قەیرانی کورسی و ستەمکار

هیوا سه‌ید سه‌لیم
                                                               
  ساڵانێکە ئەردۆغان، دەست بۆ هەر شتێک دەبات خراب لە دەستی دەشکێتەوە، بۆ نموونە هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا کە ئامانجە سەرەکیەکەی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بوو بۆ سەرۆکایەتی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بە ئاڕاستەی تاکڕەوی برد. 

ئەو هەنگاوانەی کە بەناوی چاکسازی ئابووری نای،  قەیران و داڕمانی دراوی وڵاتەکەی لێکەوتەوە، بەشێوەیەک کە لە دوای راپۆرتدا کە لە تورکیا بڵاوبۆتەوە رژێژەی بێکاری لە تورکیا گەیشتۆتە ٥٠٪، و هەڵئاوسانی ئابووری لە بازاڕەکانی تورکیا گەیشتۆتە ١٠٪.

لە رووی ناوخۆی تورکیاشەوە،  زۆرن ئەوانەی پێیان وایە ئەردۆغان تورکیای کردۆتە زیندانێکی گەورە، لە داخستنی میدیا و دەستگیرکردنی پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی و چالاکی سیاسی.

هەموو ئەوانەی سەرەوە زۆر جار قسەو باسیان لێوەکرداوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە بریتیە لە دوا دیداری شاندی یەکێتی ئەورپا  لەگەڵ ئەردۆغان، کە لە کۆشکی لە ئەنقەڕە ئەنجامدراوە.

ئەو دیدارەی کە بە هۆی دانەنای کورسی بۆ فۆن دێر لاین، سەرۆکی مفەوەزیەی یەکێتی ئەورپا، کە هاو سەفەری شاڕل میشال، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەورپا بوو،  کە قەیرانێکی دبلۆماسی گەورەی بۆ تورکیا لێکەوتۆتەوە.

  قەیرانە دبلۆماسیەکەی ئەم جارە،  وا جارێکی دیکە گرژی دەخاتە نێوانی ئەورپیەکان و تورکیا، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دێت ئەردۆغان،  بە سەرۆکێکی ستەمکار ناودەبات، هەروەها دوا بەدوای لێدوانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، وەزیری دەرەوەی لۆکسۆمبرگ جان ئیسیلبڕۆن، هەمان چەمکی ستەمکار بەرامبەر ئەردۆغان بەکاردێنێت، ئەوەیان مانای ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرن لە نێو ئەو بەرپرسە ئەورپیانەی کە ئەردۆغان وەک سەرۆکێکی ستەمکار دەبینن.

شایانی باسە بەو جۆرە وەسفکردنی ئەردۆغان، لە لایەن بەرپرسانی ئەورپا شتێکی تازە نیە، لە ساڵی رابردوو شەڕی ئەردۆغان و هەریەک لە ئەنجیلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانۆیل ماکڕۆنی،  سەرۆکی فەرەنسا، هەموو سنورێکی دبلۆماسی تێپەڕاند بوو.

 وا ئەمجارەش لەسەر ناوبردنی ئەردۆغان بە ستەمکار کە تورکیا بە سووکایەتی لێکی دەداتەوە بۆ سەروەری وڵاتەکەی، کاردانەوەی تورکیای لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە دوای لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، لە ئەنقەڕە بانگهێشتی باڵوێزەکەیان دەکرێت و یاداشتی ناڕەزایی پێدەدرێت.

پرسی دانەنانی کورسی بۆ بەرپرسە ژنەکەی یەکێتی ئەورپا، لە لایەن ئەورپیەکان  هێندە بە جدی وەرگیراوە کە رۆژانە میدیاکانی ئەورپا راپۆرتی لەسەر دەکەن، و پێدەچێت جارێکی دیکە پەیوەندی نێوانیان ئەورپا- تورکیا بباتەوە بۆ قۆناغی قەیرانە دبلۆماسیەکان. بە شێوەیەک کە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورپا لە دیداری رۆژنامەی (هاندلبسیلات)ی ئەڵمانی دەڵێت: " نەهێنیەک هەیە نامەوێت بیشارمەوە دوای دیداری ئەنقەرە خەوم نیە، ئەو دیمەنە هەرگیز لە زاکیرەم دەرناچێت، ئەگەر رەوڕەوەی رووداوەکان بگەڕیتەوە دواوە بە شیوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتەی ئەردۆغان دەکەم"

شایانی باسە ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە دانەنای کورسی بۆ سەرۆکە ژنەکەی مفەوزیەی ئەورپا روویدا،  تەنیا بە هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی سەیر نەکراوە، بەڵکوو وا لێک دەدراێتەوە کە ئەردۆغان نایەوێت حساب بۆ ژن بکات، ئەورەخنەیەش لە کاتێک ئاڕاستەی تورکیا دەکرێت کە چەند رۆژێکە تورکیا لە رێکەوتنامەی ئەسەتنبۆڵ کشاوەتەوە، ئەو رێکەوتنامەی کە  بۆ رێگری لە سووکایەتی بە ژن و دژایەتی لە توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان لە لایەن ئەنجومەنی ئەورپا کراوە،  وە تورکیا پێشتر نەک واژۆی لەسەر رێکەوتنامەکە کردووە و پێیەوە پابەند بوو،  بگرە وڵاتەکەشی خانەخوێی رێکەوتنی ئەستەنبۆڵ بووە.

شایان باسە ئامانج لە دوا دیداری شاندی ئەوڕپا و تورکیا هێورکردنەوەی گرژەیەکانی نێوانیان بوو، بە تایبەت لە دوا کۆبوونەوەی لوتکەی ئەو یەکێتیە بەهاری ئەمساڵ دیاریکرابوو تا ئەردۆغان بە سیاسەتەکانی دابچێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورپا نەک لە گرنگی دیدارەکە کەم دەکاتەوە، بگرە پرسی کورسیەک  ئەردۆغان دەکاتەوە بە ستەمکار.






11/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر