تاقیكراوەكان تاقیكراونەتەوە بەرهەم سالح بە نموونە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر دوای هەڵبژاردی 10ی ئۆكتۆبەر دروشمێكی  بەرزكردۆتەوە دەڵێت«تاقیكراوەكان تاقیكراونەتەوە» ، تەنانەت سەدریەكان ئەو كەسانە بە دز و گەندڵكارانی ناوچەی سەوزیش ناویان دەبەن، مەبەستی لە تاقیكراوەكان  ئەو كەسانەن كە لە پۆستی باڵا دابوونە، سەدریەكان دەڵێن خەڵك ئەوانی تاقیكردۆتەوە بۆ چارەسەری دەردی عێراق هیچیان لە هەگبەدا نەماوە.
یەكێك لە تاقیكراوەكان كە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری كاربەرێكەری عێراقە.
بەرهەم سالح  هەر لە هەڵبژاردنی بۆ سەرۆك كۆماری  ساڵی 2018 خاڵی ناكۆكی پارتی و یەكێتی بووە و لە ئێستاشدا بۆتە بەشێك لە گرێ كوێرەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، كەچی نە حزبەكەی لە دژی عینادیەكانی پارتی دەیكێشێتەوە نەخۆشی ئامادەیە قوربانی بە كورسی سەرۆك كۆمار بدات.
شایانی باسە بەرهەم سالح وێڕای ئەوەی كە لە ئێستادا چانسی لە كاندیدەكەی  پارتی باشترە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە نەخۆی ئەو كاراكتەرە بەهێزەی 2018 یە و نە عێراقیش عێراقی ئەو سەردەمەیە.
لە ئاستی كوردستانی پارتی وەك هێزەكی عیناد كە بەو سیفەتە  ناسراوە، ئامادە نییە كارتی سووری لە بەرامبەر بەرهەم بكێشێتەوە،
یەكێتیش لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی پارتی تووشی هەمان نەخۆشی عینادی سیاسی بووە،
لە لایەكی دیكە هەر لە ئاستی عێراق دا بەرهەم سالح لەنێو هەردوو بەرەی شیعی « رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی» كەسانێك هەن  دژایەتی بەرچاوی دەكەن، لەوش خرابتر بۆ بەرهەم درووشمی موقتەدا سەدرە كە دەڵێت«تاقیكراوەكان تاقیكراونەتەوە»!؟
با واز لە سەدر بهێنین، با بپرسین ئەرێ بەرهەم سالح هی ئەوەیە یەكێتی شەڕی دەستشكانەوەی پارتی لەسەر بكا؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت بگەڕینەوە بۆ كارەكانی سالح لە ساڵانی «2018-2022» كە وەك سەرۆك كۆمار ئەنجامی داون 
 دەشزانرێت لە هەڵبژاردنی  2018   ناكۆكیەكی زۆر كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی كە خۆی دەبینیەوە لە  ركابەری بەرهەم سالح و فواد حوسێن  بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سەرنجام بە بەرژەوەندی یەكەم شكایەوە.
شایانی باسە، زۆركەس لە روانگەی لیاقەی سیاسی بەرهەم سالح و لەباقەتی دبلۆماسی ئەودا   ئەزموونی رابردووشی لە پۆستەكانی دیكە، لەگەڵ هەڵبژاردنی بوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماردابوون، بەڵام لە ئیستادا بەهۆی خرابی ئەدای چەند ساڵەی وەك سەرۆك كۆمار، هەم خۆی و هەم حزبەكەی وەك جاران ناتوانن ئەو شەڕە بۆ سەركەوتنی بەرهەم بكەن، تەنانەت خەڵكی دیكەش  رای جارانی لەسەری نەماوە.
بەڵام ئەوەی وا دەكات بەشێكی یەكێتیەكان پێداگری بكەن لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم عینادیە بەرامبەر عینادیەكی بەردەوامی ركابەرەكەیان.
ئەگینا لەو ماوەیەی بەرهەم سالح سەرۆك كۆمار بووە كارێكی وای نەكردووە كە لە ئێستا بۆی ببێ بە كارتی بەهێز.
بیهێنە پێش چاوی خۆتان پۆستێكی هەستیاری وا كە پشكی كوردە لە بەغدا چۆن كراوتە قوربانی عینادی سیاسی دوو هێز..! دوای ساڵێك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كێشەیەكی جدی نێوان پارتی و یەكێتیە.
بۆیە یەكێتی و بەرهەم سالح لەبەردەم دوو بژاردەن، یان ئەوتا دەچنەوە ناو ئەزموونی 2018، لەگەڵ پارتی دەكەونە ركابەری یەكتر یا یەكێتی بەرهەم سالح  وەك تاقیكراوێك  دەگۆڕێت بە كەسێكی دیكە.
بۆ خودی بەرهەم سالح وا چاكتر بوو لەگەڵ درێژەكێشانی قەیرانی پڕۆسەی سیاسی دەستپێشخەری بكردایە و بكشابایەتەوە، چونكە پێشبینیەكان وامان پێدەڵێن كە تەمەنی ئەو پۆستە و تەنانەت حكومەتی داهاتووش ئەگەر دابمەزرێ زۆر كورت دەبێ.
بەڵام تا ئێستا ئەوە لە بەرهەم چاوەڕوان نەكراوە، چونكە ئەویش بۆتە یەكێك لە تاقیكراوەكان  كە بە ئاسانی دەست لە پلە و پۆست هەڵناگرن.
دواجار دەڵێین باشترین بژاردە بۆ كورد لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری رێكەوتنە لەسەر كەسێك دوور لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی.
با بۆ جارێكیش بێت پارتی و یەكێتی لە پشتی كەسانی دیكە بن  كە ئەزموونی مستەفا كازمی لە عێراق ئەوەمان پێدەڵێت  مەرج نیە پۆستەكان بە بەرپرسە دیارەكانی حزبەكان پڕبكرێنەوە، وەك سەدریەكان دەڵێن خۆ ئەوان تاقیكراونەتەوە.

27/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر