٣٠ساڵ حوکمڕانی و گەڕانەوە بۆ تانکەر ئاو

هیوا سه‌ید سه‌لیم

 قەیرانی بێ ئاوی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان  نە زادەی شەو رۆژێکە، و نە قەتیسش کراوە بەسەر شار و شارۆچکەیەکی دیاریکراو.  بگرە ئەمەشیان قەیرانێکی جدیە لە پاڵ دەیان کێشەکانی دیکەی وەک کێشەی کارەبا و رێگاوبان ...هتد، کە ساڵانێکە بەرۆکی خەڵکی کوردستانیان گرتووە، وە ئۆباڵ هەموو ئەو قەیرانانە دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی  هەرێمی کوردستان، چونکە ٣٠ساڵە تائێستا نەتوانراوە چارەسەری ریشەی بۆ ئەو کێشانە بە کێشەی  کەم ئاویشەوە بدۆزرێتەوە.

هەموو لایەک دەزانین پێشتر بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی کێشەی کەمی ئاویان هەبوو،  تا ئەو کاتەی هێلێکی دیکەی ئاو لە دووکانەوە بۆ سلێمانی ڕاکێشرا، هەروەها لو ئێستادا  قەزای چەمچەماڵ گرفتی بی ئاویان هەیە تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە، گەڕەکە کۆن و هەژارنیشینەکانی هەولێر ساڵ نیە لە هاوینان ڕووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی نەبنەوە، لە زستانانیش لافاو و خراپی ئاوڕۆکان تەنگەتاویان نەکات، ئەمەوە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان بەدەست ئەو گرفتە دەناڵێنن.

لێرەدا تێدەگەین کە بیانووەکانی بەرپرسان بۆ ئەو قەیرانەی چەند هەفتەیە ڕووی لە بەشی هەرە زۆری گەڕەکەکانی شاری هەولێر کردووە باوەڕ پێکراو نین. چونکە با وای دابنێن بە هۆی کارەساتێکی سروشتی ئاوی ئیفراز و قەندیل چەند رۆژێک گرفتی بۆ ئاوی هەولێر درووستکردوە، ئەی بەرپرسانی لە کوێ بوون کاتێک لە یەک کاتدا ٥٢٣ بیری ئیرتیوازی پەکی دەکەوێت؟  وە دەوترێت کە  بەشێک لە هۆکاری پەکەوتنی ئەو بیرانە کە ئاوی نیوەی شاری هەولێر دابین دەکەن،  بریتی بووە لە نەبوونی کارەبای بەردەوام بۆیان.

  جاران هەندێک لە خەڵک ی دەستڕۆیشتوو لە کارەبای بیرە ئاوەکان بە نایاسایی سوودمەند دەبوون ، ئەرێ خێرە لە ئێستادا سەدان بیر بێ کارەبا بێت؟ پێدەچێت لەگەڵ سەرپێچی بەرپرسان بۆسەر کارەبای بیرەکان پەناتان بۆ بڕێنی کارەبای بیرەکانیش  برد بێت، ئەوەیە کە دەوترێت (لە جیاتی چاکی بکەن کوێرتان کرد)

ئەرێ بۆچی بۆ خەڵکی ڕوون ناکەنەوە هۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان  چیە؟ ئایا ووشکەساڵی بە یەک ساڵ ئەو کاریگەیە خێرایەی لەسەر دابەزینی ئاستی ئاو دەبێت؟ تا هەر بیرێک لە ٢٠٠مەترەوە  بۆ قوڵایی  ٦٧٠م داببەزێت ، یان ناتانەوێت ڕاستیەکان بە خەڵک بڵێن؟

هیچ گومانی تێدانیە کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو مەترسیدار دابەزیووە، کە هۆکاری ئەو دیاردە مەترسیدارەش بۆ ئەو خاڵانە دەگەڕێتەوە.

-نەبوونی پلانی ستراتیژی بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوەی لە درووستکردنی بەنداوی گەوەری لە شێوەی بەنداوی بێخمە کە بەشی هەرە زۆری کارەکانی تەواو بووە.
-رێگری نەکردن لە لێدانی ئەو هەموو بیرە سوریەی کە بە بیری پایپ ناسراوە لە نێو باخ و مەزڕەعەی کە لە دەورەی شار و شارۆچکەکان لێدراون.

هەروەها گرفتیکی دیکەی قەیرانی ئاو لە بەشێکی گەڕەکەکان دەگەڕێتەوە بۆ نۆژەن نەکردنەوەی تۆڕی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکە کۆن و هەژارنیشینەکان.

ئەمەو سەدان گرفتی دیکە کە بوونەتە هۆی کێشەی بێ ئاوی لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان، وە کاتێکیش خەڵک لەبەر بێ ئاوی سەرشەقامەکانتان پێ دەگرێت چ پێویست دەکات ئەو هەموو سووکایەتیەیان پێ بکرێت؟ ئەرێ هەیە لە بێ ئاوی ناخۆشتر؟
دەبێت بزانن کە داخوازی خەڵک لە داواکردنی ئاوی خواردنەوە کە کەمترین پێداویستی ژیانیە دەبێت مامەڵەی درووستی لەگەڵ بکرێت ، پێویست ناکات ڕێگا بدرێت کە پیاوەکانتان بچنە ناوخەڵکی تینوو و  سوکایەتی بە پیاوی ریش سپی و ژنی ناڕازی بکات، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کەسانێک هەبن خۆیان پێ لیزان و خاوەن براوانامە بێت،  کەچی بە چاوی سووک و کاری منداڵکارانە لە ناڕەزایی خەڵک لە بەرامبەر بێ ئاوی بروانێت.

دواجار دەڵێین ئەگەر بەجدیتانە دەتانەوێت کێشەی بێ ئاوی چارەسەر دەکەن، واز لە چارەسەری پینەوپەڕۆ بێنن، لە شوێنی بەنداوی خۆرینە (تراب)ی،  وەرن بەنداوی ستراتیژی درووست بکەن، چونکە لە ئایندەدا یەکێک لە کێشە جدیەکان کە جیهانی پێوە سەرقاڵ دەبێت بریتی دەبێت لە کێشەی ئاو.

هەموو لایەکیش دەزانین کە کێشەی بێ ئاوی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پڕۆژەی ستڕاتیژی،  وپلانی زانستیە،  نەک پەنابردنەوە بەر چارەسەری کاتی و دابەشکردنی ئاو لە رێگەی تانکەر، میللەت هەر لە شەڕی تانکەرەکانی دەسەڵات و ئۆپزسیۆنی کەم بوو ئەوەشی بینی.





13/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر