دیسان ئێمە و پلاسخارت

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
ئێمە وازمان هێناوەو پلاسخارت وازمان لێناهێنێت، رۆژی سێ شەممە 17ی ئەم مانگە، جینین پلاسخارت نوێنەری یونامی لە عیراق، لە راپۆرتەکەیدا لە بەردەم کۆبۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە بارەی رەوشی عیراق، هاتە سەر باسی باردۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، لە رێڕەوی قسەکانیدا باسی لە چاڵاکییەکی پارساڵی زانکۆی کوردستان کرد، هەندێک لە قسەکانی خۆی بیر ئامادەبووان هێناوەیە کە گوتبووی: پێویستە لەسەر هێزو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم  یەکگرتووبن، بەڵام دیاربوو لە قسەکانی پارساڵ ئومێدەوارتربوو، وەک لەوەی ئەم ساڵ، چونکە دۆخی دابەشبوونی سیاسی و ئابووری، نەک باشتر نەبووە، بەڵکو زیاتر قووڵ بووتەوە. 

نوێنەری یۆنامی لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە، کە جێۆ سیاسیەکەی هی ئەوە نییە، میللەتێک بەم دۆخەوە بێخەم لێیدانیشێ و هەروەک کورد دەڵێ: نەبای بێ و نەباران. دیارە قەدەری کورد وایە، هیچ رووداوێک ناتوانێ رایچڵەکێنێ، هەروەها ناتوانێت مەترسیەکانیش ببینێت تا ئەو کاتەی روودەدەن، ئەمەش قۆناغی عەقڵی منداڵییە، تا دەستی نەسووتێت، ناتوانی درک بەمەترسی ئاگر بکات.

دیدارەکەی پارساڵی زانکۆی کوردستان لە بارەی پرسی یەکبوون و دەستوورو هەڵبژاردن، هیچیان ئەنجام نەدراون، هەرچەندە هەڵبژاردن ماوەی پێنج مانگی ماوە، بەڵام وەکو دیارە ئەویش لەم کاتەدا ناکرێت، سەرباری خراب بوونی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی هێزو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لە لایەک و لەگەڵ هێزو لایەنە عیراقییەکانیش لەلایەکی تر، دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە وکاریگەری خرابی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان داناوە، بەجۆرێک جوولەی بازاڕی زۆر سست کردووە و هەندێک لە سەرمایەداران بەرەو شوێنەکانی تر روویان وەرگێڕاوە.

هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەوەی لە توانای خۆی و دامەزراوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بووە، هەرلە پرسی یەکبوون و کۆی پرسەکانی تر درێغی نەکردووە، چەندین پەیام و دەستپێشخەری بۆ چارەسەری گرفتەکان خستوونەتە روو، بەلام لایەنە سیاسیەکان وەڵامێکی ئەرێنیان بۆ ئەو پەیام و دەستپێشخەریانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبووە،  ئێستاش درەنگ نییە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان وەڵامی ئیجابیانەی پەیام و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بدەنەوە. 

پێش هەموو لایەکیش روو لە حزبەکەی خۆم دەکەم، دەڵێم: سەروەریەکی گرنگ و گەورەیە، وەک چۆن هەمیشە لە رابردوودا لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا قوربانیتان بە مافە حزبییەکانمان داوە، بەهەمان دیدو تێڕوانینەوە بۆ ئەم قۆناغەش وابکەن، هەرچی گیرو گرفت هەیە، بۆخەڵکێ کوردستان روونی بکەنەوە و کۆسپەکانی بەردەم چارەسەرییەکانیش دیار بکەن، بۆ ئەوەی بەرپسیارییەتی مێژوو نەکەوێتە ئەستۆمان. بەبێ یەکبوون و یەکگرتووی، نەک هەر ناتوانین دەسکەوتی زیاتر وەدەست بێنین، بەڵکو ئەوەی ئێستاش هەیە لە دەست دەچێت، وەک پلاسخارت پارساڵ گووتی: تکایە ئەو دەستکەوتانە بەکەم مەزانن، سەت ساڵی خوێن و فرمێسکی لە پێناورژاوە، تکایە چیترخەڵکی دڵسۆزو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەوە زیاتر بێ ئومێد نەکەن. 

18/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر