نوخبەی گۆرانکاری وەهمی

چیا عەباس
ساڵانێکە رۆژانە دەنگ و پەیامی "نوخبەیەکی" نارازی دەبیستین و دەخوێنینەوە کە باس لە خواست و خەونەکانیان بۆ گۆرانکاری دەکەن. مەخابن تا ئەم چرکەیەش ئەو نوخبە پەرتەوازە و نەگونجاوە لە گەڵ یەکتر بە گەلێک هۆکاری لاوەکیەوە لە سەر کارنامەیەکی هاوبەش کۆک نین و هەر یەک لێیان لە ئاوازێک دەخوێنێت. کورتبینین و کەنارگیری ئەم " نوخبە" هۆکارێکی گرنگی سەرلێشێواندنی هاوڵاتی و کەڵەکەبونی خەستی بێ ئومێدیەتی.

لەو ماوە درێژەشدا دەسەڵاتی کوردی لە سایەی ئەم دۆخەدا بزەی سمێڵی دێت، مەبەستی سەرەکیم پشکی یەکێتی و گۆڕانە لە دەسەڵات، چونکە پارتی بێ ئەو دو هێزەش حوکمران و دەسەڵاتدارە و خواست و مەرامەکانیشی ناشارێتەوە، دو هێزەکەی تر بە قسە قبلەی گۆرانکاری و چاکسازین، بە کرداریش لە بەردەم دەروازەی قەڵای پارتیدا ریزیان گرتوە، پارتیش بێ باکانە بە تورەکە پارە و تەنەکە نەوت ختوکەیان دەدات. ئەڵتەرنەتیڤ بۆ ئەو دو هێزە لە گەڵ پارتی یەک رو بن یاخود لە گەڵ گروپ و نارازیەکان بژاردەی ئۆپزسیۆنێکی راستەقینە بکەن. ئەو دو هێزەش کە ئێستا بەناو هاوپەیمانی یەکترن خەتابارێکی سەرەکی ئەم دۆخە دژوار و نالەبارەی باشی کوردستانن.

هێزە ئیسلامیەکان کارنامە و مەرجەعی جێگیریان هەیە، دوکانە سیاسیەکانیش لە شۆستەی سیاسیدا لێرە و لەوێ و لە موناسەبەکاندا دەبیسترێن و دەبینرێن.

چەندین جار رویداوە کاتێک هاوڵاتیان خۆرسکانە دەرژێنە شەقامەکان و داوای مافەکانیان دەکەن دەسەڵات دڵگران و تورە دەبێت و بە فیشەک و کوشتن و گرتن و ستەمکاری وەڵامیان دەدەنەوەو. لەمەشدا تاوانی قورس کەوتۆتە ئەستۆی یەکێتی، نوخبەی سەرلێشێواویش تورەیی و هەڵچونی هاوڵاتیان دەقۆزێتەوە و سواری شەپۆلەکانی دەبن. ئەم نوخبەیە بە گیرفانی پر و لە ئۆفیسی رازراوەدا ئولفەتیان لە گەڵ گۆرانکاریدا گرتوە و یەخەشی بەرنادەن. گەر خۆشیان رابەرایەتی ئەو پرۆسەیە نەکەن ئەوا دڵگران دەبن و ترس لێیان دەنیشێت لە لەدەستدانی رۆلی " فریادرەسی سەرکردایەتی نوخبە".

ئەم نوخبەیەی گۆرانکاری وەهمی لە زۆر سوچ و قوژبنی هێزە شکستخواردوەکان و شەقامی سیاسیدا خۆیان حەشارداوە، تێیاندایە تا سەر ئێسک سودمەند و گەندەڵچی و دو روە، هەندێکیشیان هەزار پێی لێرە و لەوێ چەقاندوە، بەشێکیش دڵسۆزانە هێشتا باوەری بە گۆرانکاری و چاکسازی دەسکردی دەسەڵات ماوە. 

لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەردا بینیمان چۆن هاوڵاتی سزای قورسی ئەو هێز و گروپانەی دا بە پارتیشەوە، ئەم روداوە مێژوییە هەستیارە دەروازەی گەورە و سەرەکیە بۆ دارشتنی کارنامەیەک کە هیوای سەرکەوتنی لێ دەکرێت.

لە زۆر شوێنی دنیادا رویداوە کە دەسەڵاتی ستەمکار دەتوانێت بۆ ماوەیەک هاوڵاتی بە پارە و ئیمتیاز و پۆست و زەبری چەک بێدەنگ بکات، بەڵام لە هیچ ئەزمونێکی دنیادا تاسەر بۆ دەسەڵاتەکان نەچۆتە سەر. 

دەبینین گۆڕان پاش گێرانەوەی بۆ خاڵی سفر هێشتا خۆی بە خاوەنی رەسەنی گۆرانکاری دەزانێت، شەو و رۆژ سەرقاڵن چۆن پەیامی نوێیان دارێژن و کام روخسار ببێتە ئاوێنەی ئەو پەیامە، خەمخۆری کورەکانی کاک نەوشیروان بۆ گۆران ئەوەندەی گرێدراوە بە پاراستنی ئیرسی مەعنەوی و رۆشنبیری کاک نەوشیروان کە مافێکی رەوایە ئەوەندە پرسی گۆرانکاریان لە ئایندەدا لا مەبەست نیە.

یەکێتیش بێجگە لەوەی کەوتونەتە گیانی یەکتر کە قسە دەکەن دەڵێیت فریشتەن و لە هەسارەیەکی ترەوە بۆ سلێمانی نێردراون و پەیامی پێغەمبەر ئاسا دەچرنەوە.

نەوەی نوێ تا ئەم چرکەیەش بەتەواوی خۆی یەکلا نەکردۆتەوە، تموحێکی زۆری  لەسەر ژمارەی کورسی هەڵچنیوە نەک نیەت و ئیرداە و ئامرازی دروست بۆ گۆرانکاری جدی، بۆ نمونە فرۆشتنی بەنزین بە هەرزان جۆرێکە لە ململانێی و تەحەدای کاتی و ریکلام بێ کاریگەری ئەوتۆ. 

لەم دۆخەدا گرنگترین هەنگاو راستگۆیانە گەرانەوەیە بۆ هاوڵاتی، تایبەت لە ناوچەکانی زۆنی کەسک و نیللی، گۆرانکاری راستەقینە و جێگیر لە ئیرادەی هاوڵاتیەوە سەرچاوە دەکات نەک لە قسەی سواوی ئەم سەرکردە و ئەو بەرپرس و ئەو چالاکوان. هێزەکانیش هەمویان کەتونەتە گیانی یەکتر و لە کەمینیشدان بۆ یەکتر کەچی دۆگمای یەکریزی و یەکگرتویی و کاری هاوبەش دەچرنەوە.

ماوەیەکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان ( گەر دوا نەخرێت)، ئەوەی پێویستە دەنگە نارازیە رەسەنەکان بە چڕوپڕی لە گەڵ هاوڵاتیان دەست بە حوارێکی جدی ئامانج بەخش بکەن لەسەر تەوەری ئەرک و مافی هاوڵاتی نەك بەڵێن و قسەی زل کە بۆیان نەکرێت، پێویستە لە ناخ و دەرونی هاوڵاتیان تێبگەن، لە نزیکەوە تێبگەن هاوڵاتی چی بۆ ئێستا و ئایندە دەوێت و چی پێویستە بکرێت.

سەرەتای ئەم پرۆسەیە بە گوێگرتنی جدی لە هاوڵاتی دەست پێدەکات نەک بەخشینی وەعز و دروشم و ئەجێندای حزب و دەستە و رەوت و ئاراستە، بنیاتنانی متمانە لە گەڵ هاوڵاتی بێ دەسەلات و ستەم لێکراو و برسی و دەربەدەرکراو ئەرکێکی زۆر قورسە، کاتێک ئەم ئەرکە نەبێتە واقع گۆرانکاری وەهمی گەشەدەکات و نەتەوە و نیشتمان باجە قورسەکەی دەدەن.

بۆ خۆم لە رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) کاردەکەم، رەوتێک یەک نەفەس و نیەتی حزبایەتی تێدا بەدی ناکرێت، گرتبونەوەیەکە بۆ هەر مرۆڤێک باوەری بە رۆڵی هاوڵاتی لە گۆرانکاری و بنیاتنانی ئایندە هەبێت، بژاردەی بنەرەتی رەوا ئەوەیە هاوڵاتی دەتوانێت نوێنەری راستەقینەی هاو هاوڵاتیەکەی بێت، گەر هەمو پابەند بین بە هاوڵاتی ئەوا گۆرانکاری گەورە بێ رشتنی یەک دڵۆپە خوێن دەبێتە واقع.

15/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر