فاشیزمی بنەماڵەكان

ئومێد حەمەعەلی

  ئەوەی لەكۆتا تاوانی دژ بە غالب محەمەد دا دەردەكەوێتەوە ئەقڵی فاشیستی و  ناوەرۆكی تیرۆریستییانەی پەیوەندی و بەرخوردی دەسەڵاتە لەگەڵ ماف و ئازادی بیركردنەوە و ڕادەربڕین و، دەركەوتنەوەی ئەو وزە ترسناكە وەحشیگەرەشە كە دەیەوێت ئەویتری جیاواز، ئەویتریی نەیاریی سیاسی خۆیی لە ئاستێكی سەرەتایی وێرانكردن و كوشتندا، بكوژێت. بۆ ئەوەی ڕوونتر ئەو ڕۆحە وێرانكەرە كوێر و دڕندەیە ببینیت لەنزیكەوە لە ڕووخسار و ئاسەواریی زیاتر لە دە شوێن چەقۆ وردببەرەوە، كە لە غالبدا جێیهێشتووە، كێ جێیهێشتووە، بە دڵنیایی ماشێنە فاشیستییەكە، دامەزراوەیی جێبەجێكاریی ئەقڵ و خەیاڵی فاشیستییانەی كوشتنی هەموو جیاوازییەك، هەموو دژبەریی و جەمسەرێكی ناكۆك بەخۆی. ئەوەی ڕوویدا مایەی شۆكبوون نییە، لەبەرئەوەی ئەو دەسەڵاتە لە دیوێكی تەماشاكردنەوە ئەتوانین وەك دامەزراوەی فاشیستی بیخوێنینەوە، كە تەنیا ئەشێ وەك فاشیزمی ئەقڵی خێڵ و حیزب و بنەماڵەكان و دەستە و گروپی سیاسی هەندێ جار نەكڵۆك باسیبكەین. كاتێك باسیی شۆكنەبوون دەكەم، بە دڵنیایی لەسەر بناغەی ئەو مێژووە خۆدووبارەكەرەوەیە دەیڵێم، كە ئەزمونمان كردووە و لە تاوانەكانی مامەڵەی فاشیستییانە لەتەك بیر و جوڵەی ئازادانەی جیاوازدا زۆر دەوڵەمەندترە لەوەی ڕووداو و تاوانی لەو شێوەیە شۆكمانبكات. بەڵام ڕوویەكی تریی كردەوەی وەحشیگەریی لەم شێوەیە دەرگامان بۆ دەكاتەوە تاكو باشتر لەناسینی ئەو جەوهەرە ترسناكە فاشیستی و وەحشییە نزیكببینەوە، كە لە هەناوی دەسەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت و هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەی خۆلێلانەدراوە لەسەر هەموو مرۆڤێك بێ جیاوازیی و، ڕاستەوخۆتر لەسەر هەموو مرۆڤێكی ڕاشكاویی جیاواز و نەیاریی فیكریی و سیاسی ئەو فۆرمە سەرلێشێواو و فاشیستییەی فەرمانڕەوایی بنەماڵەیی و كاڵتر لەوە فەرمانڕەوایی حیزبی و تۆختریش لەهەموو شتێ فۆرمێكی مافیاگەریی سیاسی، ئەمنی و دارایی، كە هەنوكە یاریی بە ئێستا و چارەنووسی میللەتی ئێمەوە دەكات. وردبوونەوە، بەدیقەتەوە تەماشاكردنی ئەو شوێن چەقۆیانەی بە ڕووخساریی غالبەوە دەیبینیت پێش ئەوەی واتلێبكات بیر لەوە بكەیتەوە بكەری تاوانەكە كێیە و كێی لەپشتەوەیە، یان ئەشێ كامە دامەزراوەی ئەمنی حیزبی و بنەماڵەیی بكەریی ڕاستەقینەی تاوانەكەبێت، ڕاستەوخۆ بیر و خەیاڵت ئەچێتە سەر ئەو ڕۆحە سارد و وشكهەڵاتووە فاشیستییەی ئامادەییەكی گەورەی هەیە، ئامادەییەكە بۆ ئەوەی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئەویتری جیاواز هەلاهەلابكات، ئەمە ڕۆحێكە، بیر و غەریزەیەكی وەحشییە دەیەوێت ڕوونتر و بێباكانەتر خۆی دەربخات، دەیەوێت چیتر خۆی نەشارێتەوە، بە ڕووخساریی خۆیەوە بڵێت ئەوە منم، نە دەمامك و نە ڕووپۆشێك دەكەم، كە تەعبیر لە شەرم و خۆشاردنەوە بكات. ئەم ئەقڵە فاشیستییە كە لە نوكی چەقۆكەی سەر ڕوومەتی غالبدا بینیم، شتێك دەڵێت گەورەتر لەوەی ئینسانێ برینداربكات، قووڵترە لەوەی بیەوێت دەنگی نەخێرێكی دژی خۆی خامۆشبكات، نوكی ئەو چەقۆ فاشیستییە دەیەوێت بڵێت تاوان بە تاوانێكی تر، نابوتی بە نابوتییەكی تازەتر، برین بە برینێكی قووڵتر و فاشیستیانەتر دادەپۆشێت.  

  چەقۆكەی سەر سەریی زامداركراویی غالب لە ڕەگەزیی ئەو فیشەكانەیە گیانی سەردەشت عوسمانیان كێشا و، لە بنەچەی ئەو فیشەكە نەفرەتییەیە كاوە گەرمیانیی لە باوەشی دایكیدا بۆ دوا مەنزڵی ئەبەدیی خۆیی بردەوە. فیشەك هەر فیشەكە مادام بەسەریی ئازادییەوە بنرێت، فیشەك هەر فیشەكە مادام بە گیانی ئەویترێكی جیاوازەوە دەنرێت. فاشیست هەر كەسێكە، هەر هێزێكە تەنیا لەبەر ئەوەی وەك ئەو بیرناكەیتەوە و نادوێت بەهەر ڕێگایەك بۆی بكرێت وردت دەكات و دەتكوژێت. ئەوەیە ئەو ڕووە فاشیستییە ترسناكەی نوكی چەقۆكەی سەر ڕووخساری غالب نەك تەنیا ئەینوێنێتەوە، زیاتر لەوەش بەرجەستەی كردۆتەوە.


04/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر