ئەمجارە عیراقیەکان شۆڕش ناکەن

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

کێشمە کێشی ئێستای عیراق لە نێوان رەوتی سەدر لەلایەک و مالیکی و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی تر، عیراقی بردۆتە سەر رۆخی گۆمێکی قوڵ، دەکەوێتە ناوی، دەگەڕێتەوە؟ یا تا کاتێکی نادیار هەرلەسەر لێوارەکەی دەمێنێتەوە ؟ بۆچوون و شی کردنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، ئەوەی لە مێشکی سەدر دایە، ئەنجامدانی شۆڕشێکی سەرتاسەرییە، کورد گوتەنی: دار لەسەر بەرد نەمێنێت، دواتر خۆی بەو جۆرەی دەیەوێت عیراق دروست بکاتەوە، چونکە ئەو لەو بڕوایە دایە بەم شێوازە نەبێت گەندەڵی بنبڕ نابێت، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو هزرە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە مێژووی سیاسی سەت ساڵی رابردووی عیراق، بەڵام  عیراقیەکان لە ڕابردوو ئەم بژاردەیان تاقی کردۆتەوەو هیچ ئەنجامێکی باشی نەبووە، بەڵکو جار لە دوای جار خرابتر بووە، بۆیە پێناچێت ئەمجارە عیراقیەکان ئەو هزرو بژاردەیەی سەدر تاقی بکەنەوە، واتە شۆڕش بەرپا بکەن، چونکە لە دۆخێکی وەهادا ئەبێت بیست تا سی ساڵی تر چاوەڕێ بکەن، تا دەگەنەوە دۆخی ئێستا، بنیاتنان و دروست کردنەوەی دامەزراوەکان کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، ئەگەرچی راستە ئەو دامەزراوانەی ئێستا هەن لەڕو لاوازو لەرزۆک و گەندڵن ، بەڵام لە ناوبردنیان بەهۆی شۆڕشەوە خرابترە، بۆیە ئەوەی هەیە لە دەستوورو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە قۆناغ چاک بکرێن و بەهێز بکرێن واتە پشوویان لەگەڵ درێژ بکرێت باشترە.

 سیاسەت پشوو درێژی دەوێت، هەرسیاسیەک پشوو درێژ نەبێت،  وڵاتەکەی دووچاری کێشەی گەورە دەکاتەوە، ریفۆڕم بە کودەتاو شۆڕش ناکرێت، بەڵکو بەدامەزراوەکان دەکرێت، با لە ئێستاشدا دامەزراوەکان گەندەڵ و لاوازبن، بەڵام لە رێگای هەڵبژاردن و رێکخراوەکانی سەربەخۆی کۆمەڵی مەدەنی و مێدیا و راگەیاندنەوە باشتر دەبن، ناکرێت لەم ئامرازانە زیاتر دەست بۆ هیچ ئەگەرو ئامرازێکی تر ببەن، بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی شۆڕش و ڕاماڵین، دەمێکە کاتی بەسەرچووە، ئەم بۆچوونە هزری رادیکاڵی مارکسی و ئاینی سیاسیە پێکەوە، جگەلە ماڵ وێرانی بۆ گەلان هیچی تری پێ نییە و پێشی نەبووە، بۆیە پێموایە عیراقیەکان لەم دۆخەدا مەیلی ئەو بژاردەیە ناکەن، هەرچەندە شۆڕش وشەیەکی سیحرئامێزە و خۆی لە وێنەی فریشتە نیشانی مرۆڤەکان دەدات، وێڕای ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە هەوڵێکی وا ناکات و رێگاش نادات ئەمە بکرێت، بۆیە جگەلە گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوە یاسایی و دەستورییەکان؟ هیچ بژاردەیەکی تر لەبەردەم هیچ هێزێکی سیاسی تردا نییە، پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێموایە دەبێت کورد لەگەڵ سیاقە دەستوریەکاندا بێت.

05/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر