با لە ئەرمەنەوە فێربین

هیوا سه‌ید سه‌لیم
یەک سەدەیە لۆبی ئەرمەن کار بۆ ئەوە دەکات کە پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە لە ساڵانی سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی لە دژیان ئەنجامدراوە بە جینۆساید بناسێت.

ئەوان لەو ماوە زەمەنیەدا نە فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە تێکۆشانیان ساردی کردنەوە، و بێ نە بێ ئومیدیش بوون کە لەو پرسەدا جیھان پشتیوانیان لێ بکات.  بگرە ئەوان  زۆر بە بەرنامە بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن لۆبیان لەسەر ئاستی ولاتە کاریگەرەکانی جیھان دروسستکرد و کاریان بۆ ئەو پرسە کرد.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە ساڵانە لە ٢٤ نیسان یادی دەکرێتەوە، پێشتر لە لایەن چەندین وڵاتی وەک (ئەڵمانیا و فەرەنسا و روسیا و ئیتاڵیا)  وەک جینۆساید ناسیندرابوو.  وا ئەمساڵیش لە ھەمان رۆژدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی خۆی لە ناسینی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان  بە جینۆساید بردە سەر.

ئەو بەڵێنەی  کە ساڵی پار لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایبووی،  کە ئەگەر بگاتە کۆشکی سپی کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن دەکات.

بەم ھەنگاوەشی (بایدن) دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە بەڵینی بۆ ئەرمەنەکان دەکاتە کردار، چونکە پێش ئەو زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا ئەو بەڵێنەیان بە ئەرمەنەکان دابوو،  بەڵام بە لە بەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان (ئەمەریکا- تورکیا) لە بە فەرمی داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان خۆیان بە دوور دەگرت.

شایانی باسە ساڵی ١٩١٥ دەوڵەتی عوسمانی لە دوا ساتەکانی دەسەڵاتی خۆیدا و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شکستی لە جەنگی جیھانی یەکەم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو لە ھاوڵاتی ئەرمەنی کە دانیشتوو ژێر قەلەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی بوونە رادەگوازێت و بەشی زۆریان رووبەڕویی کۆمەڵکوژی دەکرێنەوە.

پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە ئینکاری لێکراوە، ئەوە نەبێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی تورکیا سەرخۆشی لە قوربانیانی ئەو کارەساتە کرد، بەڵام ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت تورکیا بە چەمکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید زۆر ھەستیارە دژایەتی ھەر ھەوڵێک دەکات کە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن بدرێت.

شایانی باسە ئەرمەنەکان تاکە نەتەوەی ناوچەکە نەبوونە کە لە لایەن ھێزە بالادەستەکانی ناوچەکە کۆمەڵکوژ کرابن، بگرە نەتەوەی کورد لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی و میراتگرانی ئەو دەوڵەتە لە دەوڵەتەکانی تورکیا و عێراق بە تایبەتی ، چەندین جار پرۆسەی کۆمەڵکوژی لە دژ ئەنجام درواە،   لە (ئەنفال و راگواستن و کۆمەلکوژی، کیمیاباران....ھتد). کە ھەموو ئەمانە بە پێی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە رەگەزی سەرەکی جینۆساید ھەژمار دەکرێن.

شایانی باسە تورکیا وێڕای ئەو فشارانەی بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەن ھێشتا دەستی لە کۆمەلکوژی کورد ھەڵەگرتووە، نموونەی ئەو سیاسەتەی کە لە عەفرین پەیڕەوی دەکات لە (راگواستن و گرتن و کوشتن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.)
لێرەوە دەپرسین کە ئایا کورد بۆ جینۆساید ناساندنی پرسی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە کە لە رابردوودا داگیرکەران دەرھەق بە میللەتی کورد  ئەنجامیان  داوە چی کردووە؟ و چۆن چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین؟

گومانی تێدانیە کە لەبەر چەندین ھۆکار پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و کورد بەراورد ناکرێت، جارێ دەبێت بزانین ئەرمەن دەوڵەتی تایبەت بە خۆی ھەیە، تا ئێستا کورد نیەتی، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین ئەوەی لە پرسی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەن لە وڵاتان رۆڵ دەگێڕێت لۆبی ئەرمەنیە،  نەک خودی دەوڵەتەکە، کە لەمەشدا کورد ئەگەر بە بەرنامەکاری کردبا ئێستا دەبووە خاوەنی کەرستەی لۆبیەکی کاریگەر کە بتوانێت کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد بکات، بەلام دیار کە نەیکردووە.

شایانی باسە لە رووی یاسایی کورد لە باشووری کوردستان دەیتوانی سوود لە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاونەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ببینێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان نەک ھەر ئەوەیان نەکرد، بگرە ھاوکاری ئەو دادگایەش نەبوون بۆ رادەستکردنی تاوانبارانی ناوخۆ کە ژمارەیان زیاتر لە سێ سەد تاوانباربوون کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا داواکرابوون.

لێرەدا تێدەگەین ئەگەر لە ئایندەدا  بمانەوێت کۆمەڵکوژەیەکانی کورد بە جینۆسیاد بناسرێت، دەبێت چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین، و لە ئاستی وڵاتان لۆبی درووست بکەین، تا لۆبی کورد رۆڵی لە ھەلبژاردنی ولاتان ھەبێت.

ئەرمەنەکان لە دوو ھەلبژاردنی گرنگی سەرۆکایەتی فەرەنسا و ئەمەریکا توانیان کارتی بەردەستیان بەکاربھێنن بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژی ئەرمەن، با کورد لە ئێستاوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندە ئەم بابەتە بخاتە کارنامەی خۆی،  ئێستا نا سەد ساڵی دیکە،  با ئەو پرسە کاری لەسەر بکرێت. وەک چۆن دەبینین لە ئێستادا وا ئەرمەنەکان بەرھەمی سەد ساڵ تێکۆشانی خۆیان وەردەگرنەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن، لە رۆژی ٢٤/٤/٢٠٢١دەڵێت: 'بۆیە دانمان نا بە جینۆسایدی ئەرمەن تا کارەساتی وا روونەداتەوە'
ئێمەی کوردیش تا جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیاباران نەکرێینەوە دەبێت کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەلکوژەیەکانمان بکەین.

25/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر