تورکیا لەبەردەم بوومەلەرزەیەکی سیاسیدا

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دوابەدوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات و رۆژانی دواتر، کە ١٠ پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە، پێشبینی بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە تورکیا دەکرێت، بوومەلەرزەیەک کە ئەمجارەیان قوربانیەکەی خەڵک نەبێت، بگرە بە شێوەیەک بێت کە تەختی حوکمڕانی (AKP و MHP)ی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار بهەژێنێت.

شایانی باسە، ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی تورکیا ساڵانێکە ئامادەکاری دەکەن تا ساڵی ٢٠٢٣ بکەنە ساڵی توندوتوڵکردنی پێگەی دەسەڵاتی خۆیان. 

 لەم ساڵەدا ١٠٠ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کە بڕیار بوو بە پێی تەوقیتی دەستووری تورکیا لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی تورکیا و سەرۆککۆماری تورکیا بەیەکەوە ئەنجام بدرێت.

 لە لایەکی دیکە هەر لەم ساڵەدا ١٠٠ساڵ بەسەر ڕێکەوتنامەی لۆزان تێدەپەڕێت، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو بۆنەیە بە ساڵی دەربازبوونیان لە کۆتوبەندی سەر وڵاتەکەیان دەبینی کە لە ساڵی ١٩٢٣ بەسەر تورکیای دۆڕاو لە جەنگی یەکەمی جیهانی سەپێندرا بوو.
چەند رۆژێک بەر لە روودانی بۆمەلەرزە سروشتیەکە لە تورکیا، بە مەبەستی زەفەر بردن بە بەرەی ئۆپزسیۆن لە هەڵبژاردنەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بریاریدا هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیران بۆ مانگی ئایار پێش بخات.

ئامانجی ئەردۆغان لە پێشخستنی هەڵبژاردن چەند ئەجندایەکی لە پشتەوە بوو، کە پلانێکی شاراوەی هاوپەیمانی  (AKP-MHP)بوو دژ بە هاوپەیمانی شەش قۆڵی بەرەی ئۆپزسیۆن لە لایەک،هەروەها گرفت درووستکردن بۆ ئامادەکاری پارتی دیموکراتی گەڵانHDP بۆ هەڵبژاردن  لە لاکەی دیکە.

ئەردۆغان، لە پێشخستنی کاتی هەڵبژاردن پێی وابوو دەتوانێت گرفتی ئەوە بۆ هاوپەیمانی شەش قۆڵی درووست بکات کە فریای ئەوە نەکەون لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ڕێکبکەون. هەروەها پێیان وابوو دوای ئەوەی دادگای دەستووری بڕیاری داخستنی HDP دەدات، ئیدی بە پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن HDP فریای دامەزراندنی پارتی جێگرەوەی ناکەوێت، بەمەشیان ئەردۆغان لە ترسی فۆبیایی HDP دەربازی دەبوو.

ئامانجیکی دیکەی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن لە لایەن ئەردۆغان بریتی بوو لە سوود وەرگرتن لەو کاتەی کە بڕیار بوو هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام بدرێت (مانگی ئایار)، ئەویش بەوەی وادەی پروپاگەندەی هەڵبژاردن بکەوێتە دوای مانگی رەمەزان و چەژن تا هاوپەیمانی (AKP–MHP) ئەو بۆنانە بقۆزێتەوە بۆ جولاندنی هەستی ئاینی لە لای دەنگدەری تورکیا، جگە لە هەموو ئەمانە ئەردۆغان لەوە زیاتر نەیدەتوانی بەرگەی ئەو دۆخە ئابووریە سەختە بگرێت کە بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرۆکی تورکیای گرتووە، هەر بۆیە بڕیاری پێشخستنی هەڵبژاردن لە لایەن ئەردۆغان درا.

پوومەلەرزە سروشتیەکەی شوبات شکستی بە هەموو ئەو پیلانانە هێنا کە لە لایەن ئەردۆغان داڕێژرابوو، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکە ئەردۆغان و هاوپەیمانیەتی کەوتۆتە نێوان دووڕیانی دواخستنی هەڵبژاردن، وەیان ئەنجامدانی لەو کاتەی کە پێشتر بە پێشخستنی وادەکەی دیاری کردبوو.

ئەردۆغان، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەبێت پشت بە ماددە  ١١٩ ی دەستوری وڵاتەکەی ببەستێ، ئەوێش گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار سەبارەت بە ڕاگەیاندنی باری نائاسیی.

 ڕاگەیاندنی باری نائاسی لە تورکیا، ئەو ولاتە ڕووبەڕووی بوومەلەرزەی سیاسی دەکاتەوە،  چونکە لە تورکیا لەگەڵ ئەوەی هێشتا ترسی بوومەلەرزە سروشتیەکە نەڕوەیتەوە، بەسەدان هەزار هاوڵاتی ناوچە کارەساتبارەکە بێلانەن، کە بریتین لە دەیەکی تێکڕای دانیشتووانی تورکیا، قەیرانی ئابووری، هەموو ئەو ڕەخنانەی بە هۆی کەمتەرخەمی حکوومەت لە بەهاناوەچوونی لیقەوماوان گرفت بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا.

دواخستنی هەڵبژاردن نەک هەر شکست بە پیلانەکانی ئەردۆغان دەهێنێت، هاوپەیمانی حوکمڕانیش دەخاتە بەردەم مەحەکی ئەو بەڵێنانەی بە لیقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی داوە، لە هەمووشی گرنگتر نۆژەنکردنەوەی بینا ڕووخاوەکانە لە ماوەی ساڵێکدا، وەک ئەوەی ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو.

بەرەی ئۆپزسیۆنی شەش قۆڵی کە بڕیاربوو لە ١٣ی شوبات کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ رکابەرایەتی ئەردۆغان یەکلابکاتەوە دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە بیدەنگەیان هەڵبژاردووە، ئەمەشیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەستەمە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
پارتی دیموکراتی گەلان  کە دوای ڕووداوی کارەساتی  شوبات تەواوی خەباتی خۆیان تەرخانکردووە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەکە، ئەو کارەی کە وەزیفەی حکومەت بوو بیکات، بەڵام وەک پێویست نەیکرد، ترسیان هەیە کە ئەردۆغان بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵات،  فشارەکانیان لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان زیاتر بکەن، تورکیا بە ئاڕاستەی حوکمی ناوەندیەتی زیاتر و دەسەڵاتی تاکەکەسی زیاتر ببردرێت.

بۆیە پێشبینی دەکرێت، هەموو ئەو پێشهاتانەی سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا قسەیان لە بارەوە دەکرێت سەربکێشیت بۆ ڕوودوانی بوومەلەرزە سیاسیەکە لە تورکیا.



25/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر