گرانبوونی نرخ لە نێوان پلان و حەزی دەسەڵات

هیوا سه‌ید سه‌لیم
کاتێک نرخی بەنزین و تەواوی سوتەمەنیەکانی دیکە  لە ھەرێمی کوردستان لەسەر ھاولاتیان گران دەکرێت، نرخەکەی دوو قات بەرز دەکرێتەوە، تا وای لێدێت بە بەڵێنی وەزیری سەرچاوە سروشتیەکانی ھەرێمیش ئەو نرخە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی نەگەڕێتەوە، دەبێت گومان بکەین کە ئەو ماستە بی موو نیە، بگرە حەزێک لە پشتی ئەو گران کردنە ھەیە.

ھەموو لایەک دەزانین، بەنزینی کار لە ھەرێم دەپاڵورێت، نرخی لیترێکی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم بە سەرووی ٨٠٠ ھەزاردینارە، کەچی ھەمان بەنزین بە ٤٠٠ھەزاریش دەدرێتە عێراقی درواسێمان!!

دەبێت بووترێت کە  گرانبوونی سووتەمەنی لە شارەکانی ھەرێم لە کاتێک دایە، لە ئاستی جیھان  نەوتی ھەرێم بە نرخی ھەرزانتر دەفرۆشرێت، بەڵام وەک سەردەمی رژێمەکانی رابردوو نەوت بۆ ھاولاتیانی کوردستان  بۆتە کارەسات و گرفت ، ھەر بۆیەشە جێگری سەرۆکی حکومەت لە رۆژانە ھاواری لێ ھەلدەستێت و دەڵێت " خۆزگە نەوتمان نەبووایە" 

کاک قوباد، دەبوو بڵێی "خۆزگە وا مامەلەمان لەگەڵ نەوت نەکردایە" چونکە ئێستا تەواوی خەڵکی کوردستان بەو زێڕە رەشەی ژێر زەوی ژیانی دەوکەوتە ناز و نیعمەت. ئێستاش نەچووە بچێ ئەگەر بەو سیاسەتە چەوتەتان دا بچنەوە.

لە لایەکی دیکە، ئارد کە بەیەکێک لە پێداویستیەکانی ژیان مرۆڤ دەژمێردرێت، نرخەکەی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتە چەند قات، کەچی وەزیری بازرگانی بیانوو بۆ گرانبوونی دێنێتەوە،  گوایە ئارد لە بۆرسەی جیھانی گران بووە!

وەزیری بازرگانی، خۆ بە حساب ئێوە بۆ چاکسازی چوونەتە ناو حکومەت، ئەی نابێت بزانین پلانی ئێوە بۆ رێگری لە گران بوونی نرخی ئارد چیە؟

جەنابی وەزیر، دەزانی لەو سوریا وێرانەی دراوسێمان، کە لە ساڵی٢٠١١ رووبەڕووی کارەسات لە دوای کارەسات بۆتەوە،  لە ھیچ یەک لە دەڤەر و شارەکان، تەنانەت لە رۆژئاوای کوردستانی ئابڵوقەدراویش، لەو ساڵانەدا رێگا بە گران بوونی ئارد و نان نەدراوە. 

ئەویش بەوەی کۆنتڕۆلی ئارد لەوێ مەرکەزیەوە، ئارد بە نرخی جێگیر بەسەر فڕنەکان دابەش دەکرێت، ئەی بۆ ئێوە پلانتان نیە تا ڕێگری لە گرانبوونی ئارد بگرن؟

گرانکردنی بەنزین و نان لە ھەرێمی کوردستان تەنیا  دوو نموونەی زەق بوون،  کە کاریگەری زۆریان لەسەر ژیانی خەڵک ھەیە، ئەگینا زۆر کاڵا و شتومەکی دیکە گران کراوە، دەبێت چاوەڕوان بین تا ھەموو کاڵا و خزمەتگوزاریەکانی  دیکەشمان بۆ گران بەکرێن بۆ نموونە وا بڕیارە کارەبا ڕادەستی کەرتی تایبەت بکرێت، نەخۆشخانەکان بە پلان بکرێن بە کەرتی تایبەت، ئەویش بە پشتگوێ خستنی نەخۆشخانە حکومیەکان، گرنگی دا بە نەخۆشخانەی تایبەت، کەرتی پەروەردە بە ھەمان دەردی نەخۆشخانەکان دەچێت، ئەوسا گرانی ئەوانیش سەرباری گرانیەکانی دیکە دەبێت.

شایانی باسە لێکەوتەی  گرانکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریەک بریتی دەبێت لە قورسترکردنی باری سەرشانی خەڵک، کە ئەمەشیان پلانێکی بە بەرنامەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانە.

بۆیە ھەر کاڵایەک کە  گرانبوو جارێکی دیکە چاوەڕوانی دابەزینی نرخەکەی لێ ناکرێت، مەگەر ئەو یاریە ھەڵبگیرێت بۆ کاتی ھەلبژاردنەکان، ئەوسا حزبەکانی دەسەڵات دابەزینە کاتیەکەی نرخەکان وەک دەستکەوتێک بەو میللەتە داماوە دەفرۆشنەوە.

لە ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتە ھێندە لە خەڵکی کوردستان بێ باکە لێ بپرسە بۆ وا لە خەڵکە دەکەی؟  ئەرێ لە کاردانەوەکانی خەڵک ناترسن؟ خۆ بڕیارە چەند مانگی دیکە بەرەو ھەڵبژاردن بچین، یەکسەر پێت دەڵێن: "خەڵک زاکیرەی لاوازە  زوو زوو ناخۆشیەکان لەبیر دەکات"

بۆیە دەبێت ئیمەش زوو زوو ئەوە بە بیر دەسەڵتداران بینینەوە کە  لە ٣٠ ی ساڵەی حوکمڕانی دەسەڵاتی ئەواندا، ئەگەر خەڵکی کوردستان بەرگەی زۆرێک لە کارەساتەکانی گرت بێت، ئیدی  خەڵک لەو زیاتر قەبوولی  نا کات یاری بە قووت و ژیانی بکرێت.

بۆیە لە پیناو شکستھێنان بە پلانی گرانکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان، رووبەڕوبوونەوەی ئەو حەزە نا بەرپرسانەی دەسەڵات،  دەبێت ھەموو لایەک بێتە دەنگ.

لەو بارەیەوە دەبێت بە دەنگێکی بەرز بە دەسەڵات بووترێت سیاسەتی برسیکردنی خەڵک، قۆڕغکاری بازاڕ، یاریکردن بە نرخی ئەو کاڵایانەی پەیوەستن بە ژیانی خەڵکی،  بۆ ھیچ رژێم و دەسەڵاتێک لێکەوتەی باشی نەبووە و نابێت.

25/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر