, بەنیسبەت فاشیستە دوژمنەکانەوە زۆر لە بایکۆتکردنەکە ترسناکترە. 

 ئەوەی پێویستە لەم ڕۆژگارەدا بیری لێ بکەینەوە ئەو نائومێدی و ئومێدانەیە کە ئەشێ بەهۆی جوڵە و هەڵوێستی ئێستامانەوە داهاتووی سیاسیمان داگیربکەن. بایکۆت و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی کاڵای تورکیا سەرەتایەکی هاوبەشی خەباتی هەر ئینسانێکی کوردە لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی سیاسی و حیزبی. ئەم تێکۆشانە قووڵ مەدەنی, کەسی و دەستەجەمعییە دەکرێ بەشێک لەو دووری و لێکترازانانە لەنێوانماندا کەمبکاتەوە و نەهێڵێت کە ئایدۆۆژیا و حیزب دروستیانکردوون.
بەڵێ بۆ بایکۆتی تورکیا


29/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر