مەترسیەکانی بەردەم شەڕی ساردی پارتی و پەکەکە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
پارتی و PKK، ئەگەر قەبوولیان بێت بەو دۆخەی لە نێوانیاندا هەیە بڵێین شەڕی سارد،  ئەوا زۆریش خاترمان گرتوون، چونکە ڕەوشەکە خەریکە لەوە زیاتر گرژی بەخۆیەوە دەبینێت کە شەڕێکی سارد بێت.

 لە شەڕە قسەی راگەیاندنەوە بگرە،  تا کۆکردنەوەی هێز لە بەرامبەر یەکتری و  تەنانەت پێکدادانی سەربازی لێرە و لەوێ، تا گەیشتۆتە قوربانی و خوێنڕشتنیش.

لە نێو ئەو بارگرژیەی کە هەیە،  پارتی هێزی پێشمەرگەی بردۆتە نزیک ئەو شوێنانەی کە دوو مانگە مەیدانی پێکدادانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی (PKK)یە ، لە بەرامبەریشدا PKK ئامادەیی تێدا نیە کە ئەو ناوچانە بەبێ شەڕ ڕادەستی هێزی پێشمەرگە بکات.

 لەسەر ئەو ئاریشەیە حەق بەلای کێدایە؟ ئەوەیان لێدەگەڕێین، چونکە بە ڕای زۆرێک لە خەڵکی  ئەوەی لە ئێستا گرنگە ئەوەیە ناکۆکیەکە بە شەڕ یەکلانەکرێتەوە،  بگرە بە دانیشتن و لێک تێگەیشتن چارەسەر بکرێت.

هەموو لایەک دەزانین کە لە ئێستادا دەرفەتی ئەو گفتوگۆیە لە نێوانی پارتی و PKK بەبێ لایەنی سێیەم ئاسان نیە، ئەوانەشی کە پێویستە رۆڵی نێوەندگیری و لایەنی سێیەم ببینن کەوتونەتە بەردەم کوتک و سیندانی پارتی و PKK.

 پارتی چاوڕوانی ئەوەی  لە لایەنە سیاسیەکانئ دیکەی هەرێم بە تایبەت یەکێتی کە خاوەنی بەشێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و پۆستی وەزیری پێشمەرگەی لەلایە،  هاوکاری پارتی بن بۆ فشارخستنە سەر PKK،  تا PKK  شەڕی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.

لە بەرامبەر خواستی پارتی لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، PKK دەیەوێت ئەو لایەنانە بە بێ لایەنی بمێنەوە و قامکی تۆمەت لەسەر ئەو بارودۆخە ئاڕاستەی PKK نەکەن، بگەرە ئەگەر بتوانن ببنە بەشێک لە چارەسەر.

ئەوەی کە لە ئێستادا پێویستە بووترێت ئەوەیە کە هیچ دەرفەتێک بۆ لایەنە سیاسیەکان نەماوە، تا کە وەک بینەر لەو دۆخە خرابە بڕوانن.

بۆیە باشترین بژاردە بۆ هەموو لایەک ئەوەیە کە بتوانن رۆڵی نێوەدگیری خۆیان ببینن،  تا پڕوشکی ئەو ئاگرە لە خەرمانی کورد دووربخەنەوە، بەم رۆڵەش دەتوانن رێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی کورد و کورد بکەن.

هەموو لایەک دەزانین کە لە ئاستی رای گشتی و شەقامی کوردیدا، داوا دەکرێت کە بژاردەی شەڕی ناوخۆ کە کورد ئەزمونێکی یەکجار خرابی لەگەڵ هەیە،  لە پلان و ئەجێندای هیچ لایەنێکی کوردستانی نەبێت. بۆیە ئەگەر هەمووان کۆک بن لەسەر ئەو داوایە ئەوسا کارکردن لەسەر ئەوەی کە شەڕی ساردی نێوانی پارتی و PKK بە کۆتا بێت ئاسنتر دەبێت.

بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بە پیر داوەی شەقام دا بچن  و ئەو بێدەنگیە بە شێوەیەک بشكینن کە بەشێک بن لە چارەسەر، تەنانەت ئەگەر دەستەبرداری ووتی بەشێک لە راستیەکانیش بن.

چونکە لەو ڕەوشە خرابەدا داوەریکردن لە نێوان دوو هێز کە خەریکە میلی چەکەکان لە یەکتری دەهێنەوە پێویستی بە مامەڵەیەکی ژیرانەیە.

دەزانین ئەرکی ئەو لایەنانە قورسە، بەڵام بەرپرسیارەتەکەش کە دەکەێتە سەر شانیان گەورەیە، بۆیە کاتی شکاندنی بەستەڵەکی بێ دەنگی ئەو لایەنانە هاتووە.

16/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر