مەرج نیە ھەموو موزایەدەیەک خراب بێت

هیوا سه‌ید سه‌لیم
تا دێت  لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نرخی ھەر لیترێک بەنزین گران و گرانتر دەکرێت، گرانکردنی بەنزین بەشێکە لە پلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە بەرنامە کاری لەسەر دەکات.

گوایە حکومەت مەبەستیەتی  بەو کارە داھاتی ناوخۆیی زیادبکات، چونکە ئەو بەنزینەی کە ئێستا لە ھەرێم گران دەکرێت بەنزینی ناوخۆیە، ئەوەشی کە جێگای رەخنەیە ھەمان بەنزین کە لە ھەرێم بەرھەم دێت و لە شارەکانی دەرەوەی ھەرێم دەفرۆشێتەوە،  نرخەکەی نزیکەی نیوەی ئەو نرخەیە کە لە ھەرێم دەفرۆشێت، ئەمەشیان پێچەوانەی ھەموو پێوەرە ئابووریەکانە، چونکە داھاتی ناوخۆ دەبێت لە ناوخۆ ھەرزان و بۆ دەرەوە گرانتر بێت، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە.

ھەموو لایەک دەزانین لە ھەرێمی کوردستان گرانکردنی بەھای بەنزین باری سەرشانی ھاوڵاتیان قورستر کردووە، چونکە ھاوتەریب لەگەڵ گران بوونی نرخی بەنزین کاڵاکانی دیکەش گران بوونە، ئەوەشی کە لەو نێوەندەدا زیانی پێدەگات ھاولاتی کوردستانە بە گشتی و چینە ھەژار و مام ناوەندیەکەی بە تایبەتی.

لە نێو ئەو بێ سەروبەریەی بازاڕدا، و زیادکردنی باج، لێبڕینی مووچە لە لایەن حکومەتی ھەرێم،  لە دەستپێشخەریەکدا بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین شاسوارعەبدولواحد،  دێت نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ  بۆ ٥٠٠ دینار دادەشکێنێت، بۆیە لە بەرامبەردا ئەو کارەی سەرۆکی نەوەی نوێ لە ئاستی ناوخۆ چەندین خوێندنەوەی جیاجیای بۆکرا.

دەسەڵاتداران بە موزایەدەی لە قەڵەم دەدەن، بەشێکی خەڵک پێی دڵخۆشە، ئەوانەشی کە سەردەری لە بازاڕ و ھاوکێشە ئابووریەکان دەردەکەن پێیان وایە ئەو کارەی شاسوار ھەر جۆرە خوێندنەوەیەک ھەڵگرێ کێشە نیە،  بەڵام پرسیارێک دەوروژێنێت بەوەی ئایا بۆ بازرگانێک دەتوانێت نرخی بەنزین دابەزێنێت بەڵام حکومەت نایکات؟  ئایا پێی ناکرێت یان نایەوێت بیکات؟

وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت کە نەک ئەو کارە بە حکومەتی ھەرێم دەکرێت و نایکات،  بگرە وەک لە سەرەتا باسمان کرد حکومەت بە بەرنامە نرخی بەنزینی گران کردووە.

خۆ ئەگەر دەستپێشخەریەکەی شاسوار تەنیا لە چوارچێوەی موزایەدەش سەیر بکرێت،  ئەوا موزایەیەدەیەکی باشە، لە چەند لایەکەوە سوودی بۆ قازانجی گشتی دەبێت بەوەی:

 راستیەکان بۆ ھەموو لایەک روونتر دەبنەوە کە حکومەت دەتوانێت ئەو نرخە دابەزێنێت، ئەگەر قۆرغکاری بازاڕ نەبێت و کۆمپانیاکانی حزب  خراب سوود لەو قۆرغکاریە نەبینن رکابەری درووست دەبێت، لەو رکابەریەدا ھاوڵاتی سوودمەند دەبێت، ئەم چ جای ئەوەی لەو چەند رۆژەی داشکاندنی نرخی بەنزین لە لایەن شاسوار چەندین کەس لە بەنزینی ھەرزانتر سوودمەند بووونە، جا کەوایە موزایەدە  بۆ خرابە؟

ساڵی  ١٩٩٧ کاتێک شەڕی ناوخۆ لە نێوانی پارتی و یەکێتی بەکۆتا ھات، مام جەلال لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەندە تیایدا ئامادەیم ھەبوو ووتی: " یەکێتی و پارتی چوار ساڵ شەڕی یەکترمان کرد ھیچ یەکمان نەمانتوانی ئەوەی دیکە لەناو ببەین، لەمەودوا بە شێوازی دیکە ململانێکان درێژە پێدەدەین " مەبەستی مام جەلال رکابەری ئابووری بوو.

ئەوە بوو کە  دەتوانین بڵێین ساڵانی دوای شەڕی ناوخۆ تا ٢٠٠٤ رکابەریەکانی پارتی و یەکێتی لە شەڕی تەقە گۆڕدرا بۆ ئەوەی کامەیان پێش ئەوەی دیکە مووچە دابەش بکات، یان کارەبا زیاتر بکات،  خزمەتگوزاریەکان زیاتر پێشکەشی ھاولاتیانی سنووری خۆی  بکات.
 بۆیە دەتوانین بڵێین وێڕای دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان کە ئێستاشی لەگەڵ دابێت سیماکانی ئەو دوو ئیداریە بە نەرێنی ماون، بەڵام خەڵکی لەو ساڵانەی باسمان کرد لەو جۆرە ململانێیە سوودی دەبینی.

بۆیە لە ئێستادا  نا بێت  ھەموو ئامانجەکانی حکومەتی ھەرێم تەنیا لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە چۆن داھات زیادبکات، بە تایبەت کە دەبینین سیاسەتی زیادکردنی داھات لەسەر حسابی خەڵکە، خیرەکەشی بۆ خەڵک نیە، بەڵگەش لێبڕینی ٢١٪ مووچە و زیادکردنی باج و گرانکردنی نرخی کالاکان، لە ناویان بەنزین.

وەک دەزانرێت  قۆرغکاری  بازاڕەکانی ھەرێم لە لایەن دەستەبژێرێکی حزبی،  وەک ئەوەی کە ئێستا ھەیە،  بوار بۆ رکابەری بازاڕ نارەخسێنێت، ھەموو دەستپێشخەریەکیش بە موزایەدە لێکدەدرێتەوە، بەڵام دەبێت لەوە تێبگەین کە مەرج نیە ھەموو موزایەدەیەک خراب بێت.

دواجار دەڵێین با خەلکە دەستڕۆیشتووەکەی ناو بازاڕەکانی ھەرێم بێن ئەو موزایەدەمان لەسەر بکەن، بەوەی لە رقی یەکتری نرخ دابشکینن، ئێمە مەمنوونیان دەبین و موزایەدەکەیان دەخەینە سەرچاو.

27/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر