هێزی كوشندە

ئومێد حەمەعەلی

هێزی كوشندە گوزارشتە لە دەركەوتنی ڕۆحێكی تێكشكاو و ترسێكی كۆنتڕۆڵنەكراوی دەستەیەكی سیاسی دەسەڵاتخواز، گوزارشتە لە گیانێكی بەزیو و هیچوپوچ، كە هیچ ڕەوایەتییەكی ئەخلاقی و دیموكراسی بە كۆمەڵگە و ئازار و داخوازییەكانییەوە نایبەستێتەوە.

هێزی ناو دەسەڵاتێكی بێ بناغە و داڕماو، هێزی سەردەمێكی بەسەرچوو، ئەخلاقی ڕزیوی دیكتاتۆریەت و خۆسەپاندن، نەزعەی لاسایكەرەوەی بێ ئاكامی نابوتی سیستمە تاكڕەو و توندوتیژ و دژەمرۆڤییەكان هیچ بەدەستناهێنێت جگە لە ناڕەوابوون و ڕسوایی سیاسی و ئەخلاقی زیاتر.

ئەوەی بەرانبەر خوێندكاران ئەنجامدرا تەنیا دەركەوتنەوەی زیاتری ئەو ڕۆحە تێكشكاو و كوشندە و داڕزیوە دیكتاتۆرییەیە، كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی بنەماڵەی سیاسی قۆرخكار و خۆسەپێن لە هەموو ئاستێكدا تەعبیری لێ ئەكات.

ئەم توندوتیژی و پەلاماردانە دڕندانەیە بۆ سەر كوڕ و كچی ئەم نیشتمانە بڵقدانی ئەو جەوهەر و ناوەرۆكە فاشیستییە حیزبی و بنەماڵەییەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە، كە لە بەشێكیدا یەكێتی و لە بەشێكی دیكەیدا پارتی نوێنەرایەتی دەكەن.

ئەم هێزە كوشندەیە تەنیا خەونی دروستكردنی گوێڕایەڵی كۆمەڵگەیە، خەونی ملدانی مرۆڤە بە چەوسانەوە، خەونی دروستكردنی فەزایەكە ئازار ئاسایی و نۆرماڵ وەربگیرێت، خەونی خوڵقاندنی دۆخێكە ئازادی بە بێدەنگییەوە ببەسترێت و، بوون و ژیانیش تەنیا بە لقی شكاو و بۆگەنبووی نوخبەیەكی نابەرپرسیار و بێ چارەنوسەوە گرێبدرێتەوە. ئەم هێزە تەنیا یەك خەونی هەیە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ هیچ خەونێك بە ژیانێكی ترەوە نەبینێت.

23/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر