دوای شەڕی کۆڕێ چیتان کرد؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
چەند رۆژێکە لە ھەرێمی کوردستاندا سەرباری ناکۆکیە زۆرەکانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکان، بابەتێکی دیکەش بۆتە کێشە و خەڵکی پێ سەرقاڵکراوە، ئەویش ساخبوونەوە لەسەر خاوەنداریەتکردن لە شەڕی کۆڕێ، ھەر کەسەو دێت دەڵێت "پاڵەوانەکەی ئەو شەڕە من بووم و کەسی دیکە لە مەیدانەکە بوونی نەبووە"، ئەوەیە کە دەوترێت ماڵ لە خۆی نەبوو شەڕی کۆڕێشی ھاتە سەر.

لە ھەرێمی کوردستان خەڵک لە بەرامبەر سەرجەم حزبەکان بە تایبەت لە حزبەکانی دەەسەڵات ھێندە بێ متمانە بووە، بۆیە زۆرجار خەڵکی ئەو جۆرە قەیرانانەش بە سیناریۆیی خودی ئەو حزبانە لێکدەداتەوە، ئێ خۆ ناحەقیان نیە، ئەوە نیە لە نێو قەیرانی دواخستنی مووچە و کەمی خزمەتگوزاریەکان، بێکاری و گرانی بازاڕ، کووشتن و خۆکوشتن و دەیان قەیرانی دیکە، ئەوان دێن لەسەر شەڕی کۆڕێ دەکەونە شەڕە قسەی بێزارکەر.

ئەوەی کە جێگای ھەڵوەستەیە، ئەو خۆھەڵکێشان و خەڵک بە کەم زانینەیە کە خەڵکانێک پەنایان بۆ بردووە، لە نموونەی ئەوەی ئەم چەند ڕَۆژە لەسەر شەڕی کۆڕێ باس دەکرێت، ھەموو لایەک دەزانین ئەو شەڕە نە سەد ساڵی بەسەری تێپەڕیوە، نە نووسین و دیمانەکانی ئەوان بزربوونە، بۆیە لێیان دەپرسین"لە ساڵانی ڕابردوو ئەدی ھەر ئێوە نەبوون دەتانووت و دەتانووسی شەڕەکە لایەنەکانی بەرەی کوردستانی ئەنجامیانداوە."

ئەی بۆ ئێستا راستیەکان ئاوەژوو دەکەنەوە، ئەرێ دەزانن بەو چەواشەکاریەتان ستەم لە خوێنی شەھیدەکانی ئەو داستانە و برینداەرکان و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگانە دەکەن کە لەو داستانە رۆڵیان ھەبووە؟

با واز لەوە بھێنین کێ قارەمانی ئەو داستانە بووە، چونکە دەمێکە ووتراوە "سەرکەوتنەکان ھەموو کەس دەبێتە خاوەنی و شکستەکان بێ کەس دەمێننەوە" با وای دابنێین ئێوە راست دەکەن و خاوەنی ئەو سەروەریەن، ئەرێ بۆ نایەن بۆ جارێکیش بێت لە خۆتان بپرسن دوای شەڕی کۆڕێ چیتان کرد؟

کاتێک دڵنیا دەبین ناتوانن ئەو پرسیارە لە خۆتان بکەن، ناچاردەبین ئێمە بە بیرتان بھێنینەوە کە ئایا ە لە دوای شەڕی کۆڕێ چیتان کردووە، لە دوای ئەو شەڕە لە کوردستان دەستان کرد بە فەرھودکردنی ھەرچی ھەیە، لە ئاودیوکردنی کارخانەوە و شۆفەلڕ و تێکدانی ژێرخانی ئابووری کوردستانی ئازادکراو، دوای ھەموو ئەمانەِش زۆری نەبرد دەستانکرد بە ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی، لەم شەڕە ماڵوێرانیەدا ھەرچی پیرۆزی ھەیە خستانە ژێر پۆستاڵی ھێزە داگیرکەرەکانی کوردستان.

لەوەش خرابتر وێڕای قوربانی بێ شومار، کوردستان کرایە دوو پارچە، تا ئەمرۆشی لەگەڵ بێت ئاسەواری دوو ئیداری وەک مۆتەکەیەک بەرۆکی ئەزموونی سیاسی ھەرێمی کوردستانی گرتووە.

لە ئێستاشدا کە ئێوە بەو شەڕە قسەیەی میزاجی خەڵکی زیاتر تێکدەدەن، دەزانن کە نەک ھەر ماڵی کورد خراپتر پەرتەوازە دەکرێت؟.بگرە وا بڕوات دۆخی ھەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەیەک دەبردرێت کە نەک بەتەنیا سەروەری داستانی کۆڕێ، بگرە سەرجەم ئەزموونەکەمان لەبەردەم ھەڕەشەی جدی دادەبێت.

بۆیە لە جیاتی ئەو شەڕە قسەیە وەرن بیر لە چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، وانەکەن ئەگەر لە دوایین ھەڵبژاردن ٢٧% خەڵکی چووبێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوا ئەم جارەیان خرابتریش دەبێت، چونکە بێزاری خەڵکی گەیشتۆتە شوێنێک ئاسان نیە بەرگەی ئەو ھەموو خرابە کاریەی ئێوە بگرێت. 

12/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر