کورد و رۆڵێتی روسی!

چیا عەباس
خوالێخۆشبو دکتۆر کەمال فواد، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لەسەر هەوڵە بێ ژمارەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەری ناوخۆ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ نوسینێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی: عەبە بازدەدات، لە راستیدا باش لێی تێگەیشتبو و تا ئەم چرکەیەش عەبە هەر بازەکەی نەداوە.

کێرڤی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تایبەت دوای وەفاتی مام جلال ( باسم لە ساڵەکانی شەری ناوخۆ نیە) هیچکات هەڵکشانی بچوک و داكشانی زەقی بەرچاوی ناجێگیری بەو جۆرەی ئەو چەند ساڵەی دوایی بە خۆیەوە نەبینیوە.

کورد نامۆ نیە بەم دیاردە کوشندەیەی دەیان ساڵە، سەرەرای ئەوەی دیاردەکە لە بنەرەتدا زەمینەیەکی بەهێزی مێژویی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زەمینەی ئاگری ئەو پیرە بورکانە گردارتر و خۆشەتر دەکەن چەندین گەمەکەر و فاکتەری ترن کە تێهەڵکێشی پێکهاتەکانی زەمینەکەی جاران بون.

پێش روخاندنی سەدام نەتەوەکانی عێراق بە کوردیشەوە نزا و دوعای دیموکراسیەتیان بە هەر وشکە دارێک و تاشە بەردێکەوە دەلکان، روکەشانە بۆ ئایندەی عێراق سەرسامی ئەو دەستەواژە تەماویەوە بون. پاش نەمانی سەدام بە رەچەتەی ئەمریکا ئیبداعی تێدا کرا و ناویان نا " دیموکراسی تەوافق" تا هەمو پێکهاتەکانی عیراق رازی بکەن و لە سایەیدا ئەمریکا بتوانێت کاری خۆی بکات.

نوێنەرانی کورد لەناچاری و تەماعەکانیان لە عێراقی " نوێدا " قۆڵیان لێهەڵماڵی و بونە داشی دامەی ئەو ئیبداعە، ئەزمونەکانی مەجلسی حوکم و یاسای قۆناغی گواستنەوە و پشکی سەرۆکێک بۆ کۆماری نوێ بۆ کورد و چۆنیەتی دارشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق و دەغدەدانی کورد بە مادەی ١٤٠ و بودجە زەمینەخۆشکەری نەشتەرگەریەکی جوانکاری ساختە بون کە گروتینی ئەو بورکانە پیرەی نەک زیندو راگرت بەڵکو چاوچنۆک و درەندەتریشی کرد. 

رێکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان ئەمریکا و عیراق کە هیچ برگەیەکی متمانەپێکراوی بۆ کورد لە خۆ نەگرتوە، روداوەکانی دوای شکستی سەربازی داعش، کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر و شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و لە دەستدانی کەرکوک وچەند ناوچەیەکی تری کوردستان بە رەزامەندی ئەمریکا ئەو سەلـمێنەرە یەکلاکەرەوانەن کە چۆن پرسی کورد لە داوێکی سەرسەختی ئاڵۆزدا گیری خواردوە.

نە کورد و نە پێکهاتەکانی تری عیراقیش ( تایبەت گۆشەکراوانی مەزهەبی و نەتەوە پەرستی و شۆڤینزم) ئەهلی هیچ جۆرێک لە دیموکراسی راستەقینە نەبون، ئێستاشی لە گەڵدا بێت وڵاتی نێو دو روباری خوێناوی، کە ئیستا دەیان میلیشیای مەزهەبی توندرەو و خوێنرێژ بەرێوەی دەبەن، پێویستی بەسەرکردەیەکی دەستوری دەسەڵاتداری بە ویژدان و عادل هەیە، هەمان راستیش بۆ بەشەکەی کوردستانیش دروستە، تایبەت هەرێم خاوەنی دەستور نیە و یاساش سەروەر نیە، حزبایەتی و سەرکردە و بنەماڵە بونەتە جێگرەوەی ئەو بۆشاییە ئازاردەرانە. 

دیاردە کوشندەکەی کوردی باشور لەم روداو و گۆرانکاریانەدا زیندو راگیراوە و مێژو و زەبری هێز و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیش زامنی شەرعیەتدانن پێی، پەرڵەمانە کارتۆنیەکەش پەکخراوە و هیچی جەوهەریشی پێناکرێت.

ناشیت بازێک بەسەر رۆڵی گرنگی وڵاتانی ناوچەکە بدەین، زۆر تایبەت شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا، کە دیاردە کوشندەکەی کورد دەقۆزێتەوە کاتێک بەشێکی پاسەوانە گەورەکانی بورکانەکە ئارەزومەندانە لە دەروازەکانیان دەدەن و داوا دەکەن ئاگری بورکانە برێک خۆش بکەن.

هەرچۆنێک بێت پاش چەندین پاشەکشەکردن بە سەروەری سیاسی هەرێم و زەوتکردنەوەی چەندین ناوچەی هەستیاری کوردستان و سنوردارکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە پرسی نەوتدا ئێستا کێشەکانی بودجە و پێشنیاز کە حکومەتی بەغدا بکرێت بە نیمچە وەصیەک بەسەر بەشێکی ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم زادەی سیاسەتە خۆپەرست و هەڵەکانی دو هێزە دەسەڵاتدارەکەشن لە هەرێم. ئەم گەمەیە گەر وا بەردەوام بێت وەک رۆڵێتی روسی دەبێت بۆ کورد، چونکە هەر هەمو سیاسەت و هەنگاوەکانی بەغدا و دەر و درواسێش پێمان دەڵێن دەیانەوێت ئەم هەرێمە بگەرێننەوە بۆ ئەو سەردەمەی بە دەڵەمە دەشوبهێنرا.

28/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر