شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی کورد لە باشور !

چیا عەباس

کوردبون، وەک نوسەری عێراقی، حسن العلوی، لە سەر " عروبە" دەڵێت: مانای  ئینتمایە بۆ نەتەوە و هیچ ناوەرۆکێکی سیاسی نیە. دەشێت موسڵمانێک کوردپەروەر بێت و هاوکاتیش مارکسیەکیش بەهەمان شێوە، بۆیە کوردبون لە هەستی ئینتما زیاتر نیە، کاتێک دێینە سەر کوردایەتی ئیتر ناتوانرێت لە ناوەرۆک و مانا سیاسیەکانی داببرێت.

داگیرکردنی کوێت و حزوری بەهێزی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نیشتمانی عەرەبی شکستی سیاسی بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لە بەردی ئەلحەدنزیکتر کردەوە. پێشتریشپرۆسەی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لە چەندین بواری هەستیاردا دوچاری شکست بوبو، چ لای ناصریەکان ( میسر) و چ لای بەعسیەکان ( سوریا و عیراق) و چ لای رەوت و ئاراستە نەتەوەییە سۆشیالیست و چەپرەوەکان (یەمەنی باشور و زەفار و لیبیا و جەزائیر).

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە عبدالرحمن احمد بهائی الکواکبی گەورەترین بیرمەندی هزری هەستانەوەی نەتەوەیی عەرەبە، کتێبەکەی " گبائع الاستبداد و مصارع الاستعباد" گرنگتریک کتێبی عەرەبیە لە سەدەی نوزدە، لە سایەشیدا بزافی نەتەوەیی عەرەبی دەسکەوتی گەورەی بەدەستهێنا، عەرەب بە " نهچە القومیە العربیە " پێناسەی دەکەن، ئەم هەڵسانەوەیە بەردەوام بو تا هەفتاکانی سەدەی رابوردو، لەوانە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە میسر، جەزائر، لیبیا، سودان، یەمەن، عیراق، سوریا و چەند وڵاتێکی تر، پێش دەرکردنی کۆنۆڵیالیزم بزافەکە سەرکەوتوش بو کە " غنیمە " لە کڵتوری دێرێنی عەرەبدا بگۆرێ بۆ ئابوری، عەشرەت بۆ کۆمەڵگا و دەسەڵاتی خێڵ و بنەمالە بۆ دەوڵەت.لەو سەردەمانەدا هەڵچونێکی نەتەوەیی بەرفراوانی بەهێز سەرتاپای نیشتمانی عەرەبی وروژاندبو، ناشێت کێشەی فەڵەستینیش لە دەرەوەی ئەم هەڵچونەدا ببینین. لەو قۆناغەدا بزافەکە بەگشتی هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە و هەستیاری کرد، ئەویش: پێرەوکردنی هزری شمولیەت لەو " هەڵسانەوەدا "، وەک دروشمەکانی: من المحیگ الی الخلیج، امە عربیە واحدە ژات رسالە خالدە، وحدە، حریە و اشتراکیە، هاویشتنی ئیسرائیڵ بۆ ناو دەریا. بێگومان هەڵگران و خاوەنەکانی ئەم هزرانە یەک بە دوای یەکدا شکستیان دروێنەکرد: شکستی یەکگرتنی میسر و سوریا، پارچەپارچەبونی حزبی بەعس نێوان عێراق و سوریا، لەتبونی یەمەن، سەرهەڵدانی جەمسەرگەری نەتەوەیی نێوان ناصریەکان، بەعسیەکان، ناو خودی هێزەکانی مقاومەی فەلەستینی ( نمونەکانی فتح و جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە و توندرەوەکان)، بێبەهابونی. 

( الجامعە العربیە)، لە لایەکیتریش بەرەی موحافزکاری سعودیە و ئوردن و مەراکش و مێرنشینەکانی کەنداو. نەتەوەی عەرەب لەو دۆخانەدا دەستی بە کڵتوری رەسەنی ئەدەبی و هونەری خۆیەوە گرتبو، ام کلپوم، فیروز، نجیب محفوڤ ....تاد وەک سیمبۆڵێکی بەهاداری نەتەوەیی. 

سەدام حسێن، قەزافی، نومەیری، بۆتەفلیقە لە سەرکردە تازە هەڵکوەتوەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزە نەیانتوانی بۆشایی پاش لاوازبونی سەرکردە کلاسیکیەکانی بزافی نەتەوەیی عەرەب پربکەنەوە، وەک ناصر و حافڤ الاسد و بۆرقیبە و سنونی و بن بلا و جۆرج حەبەش و مێشیل عەفلەق و .. تاد.

لەم بۆشاییە سیاسی و فیکریەدا تاکە هێز کە توانی دۆخەکە بقۆزێتەوە تەوژمی بە هێزی پان ئیسلامیزم بو، لەوەی پێی دوترێت " بەهاری عەرەبی" توانیان پێگەی سیاسی و حوکمرانی خۆیان لە زۆر وڵاتدا بچەسپێنن، وەک لە میسر، جەزائیر، لیبیا، فەلەستین، سودان و تا رادەیەک لە سوریا، پاش روخاندنی سەدامیش لە عێراق بە شیعە و گروپە تێرۆریستە سوننەکان.
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتەکانی فەڵەستینیەکانیش بەرەی نەتەوەیی بو بە دو لەتەوە: میانرەوەکان و توندرەوە موسڵمانەکان، لەم دۆخەدا تەنها

وڵاتە شانشین و مێرنشینە عەرەبیەکان تا رادەیەکی بەرچاو بە یەکگرتویی و ئارامی ماونەتەوە، وەک لە سعودیە، مەراکش، ئوردون و مێرنشینەکانی کەنداو.توندرەوە ئیسلامیەکانی بەشێکی ئەم وڵاتەنەش بونە سەرکردە و بەرێوەبەری بەهێزترین هێزە تێرۆریستەکانی دنیا لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکانی خۆیان: ئوسامە بن لان،جبرایل،ڤواهری، زەرقاوی و ....تاد. ئێستا شتێکی ئەوتۆ نەماوە پێێ بوترێت:
پرۆژەی سیاسی بزافی نەتەوەیی عەرەب، بەشێکی زۆری ئەوەی لە لە چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان بەناوی بەرگریەوە رودەدەن ئاوێنەی ئەجێندا ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانە و خزمەتی بەپرسی نەتەوەیی عەرەب نەکردوە.

رێرەوی هزری سیاسی نەتەوەیی ئەزمونی هەرێمی کوردستان لە دوای راپەرینەوە ئەم نمونەیەی شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی عەرەبمان بەبیر دەهێنێتەوە.

بۆخۆم مێژو و سەرهەڵدانی هزری سیاسی بزافی کوردایەتی لە باشور بۆ پسپۆر و مێژوناس و شارەزاکان جێدەهێڵم، باسی ئەوە دەکەم بینومن و زانیومن. 

هەرێمێکی بچوکی لەتبو لە بەشێکی باشوری کوردستان، دابەشبونی سیاسی لەسەر بنچینەکانی مێژویەکی گومانلێکراو و نارون،  گەمەکردن لە گەڵ دەر و دراوسێی نەیار و ناحەز، هەرێمێکی تەنراو بە بنکەی سەربازی و هەواڵگری داگیرکەران و دوژمنانی کورد، غیابی پەیامێکی نەتەوەیی هاوبەش بۆ دەرەوەی سنورەکانمان، گرتن و راوکردنی تێكۆشەرانی کورد بەبەرچاوی دەسەڵاتی کوردەوە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیان لەلایەنداگیرکەر و دوژمنان و ...تاد. 

گەر ئەمانە ئاماژەی زەق نەبن بۆ شکستی سیاسی چ مانایەکی تر دەگەیەنێنن،  تەنها لە راگەیاندنە ئاراستەکراوەکاندا ئەم شکستانە بەسەرکەوتن وەسف دەکەن. ئەوەی شکستخواردوەکان شانازی پێوەدەکەن تەنها بەشێکی مێژوی خەبات و قوربانیەکانیانە، لەوە زیاتر لە دوای خولەکانی شەری ناوخۆ، دو ئیدارەیی، حوکمرانیەکی سەقەتی گەندەڵبو، کارەساتەکانی ٣١ ئۆگۆست و ١٦ ئۆکتۆبەر هیچ سەرمایەکی نەتەوەییان بۆ گەنجینە مێژوییەکەیان زیاد نەکردوە، چیرۆکەکانی تر زۆرن، خەڵک لە ورد و دروشتیان بەئاگایە.

ئەم شکستە سیاسیە نەتەوەییە هاوکات نەبۆتە زەمینە خۆشکەر بۆ سەر هەڵدانی پان ئیسلامی توندرەو، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ناچار کردوە نەرم و نیان بێت بەرامبەر سەرهەڵدانی چەندین ئاراستە و کەسایەتی ئیسلامی کە گومانی جدی لە نیەتەکانیان دەکرێت، پێموایە ئەمەش بۆ رازیکردن و دەغدەغەدانی ئێران و تورکیایە، چونکە دەسەڵاتی ئێستای کورد لە باشور بێ ئەو دو وڵاتە دەبێت لەسەر حەسیرێکی شڕ و شێدار شەو بەسەر ببات.

هاوکات شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی کەورد لە باشور سنوردراوکراوە، چونکە زۆرینەی هێزە نیشتمانپەروەرەکانی بەشەکانی تری کوردستان قەڵغانێکی جوگرافیای نەتەوەییان بەدەوری ئەم هەرێمە بچوکەدا داناوە و لە ناویشیدا زیادە بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خاوەن هێز و پێگەن، لەو باوەرەدام بێ بونی ئەوان دەبینە نێچیرێکی ئاسان راوکراو.

لە گەڵ ئەمانەشدا پاشەکشەیەکی سیاسی نەتەوەیی کەمەرشکێنەر بەرێکراوە.

حکومەتی هەرێم لەسەر نیو پێ بە گاگۆڵکێ دەروات، پەرڵەمانەکەمان سەر و بەری لە یەکتر جیانەکەیتەوە، دەبێت والیەکانی حوکمرانیە لۆکالیەکان بۆ بلاگی سوڵتان بچەمێنەوە، بازاری دەڵاڵەکانی بازرگانی گەرمە، بۆ پاکەتێک جگەرە و جوتێک پێڵاوی لاستیک دەبێت دوجاری نرخەکەی سەرانەیان دبدەیتێ.

نەژمارە نایەت کە بە شاند و کەسایەتی لە گەڵ رەتڵێک لە حیمایە لە دەروازەکانی بەغداد دەدەین و بە کورتی و کوردی داوای شەفاعەت و بەخشندەییان لێدەکەین، چەند کێڵگەیەکی نەوت و گازی نیشتمانمان کردوە بە " ورقە التوت" ی چیرۆکی ئادەم و حەوا.ئابوریمان کردۆتە غەنیمە بۆ حزب و بنەماڵە و جەمسەر، دەوڵەتمداریمان بە خەسڵەتاکانی بنەماڵەیی و جەمسەرگەری تەنیوە، کۆمەڵگاشمان کردۆتە پاشکۆی خەیمە و سەپان... گەر ئەمانە شکستی سیاسی هزری نەتەوەیی نەبن، دەبێت چۆن پێناسەیان بکەین؟ 

سەرەرای خاڵە ئەرێنەکانی حوکمرانی خۆمالی بەڵام نەتوانراوە خەسڵەتە رەسەنەکانی هزری نەتەوەیی کوردایەتی بەپاکی بپارێزرێن و ئێستاش لەبەردەم مەترسی گەورەدان، چونکە کاتێک بی ناسنامە دەمێنیتەوە وەک پوشیکی وشک با بە هەمو لایەکدا دەتبات و دەتسورێنێت.


16/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر