سوید و فنینلەندا لەسەر ژماردنی کورد دەبنە ئەندامی ناتۆ

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
هەردوو وڵاتی سویدو فنیلەند داواکاریان پێشکەش کردووە بۆوەرگرتنیان وەک ئەندام لە هاوپەیمانی سەربازی ئەتلەسی ناسراو بە ناتۆ، لە نێو هەر سی ئەندامەکەی ناتۆ، تورکیا بەپلەی یەک رازی نییە، ئەمریکاش پشتگیریان دەکات، بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆدا، ناڕازی بوونی تورکیا کۆتایی نییەو دەیەوێت ئەمریکا هەندێک داخوازیەکانی جێ بەجێ بکات، سەرەکی ترین داخوازی تورکیاش یان رازی بوونی لەسەر داواکاری ئەو هەردوو وڵاتە بۆ نێو ناتۆ، رێگەدانی ئەمریکایە، بە دروست کردنی پشتێنێکی ئەمنی لەسەر حیسابی کوردانی رۆژئاواو نەهێشتنی ئەو ناوچەیەی کەبەدەست هێزەکانی هەسەدەوەیە، هەرچەندە هێشتا دیمەنەکە زۆر روون نییە، کە ئەمریکا بەم داواکاریەی تورکیا رازی دەبێت یان نا، بەڵام  باڵێۆزی ئەمەریکا ماتیۆتولەر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دامەزراوەی مێریدا.

بەسەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی رازی بوونی ئەمەریکا دادەنرێت، چونکە باڵێۆز تولەر لەبارەی رۆژئاوادا دەڵێت: ئێمە هیچ بەڵێنێکمان بە هەسەدە نەداوە، بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیی، هاوپەیمانیەتی ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە چوارچێوەی جەنگی داعشدایە، هەسەدەش ئەم راستییە دەزانێت ، سەرسوڕمانی خۆشی دەربڕی لە پەیوەندی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و پەکەکە. 

دیارە هەمیشە لەوناوچە ئاڵۆزەی ئێمەدا، هەر رێکخستنەوەیەکی پەیوەندییەکان ببێت، یان وەدەست هێنانی دەسکەوتی وڵاتان بووبێت، لەسەر ژماردنی گیرفانی ئەو گەلە خێر لەخۆ نەدیوە بووە، لە ئێستا سوریا لە رێگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتدا، خەریکی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسڕائیلدا، سەیری ئەو هاوکێشە سیاسییە بکەن، ئەمریکاو تورکیا پەیوەندییەکانیان لەسەرحیسابی کوردە ، سوریاو ئیسرنئیل پەیوەندیان دروست دەکەنەوە هەردیسان کورد دەبێتە قوربانی، سوید و فنیلەند دوو وڵاتی ئەوپەڕی باکوری ئەوروپان، لەسەر حیسابی کورد دەبنە ئەندامی ناتۆ، رێکخستنەوەی هەر پەیوەندییەک لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت کورد فاتورەکەی بدات ، ئەمە بەشێکی زۆری حوکمی سوڵتانی جوگرافیای سیاسییە و بەشێکی تریشی پەیوەندی بە نەزانین و عەقڵی کوردەوە هەیە، ئاخرئەگەر بەدبەختی ئەو میللەتە نەبێت، پەیەدە ئێوە بۆچی واز لەو وێنە زەبەلاحانەی ئەو قوڕبەسەرەی زیندانی ئیمڕالی ناهێنن، دەبا کیانەکەتان بچەسپێت، ئەو کاتە هەموو شەقامەکان پڕ کەن لەوێنەی رێبەری گەورە؟؟؟!!! لە چەشنی وێنەکانی سەرکردە زەروورەکەی ئومەی عەرەبی سەددام حسێن، ئاخر بۆ وا پەلەتانە بۆ هەڵواسینی وێنەکان، خۆ هێشتا ئەو کوردە هەژارە تێریان نەخواردووەو و هەوای ئازادیان لە ژێر ئاڵای پڕ لە ئەستێرەتان هەڵنەمژیوە. هەرنا بۆ تاکتیکیش بێت بۆماوەیەک واز لەو دوو سێ پیرەمێردەی نێو ئەشکەوتەکان بێنن، کە رۆژانە چەندین گەنجی کورد بە کوشتن دەدەن، چ چەکداری خۆیان بن، یان ئەو سەربازە کوردانەی کە تورکیا لە بەرەی پێشەوەی شەڕ دایان دەنێت، بۆ ئەوەی بکوژرێن، لە هەردوو بەرەی شەڕ هەر گەنجی کوردە دەکوژرێت، سەیری لیستی ناوی سەربازە کوژراوەکانی تورکیا بکەن، دەبینن زۆربەی هەرە زۆریان کوردن، ئەگەر ئێوە راست دەکەن ناسیۆنالیستن، نابێت هیچ کوردێک بکوژن، با سەربازی دەوڵەتیش بن، سەیری مێژووی ناسیۆنالیستی ئیسڕائیل بکەن، هیچ خائینێکی ئیسڕائیلیش ناکوژن، نەتەوە بەم شێوەیە دروست دەبێت، نەک تۆ هەر ئەو کەسانە بە کورد بزانی کەلەگەڵ خۆتن، هەموو ئەوانی تر خائین و خوێن حەڵالن.  

تێبینی/ وشەی رێبەری گەورە لە رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆڕوێل وەرگیراوە.

25/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر