جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەر و فیلەكانی ئەمریكادا !

نەوزادی موهەندیس

كەمتر لە 2 مانگ ماوە بۆ كۆتایهێنان و پەردە دادانەوە بەسەر ئەو شانۆگەریەی كە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە لە ئەمریكادا لە نێوانی پارتی كۆماریەكان ((فیلەكان)) كە سیمبولی كۆماریەكانە و قەوارەیەكی گەورە و ترساوی هەیە و پارتی دیموكراتەكان ((كەرەكان)) كە سیمبولی خۆڕاگری و بەهێزیە.ئیدی بۆ 4 ساڵی ئایندە جیهان جارێكی تر دەبێت بەناچاری خۆی ڕێكبخات و بگونجێنێت لەگەڵ سیاسی و سیاسەتە نوێكەی ناو كۆشكی سپی لە ئەمریكادا.دوو گریمانەی سەرەكی هەن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان:

 
یەكەمیان دەرچوونەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ جاری دووەم و بەردەوامبوونی ساسیتەكانێتی كە كەم كەس و وڵات و سەركردە پێشبینی دەكەن چونكە ئەم پیاوە لەم 4 ساڵی ڕابووردوەدا مۆدێلێكی نوێی لە سیاسەت و حوكمڕانی پیشانی دونیایدا كە زۆر جیاواز بوو لە چەندان ساڵی ڕابووردووی  حوكمڕانی لە ئەمریكادا،چونكە بۆخۆی كەسێكی سیاسی نەبوە و تەنها بازرگانێكی سەركەوتوو بوە،هەربۆیەش سیاسەتەكان و ئیدارەدانەكانیشی ڕەنگدانەوەی عەقڵیەت و پاشخانە بازرگانی و ئابوریەكانێتی نەك پاشخانە سیاسیەكەی كە خاڵی خاڵی بوە لە تاكتیك و ستراتیژێكی نوێی چەسپاو.ترامپ هێندەی وەك سەركێش و زۆرجارانیش وەك نمایشكارێك خۆی پیشانداوە و هێندەی گرنگی بە پەیوەندیە كەسیەكانی داوە لەگەڵ سەرۆك وڵاتەكاندا نیوهێندە وەك سیاسیەكی دونیا دیدە و موحەنەك خۆی دەرنەخستوە و بڕیار و هەنگاوەكانیشی زۆرجاران پەلەكردن و نەگەڕانەوەی پێوەدیار بوە بۆ دامودەزگا ئۆرگانیەكانی حوكمڕانی و تاڕادەیەكی زۆریش شڵەژان و ناسەقامگیری بە ئیدارەكەیەوە دیاربوە و ئەوەتا لە 2 ساڵی یەكەمی حوكمڕانیدا زیاد لە 20 وەزیر و كارمەندی باڵا لە ئیدارەكەیدا دەستیان لەكاركێشایەوە  یان ترامپ دەریانیكردوە.دەسكەوتەكانی ترامپ لەم 4 ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی كە پەتای كۆڕۆنا ساڵی 2020 لێتێكدا و نەیتوانیوە كاری بەرچاو ئەنجامبدات بەڵام ئەوەی جێگەی ستایشكردنە،لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی  خەلیفەی داعش و پشتیوانیكردنی كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هەڕەشە و گوڕەشەكردنێتی لە توركیا و ئەردۆگان و گەمارۆخستنە سەر ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی و ابومەهدی موهەندیس ودژایەتیكردنی چین و ڕێكەوتنی ئیمارات و ئیسڕائیلە و لەناوخۆش جگە لە ساڵی 2020 توانیبووی كە ئابوری ئەمریكاش تاڕادەیەك گەشە بەخۆوە ببینێت.بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لەهەندێك كار و هەنگاودا شكستی هێناوە،وەك لە عێراق و سوریا و بەرامبەر كۆریای باكور و و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپیە هاوپەیمانەكانیشدا پەیوەندیەكانی ساردو سڕكردوە.جا بە دەرچوونەوەی ترامپ 4 ساڵی ئایندەش دونیایەكی پڕ مەترسی و شڵەژاو و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری بەردەوام دەبێت و چارەنوسی هەموو دونیا لەسەر نوسینی تویتە درەنگ وەختەكانی ترامپ دەوەستێت.كە ئەم كار و هەڵویستەی ترامپ لەهەموو مێژووی حوكمڕانی ئەمریكادا وێنەی نەبوە.

 
گریمانەی دووەم برتیە لە دەرچوونی كاندیدی دیموكراتەكان ((جۆ بایدن)) كە ڕكابەرێكی سەرسەختی ترامپە و سیاسیەكی دیار و بە ئەزموون و و پێشترش جێگری سەرۆك ئۆباما بوە و خاوەن تێز و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و لانی كەم گەر بڕیار بەدەستی یەكەمیش نەبوبێت ماوەی 8 ساڵ وەك كەسی دووەم لەدوای ئۆباماوە ئاگاداری ڕوودا و  پێشهاتەكانی دونیا بوە و كاریگەریشی هەبوە.بەسروشتی دیموكراتەكان و سیاسەت و بەرنامەكانیان ئەوان هەمیشە پشتیوانی بابەتە ناوخۆییەكانی ئەمریكان لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی و باج و ڕسومات و داد و دادگاكان و فێركردن و خوێندن و زانست و توێژنەوە و ...هتد. نەك بابەتە دەرەكیەكان و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و گفتوگۆو نەرمونیان بوون و حەزیان بەبەكارهێنانی جەنگ و توندوتیژی و بژاردەی سەربازی نەكردوە  بە كۆتری ئاشتی ناسراون،بە پێچەوانەی كۆماریەكان كە بەهەڵۆكان ناسراون و هەمیشە لایەنگری بەكارهێنانی هَزی سەربازی بوون بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە نێودەوڵەتیەكان.
ئاشكرایە جۆ بایدنیش دژایەتیەكی توندی ئەردۆگان و سیاستە ئیسلامی و فراوانخوازیەكانی دەكات لەناوچەكەدا و لە دونیاشدا و بڕیاریداوە كە یەكەم كاری ڕووخاندنی ئەردۆگانە ئەمەش گەر بەووردی لێیبڕوانین هۆكاری ئاینی و ئیتنی لە پشتەوەیە وەك لەوەی سیاسی بێت چونكە جۆبایدن جولەكەیە و پشتیوانیەكی گەورەی ئیسڕائیلە و توركیاو ئەردۆگانی ئیخوانیش بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئیسڕائیل و تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی كەنداویش.دانانی جێگرەكەشی كە ژنێكی ڕەشپێستی توندڕەوە (( كامالا هاریس)) ، دژی توركیا و ئەردۆگان جارێكی تر سیاسەتەكانی دووپات دەكاتەوە.بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بە پێچەوانەی ترامپەوە بەڵێنی داوە كە ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێراندا كارا بكاتەوە و ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێك لەگەمارۆ ئابوریەكانی لەسەر هەڵبگرێت،كە بۆخۆی ئێران وەك وڵاتێكی خاوەن نفوز و هێز لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیەكانی هیچی كەمتر نیە لە توركیا و ئەردۆگان و بەدرێژایی 40 ساڵی ڕابووردووش دژایەتیەكی سەرسەختی سیاسەتەكانی ئەمریكای كردوە لەناوچەكە و جیهاندا.لەبابەتی چین و كۆریای باكور و ڕوسیاشدا سیاسەتەكانی پێچەوانەی ترامپن.
بەم شێویە جیهان لەچاوەڕوانیەكی بێهودەدا دەژین لەماوەی ئەم 2 مانگەدا و دەرچوون یان دەرنەچوونی هەر كامێكیان بە قازانجی كۆمەڵَێكە و بە دژایەتی كۆمەڵێكی تر تەواو دەبێت.

پرسیارێك كە تایبەت بە كورد و هاوپەیمانێتی و ئایندەی لە سیاسەتی هەردوو كاندیدەكەی سەرۆكایەتیدا لە چ ئاست و پلە و گەرموگوڕیەكدان؟
خۆشبەختانە كورد و مەسەلەكەی لە بەرنامە و بەڵێن و كارنامەی هەردوو كاندیدەكەدا جێگە و پێگەیەكی دڵخۆشكەری هەیە و هەردوولایان بەلایانەوە گرنگە كە چارەنوسی كورد لەهەر 4 بەشەكەی كوردستاندا بەرەو ئایندەیەكی ڕۆشنتر ببەن و لەو نەهامەتی و قاتوقڕی  سەدان ساڵە ڕزگاری بكەن و بەڵگەی زیندووش هاوپەمانی و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هاوكاری و پشتیوانی گەرموگوڕی كوردانی ڕۆژئاوا و میانگیریەتی لەنێوان پەكەكە و توركیادا و كاركردنیانە بۆ دەستوپێكردنی ڕژێمی ئێران و جوڵە و بوژاندنەوەی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتیشە.كوردیش بەڕۆڵی خۆی لەماوەی 10 ساڵی ڕابووردوودا كارامەیی و لێهاتوویی و گیانفیدای پیشانداوە لەدژی داعش و وەك بەرگریكارێكی سەرسەخت لەجیاتی هەموو دونیا و وەك دۆست و هاوپەیمانێكی سەر ڕاست ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە و قوربانی زۆری داوە.كە ناكرێت هچ كاندیدێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم ڕۆڵ و  قوربانی و بەرگریكردنەی  كوردان لەبەرچاو نەگرن و كوردیش وەكو دۆستێكی ستراتیژی تر لەناوچەكەدا دەبینن.

 
ئەوەی ماوەتەوە كورد و سەركردایەتیەكەیەتی كە بزانن چۆن خۆ دەگونجێنن لەگەڵ سیاسەتی ئایندەی سەرۆكی نوێدا و وەكو 10 ساڵی ڕابووردوو دەبنە جێگە متمانە و ستایشی ئەوان. خۆشبەختانە تر كارتی كورد و مەسەلە ڕەواكەی لە ئێستادا بۆتە جێگەی بایەخ و پێگە و سەنگینی خۆی هەیە لەلایەن تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دونیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواییەكان و هچ كامیان ناتوانن فەرامۆشی بكەن.بۆیە گرنگە كوردیش بە عەقڵەیەتێكی كراوەتر و بە فراوانتر لە دونیا و پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی بڕوانێت و باشتر و ووردتر هاوكێشە و حساباتەكان بخوێنێتەوە.بەهیوای ئەوەی كە كورد و دونیاش لەدوای 2 مانگی تر دڵخۆش و پڕ هیوا بن بەوەی كە سەرۆكی دڵخوازی خۆیان دەرچوە و لەگەڵیدا خەون و ئاواتەكانیان بۆ دێنێتە دی.

 

10/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر