ئایا سەدر دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

 ململانێی نێو ماڵی شیعی کە خۆی دەبینێتەوە لە ناکۆکیەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، خەریکە سەر دەکێشێت بۆ داخوازی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشیان پڕۆسەی سیاسی عێراق بەرەوە تونێلێکی تاریکتر دەبات، بەشیوەیەک کە چارەسەری ئاسان نەبێت.

 شایانی باسە دەستوری نوێی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی لەسەر دراوە، لە ماددەی ٦٤ رێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دیاریکردووە، بەڵام رەوتی سەدر دەزانێت بە پەنابردن بەر یاسا و دەستور ئاسان نیە خەونەکانی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بهێنێتەدی، بۆیە پەنای بۆ کارتی شەقام بردووە، تا لە رێگەی پەکخستنی پەرلەمان بتوانێت کۆتایی بەو خولەی ئەنجومەنی نوێنەران بهێنێت.

سەرەتا دەبێت بزانین کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رێکارێکی یاساییە لە هەر وڵاتێک بە پێی دەستور و سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە رێوشوێنی بۆ دیاریکراوە، لەو وڵاتانەی کە سیستەمی سەرۆکایەتی پەیڕەوە دەکەن، سەرۆک کۆمار بۆی هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروها لە سیستەمی پەرلەمان ئەو دەسەڵاتە فڕە ڕێکارە، لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بگرە تا هەڵوەشاندنەوەی لە رێگای خودی پەرلەمان خۆی.

لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دوای ئەوەی لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام درا، کۆتاییهات بە خوولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیەکەمین جار لە دوای روخانی رژێمی سەدام لە عێراق پەرلەمان پێش تەواوکردنی خولی یاسادانانی هەڵوەشێندرایەوە، وە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا.

قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردی ١٠ ئۆکتۆبەر ئەوەیان سەلماند کە هەڵبژاردنی پێشوەختەش نەبووە دەرمانی دەردی پرۆسەی حوکمڕانی لە عێراق و چارەسەری قەیرانە کەڵەکەبووەکانی عێراقی پێنەکرا ، بۆیە دوای ١٠ مانگ لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە، وا جارێکی دیکە داخوازیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پەنابردنە بەر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتەوە بە داخوازیی و درووشمی بەشێک لە خەڵکی عێراق، بەڵام ئایا هەڵەشاندنەوەی پەرلەمان هێندە کارێکی ئاسانە، ئایا کۆسپە سیاسی و یاساییەکانی بەردەم ئەم هەنگاوە چین؟

ماددەی ٦٤ لە دەستوری عێراق پرسی هەڵوەشاندنەوەی بەستۆتەوە بە داخوازی سێ یەکی ئەندامانی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، دوای ئەوەش پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، بەدەر لەوە پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دوای رەزامەندی سەرۆک کۆمار بە هەمان ڕێکاری زۆرینەی ڕەها هەڵدەوەشێتەوە.

ئەوەی ئێستا سەدر و لایەنگرانی داوای دەکەن،  هەلوەشاندنەوەی پەرلەمانە لە رێگای دادگاوە، ئەویش بەوەی گوایە پەرلەمان لەو ماوە زەمەنیە نەیتوانیوە بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵسێ، بەڵام مەترسی ئەوان لەوەیە کە دادگا وەڵامیان بداتەوە بەوەی بڕیاردان لەسەر هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان لە تایبەتمەندی دادگای ئیتحادیە، ئەو دادگایەش تەنیا ڕێکاری دەستوری لە پێشە ئەوەیش ماددەی ٦٤ی دەستورە.

شایانی باسە ئەوەی کە وەک چەکێک لە دەستی رەوتی سەدر دەمینێتەوە تا بیکاتە کارتی فشاری هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان بریتیە لە فشاری جەماوەری بۆ پەکخستنی پەرلەمان، بۆیە دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیران پەرلەمانتارانی خۆیان لە پەرلەمان کێشایەوە، سەدر پەنای بۆ کارتی جەماوەری و شەقام برد، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆدانی پەرلەمان لەلایەن لایەنگرانی سەدر پەرلەمان ناتوانێت کۆبێتەوە، واتا گرفتەکە لە پەرلەمان نیە بگرە لەو رێگریەیە کە لە لایەن لایەنگرانی سەدر لێی دەکرێت

لەبەرامبەر فشارە جەماوەریەکەی سەدر بۆ پەکخستنی پەرلەمان، پێناچێت لایەنەکەی دیکە لە جوارچێوەی هەماهەنگی وەک بینەری دیمەنە سیاسیەکە دابنیش، بۆیە ئەگەر سەدر پەنا بۆ کارتی پەکخەری شەقام ببات، لە بەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازە خۆپیشاندانی جەماوەری لەژێردرووشمی " گەل دەوڵەت دەپارێزێ" ئەنجام بدات.

براوەی ئەو یاریە و ململانێ سیاسیە کێ دەبێت تا ئێستا دیارنیە، بەڵام ئەوەی روونە تا ئێستا عێراق و عێراقیەکان دۆڕاوی نێو ئەو ململانێیەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


12/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر