ئەم هەڵبژاردنە چی پێگوتین

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
هەڵبژاردنی ئەم جارە ئەگەر هیچیش نەگۆڕێت، بەڵام کۆتایی بە کەسانی دەمپیس و جنێوبازهێنا، ئەوانەی پێیانوابوو بە جنێودان دەبنە پاڵەوان و دووبارە دەردەچنەوە، کەچی بوونە پەند بۆ هەموو ئەو کەسانەی دوای ئەوانیش بیریان لەم رێگایە کردبێتەوە، ئەمانە خەڵکیان پێ گێل بوو، وایاندەزانی خەڵک نازانێ یان ئاگادارنییە، کە ئەوان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، هیچ گفتووگۆوبەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو تەنها لە شاشەی تیڤیەکان و پەڕەکانی فەیسبووک جنێو بە پارتی و هەرێم دەدەن .

لایەنێکی تری ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەو بانگەشانەی پەکەکە هێنا کە خۆیان و هەندێک لە خەڵکیش پێیانوابوو ئەوان لەهەرێم بەگشتی و لەناو خەڵکی ئێزیدی ژمارەیەکی قورسن، سەیرکەن نەک پارتی لە شەنگاڵ دەسەڵاتی نییە، بەڵکو نەیانهێشت بۆ بانگەشەش پارتی بچێتە شەنگاڵ، کەچی زۆربەی هەرە زۆری ئێزیدیەکان دەنگیان بە پارتی داوە، ئیدی دوای ئەم هەڵبژاردنە حەقە پەکەکە پێگەی خۆی لەهەرێم بزانێت و تێبگات کە هەرێم بەهیچ شێوەیەک مەیدانی خەباتی ئەوان نییە و خەڵکی کوردستانیش ناگەڕێتەوە بۆ مۆدێلی عەسکەربازی و حزبی قائید.

مستەفا کازمیش ئەگەرلە هیچ سێکتەرێک سەرکەوتوو نەبووبێت، ئەوا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد سەرکەوتووبوو، هەرچەندە هێشتا دیارنییە، ئایا لە دوا ساتەکان و لەژێر گوشارەکان کۆمسیۆن ئەنجامەکان دەستکاری دەکات، لە پێناوی روونەدانی شەڕو ئاشوب لە نێوان لایەنە شیعەکان، یان وەک ئەوەی هەیە رایدەگەێنێت؟  دیارە مستەفا کازمی هێزێکی زۆری راسپاردووە بۆ بەرگری کردن لە سندوقەکانی هەڵژاردن و رێگەنادات ئەمە بکرێت، بەڵام کۆنکریتی تر لەمە ئەوەیە رۆژانی داهاتوو وەڵامی راستی ئەو پرسیارەمان دەدرێتەوە.

بایکۆتی خەڵکی عیراق لەم هەڵبژاردنەدا هەڵەیەکی مێژووی بوو، چونکە یەکەمجارە لە عێراق هەڵبژاردنێکی وا پاک بکرێت، من باسی هەوڵەکانی ئێستای هەندێک لایەنی عێراقی بە پاڵپشتی هەرێمی ناکەم بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان، بەڵام ئەگەر خەڵکی عێراق بایکۆتیان نەکردایە ئەم ئەگەرەش لاواز دەبوو یان هەرنەدەبوو.

خەڵکی عێراق بەگشتی حەقە ئەو راستییە بزان کە جگە لە سندوقەکانی دەنگدان هیچ رێگایەکی ترو شێوازو مۆدێلێکی تر بۆ حوکمڕانی لە دنیای ئەمڕۆدا نییە، بۆیە بایکۆت نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو هێشتنەوەی دۆخی خراب و مانەوەی حزبەکانی دەسەڵاتە بۆهەتا هەتایێ، گەنج و لاوانی عێراق بە خوێنی خۆیان ئەم هەڵبژاردنەیان هێنایە پێشەوەو ئەنجامیاندا، کەچی بەەشداریان نەکرد و خوێنیان بەهەدەرچوو. 

لە هەرێمی کوردستانیش پارتی براوەی یەکەمە، وێڕای چەندین هەڵە و کەم و کاسی لە بەڕێوەبردن و ژیان و گوزەرانی خەڵک، دەرکەوت زۆربەی خەڵکی کوردستان متمانەیان هەر بە پارتییە، ئەمەش لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکودەرەنجامی چەندین فاکتەرە وایان کردووە خەڵک باوەڕی بە پارتی بێت، لەهەمووی کاریگەرتر ئەوەیە خەڵک بە گشتی دەزانن پارتی خاوەن قەزیەیە، ئەگەر هەندێک جارهەڵەش لە ئیدارەدانی ئەم قەزیەیەدا بکات، کە وای کردووە، بەڵام دواجار دەزانن خاوەنیەتی، ئاخر هەرکەس و لایەنێک قەزییە و ئامانجێکی روون و دیارکراوی نەبێت ئەمڕۆش نا، سبەی هەردەدۆڕێت، وەک چۆن ئێستا هەندێک لایەنمان لێ دیارە.

15/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر