هەڵبژاردنی پێشوەختە چی گۆڕی؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
  پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت، ئەو هەڵبژاردنەوەی لەژێر فشاری شەقامی عێراقی زووتر لە کاتی خۆی ئەنجامدرا، زۆرێک لە چاودێران چاوەڕوان بوون  ئەو هەلبژاردنە کۆتایی بهێنێت بە دۆخی چەق بەستووی پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام خەریکە بڵێین وا دەرنەچوو.

ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە عێراق نەک گۆڕانکاری درووست نەکرد، بگرە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئەو جەمسەربەندیەیی لێی کەوتەوە، وا خەریکە گڕێکوێرەی  پرۆسەی سیاسی ئاڵۆزتر دەکات. 

جاران ئەگەر ناکۆکیەکان زیاتر لە نێوانی پێکهاتەکانی عێراق بووبن (شیعە- سوونە یان  شیعە- کورد)، ئەوا ئەمجارەیان کێشەی ناو ماڵی شیعەش بۆتە گرفتێکی دیکەی گەورەتر. لە پاڵ ئەو گرفتەدا ئێستا کێشەیەکی دیکە هاتۆتە پێش،  ئەویش غیابی رۆڵی مەرجەعیەتی شیعە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنە شیعەکان.

بۆیە دەتوانین بڵێین، هەموو ئەمانە  وایکردوە دوای پێنج مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێشتان نەک هەر نەتوانراوە حکومەتی تازە دابمەزرێت، بگرە پرسی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کوتلەی گەورە لە لایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژیردراو بە پێی ماددەی ٧٦ لە دەستوری عێراقی بۆتە خاڵی ناکۆکی لایەنەکان بەشێوەیەک کە خەریکە عێراق تووشی پێشێلکاری دەستووری دەکرێت.
شایانی باسە بڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لەسەرجەم جومگەکانی حوکمڕانی لە عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، پشک پشكێنەی حزبی و تائیفی، لە ساڵانی رابردووی حوکمی دوای روخانی رژێمی بەعس،  بوونە هۆی سەرهەڵدانی نارەزایەکان، بۆ ئەم بەسەتەش چەندین هێز و رێکخراوی دیکە کە بەشێکیان هەڵقوڵاوی نێو خەڵکە نارازیەکە بوون دەرکەوتن.  بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەڵبژاردنی پێشوەختە نەیتوانی گۆڕانێکی وابکات کە وەڵامدەرەوەی ئەو دۆخە خراپەی عێراق بێت.

لە ئێستادا کە هەموو لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان کە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن رۆڵیان هەبێت، بۆ ئەو ئەم مەبەستەش لایەنە شیعەکان بەسەر دوو بەرەی (سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی) دابەشبوونە.\

 یەکەمیان لە هەوڵ دایە بە پشتیوانی زۆرینەی سوونە و لە کوردیش پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەت پێکبهێنێت، هەرچی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیە پێداگری دەکات  لەسەر ئەوەی لەو حکومەتە بەشداربێت، گرفتی ئەوان لەو ڤیتۆیەیە کە موقتەدا سەدەر لەسەر بەشداری نوری مالکی هەیەتی.

هەرچی لایەنە کوردستانیەکانە ئەوان شەڕیانە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری، پەیوەندار بەو پرسەش جگە لە ناکۆکی و ڕکابەری (پارتی و یەکێتی) لەسەر ئەو پۆستە، کاندیدی دیکەی کوردیش چوونەتە ناو ململانێی بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری.
ئەو بارودۆخەی ئێستا تووشی لایەنە کوردستانیەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی بوو،  رێک وەک ئەو سەردەمە وایە کە سوونەکان بەهۆی پەرتەوازەیان ناچاربوون بایکۆتی پڕۆسەی سیاس ی بکەن ، سەرنجام بە زیان بۆیان شکایەوە. بۆیە کورد نابێت لەسەر حسابی سازان بچێتە ناو گەمەی زۆرینە و کەمینە لە عێراق، چونکە دەبێت بزانین لەو گەمەیە هەمیشە دۆراو دەبێت.

لێردا تێدەگەین کە نەک هەڵبژاردنی پشوەختە هیچی لە دۆخی سیاسی عێراق نەگۆڕی، بگرە زۆربەی زۆری ئەو لایەنانەی لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی خەلکیان بەدەستهێنا،  راستگۆ نەبوون لەگەڵ ئەو دروشمانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵیانگرتبوو.
 هەر ئەوەش وا لەو لایەنانە دەکات هێندەی لە خەمی بەدەستهێنانی پۆستی حزبی دابن،  هێندە لە خەمی دەربازکردنی عێراق دانەبن لەو دۆخە چەقبەستوەی تێیکەوتووە.
 



11/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر