لافاو..مەترسیە بەردەوامەكە بۆ سەر شارستانێتی مرۆڤایەتی!

نەوزادی موهەندیس

گۆی زەوی  و شارستانێتی مرۆڤایەتی بەگشتی لە دەستپێكی مێژوەوە تاكو ئێستا بە بەردەوامی لەبەردەم هەڕەشەی وێرانبوون و تێكدان و لەناوچووندا بوە،هەربۆیە هەمیشە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ژیان و گوزەران و شارستانێتیەكانیش هەمیشە لە دڵەڕاوكێ‌ و مەترسیدا ژیاون و هەر ئەمەش وایكردوە كە پلان و بیری نوێ‌ و داهێنانی پێشكەوتوو وەدیبێنن بۆ بەرەنگاربونەوە و ڕێگریكردن لە مان و بوونی خۆیان و درێژە بەكاروانی پێكەوەنان و بنیاتنان و پێشكەوتن و داهێنانەكانیان بدەن و دەستەوستان دانەنیشن لەبەردەم هەڕەشە و كارەسات و ڕووداو و مەترسیە سروشتی و دەستكردەكانی مرۆڤ خۆشیدا و بەم شێوەیە توانراوە كە بۆ ملیۆنان ساڵ ئەم گۆی زەویە بە ئاوەدانی و گەشەكردوویی بهێڵنەوە.
جا یەكێكێك لەو هەڕەشە و مەترسیە بەردەوامە سروشتیانەی كە بەدرێژایی ساڵ و وەرزەكان لە ناوچە جیاوازەكانی زەویدا دووبارە دەبێتەوە بریتیە لە لافاو. بەشێوەیەك 80-90% لە كارەساتەكان لە 10 ساڵی ڕابووردوودا لە ئەنجامی لافاو و وشكە ساڵی و گێژەڵوكەی كەمەرەیی و شەپۆلی گەرمای توند و گێژەڵوكە توندەكاتەوە بووە.
لافاو : بە واتای  ئاوێكی ڕۆیشتوو دێت كە لە وشەی كۆنی ئینگلیزیەوە FLOOD دێت، كە  بریتیە لە كۆبونەوەی بڕێكی گەورە لە ئاو كە زەوی دادەپۆشێت. لافاو زۆر جاران بە توڕەبوونی سروشتیش ناودەبرێت.
مێژووی لافاو:
لافاو مێژوویەكی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ لافاوە بەناوبانگەكەی سەردەمی نوح پەیامبەر.
هۆكارەكانی ڕوودانی لافاو:
1.بەزۆری بەهۆی باران بارینی زۆرو بە خوڕەوە دەبێت.كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە ڕێڕەوە ئاویەكاندا وەك جۆگەلە و ڕووبار و دەریاچەكان.
2.ڕەنگە بەهۆی دیاردەكانی هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریاو و زەریاكانیشەوە ڕووبدات.
3.بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەرگە هەوای زەوی لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەواوە دەبێتە هۆی باران بارینی زۆر و بەخوڕ.
لافاو بە گشتی زیانبەخشە و لە كاریگەری  و زیانەكانیشی بریتیە لە :
1.تێكدان و ڕووخاندنی ماڵ و باڵەخانەكان.بەهۆی بەرزی فشارەكەیەوە بەشێوەیەك 1م3 ئاو كێشەكەی دەگاتە 1 تەن كە ئەمەش فشارێكی گەورە دروستدەكات و هەر كەس و بونەوەر و دروستكراوێك لەبەردەمیدا بێت ڕایدەماڵێت.
2. زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێل و دار و درەخت و باخچەكان.
3. زیانگەیاندن بە ڕێگاوبان و پرد و هێڵی شەمەندۆفێر و وێسگەكانی پۆستە و گەیاندن و دامەزراوە و  كارگە پیشەسازیەكان..
4. زیانگەیاندن بە وێسگە و هێڵەكانی كارەبا و تێكدان و هەڵتەكاندنی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی ئاو.
5. تێكدان و زیانگەیاندنیش بە لەوەڕگا و زەویە كشتوكاڵیەكان و ڕەز و باخ و بێستانەكان.
6. ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاك وزەوی و بەفری سەر چیاكان.
7. داپۆشینی كەنار ئاوەكان بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و دەریاكان.
جا لافاویش چەندین جۆری جیاوازی هەیە لەوانە:
1.لافاوی ڕووبارەكان: كە دووجۆری هەیە: لافاوی هێواش كە بەهۆی باران بارینی بەردەوام وبەخوڕی وەرزی و گێژەڵوكەی كەمەرەیی و گڕكان و ڕەشەبا و بارانی گەرما ڕوودەدات .وجۆری دووهەمیش:لافاوی خێرایە و بەهۆی هەورەبروسكە و بارانی زۆر یان دەرچوونی لەناكاو و داڕمانی زەوی و بەفرەوە یان بەنداوەكانەوە ڕوودەدات.
2. ڕێژگەی ڕووبار و لافاوەكان: بەزۆری لە تێكەڵەی هەڵكشانی دەریایی دروست دەبێت بەهۆی ڕەشەباوە،یان گێژەڵوكەی كەمەرەییەوە یان گێژەڵوكەی دەرەوەی كەمەرەیی.
3.لافاوە كەنارییەكان:بەهۆی گێژەڵوكە بەهێزەكانی دەریاوە یان مەترسی تسونامی یان پاڵپێوەنانی گێژەڵوكە یان گێژەڵوكە كەمەرەیی و ناكەمەرەییەكانەوە ڕوودەدات.
4.لافاوە وێرانكەرەكان :بەهۆی ڕووداوێكی گەورەوە وەك داڕمانی بەنداو یان بوومەلەرزە یان تەقینەوە گڕكانیەكانەوە ڕوودەدات.
5.لافاوە لیتەییەكان: لە زەویە كشتوكاڵیەكاندا ڕوودەدات بەهۆی داڕمانی زەویەوە.
6. جۆرەكانی تری لافاو:
كاریگەری و ئاسەوارەكانی لافاو: چەند جۆرێك كاریگەری بەجێدێڵێت لەوانە:
1.ئاسەوارە سەرەتاییەكان : لەناوبردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەك و زیندەوەران و ئاوارەبوون و ڕووخاندنی ماڵ و بینا و ڕێگا و پردەكان و ڕاماڵینی زەوی و ئۆتۆمبێل و تێكدانی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی دابەشبوونی ئاو و كارەبا و ...هتد.
2.ئاسەوارە لاوەكیەكان : پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گوێزراوەكان و ...هتد.
3.ئاسەوارە درێژخایەنەكان : لەبواری ئابوری و گەشتیاری و ژێرخان و نۆژەنكردنەوەی بیناو ڕێگاوبانەكان و تۆڕەكانی ئاو و كارەبا و پەیوەندیەكان و كەمبونەوەی خۆراك و بەرزبونەوەی نرخەكان.
چۆن كۆنتڕۆڵی لافاوەكان دەكرێت ؟
1.بەهۆی دروستكردنی بەنداوەكان.
2.دانانی ڕێگریەكان.
3.دروستكردنی كۆگاكانی ئاو.
4.دانانی كیسی خۆڵ و لم و بۆری هەڵگیراو و فووتێكراو.
5.دروستكردنی دیواری ڕاگر لە كەنار دەریاكان و ڕێگرەكانیش.
6.ڕواندن و چاندنی دارو درەختی زۆر لە چواردەوری شارەكان و نەبڕینەوەیان.
ئەرێ‌ لافاوەكان تەنها زیانیان هەیە ؟ یان سوودیشیان هەیە؟
بەدڵنیاییەوە لافاوەكان سەرەڕای زیانەكانی سوودیشیان هەیە لەوانە:
1.زیادكردنی ئاوی ژێر زەوی.
2.بەپێزكردنی خاك بەدابینكردنی جۆرەها خۆراك بۆی.
3.پێدانی ئاو بەو ناوچانەی كە وشكن و بیابان و ڕووتەنین بەهۆی كەمبارانیەوە.
4.پارێزگاری كردن لە هەمەجۆری بایۆلۆجی دەكات.
توندترین لافاوەكان لە جیهاندا:
لە مێژوودا گەلێك جۆر لافاو لە جیهاندا ڕوویانداوە بە بەردەوامی بەڵام هەندێكیان لە ڕادەی توندی و بەهێزی و گەورەیی زیانەكانیاندا بەناوبانگ بوون وەك:
1.هۆڵەندا ساڵی 1530 .
2.لافاوەكانی وڵاتی چین لە ساڵانی 1887 و1931 و1935 و 1938 و 1975دا.
3.تسونامی زەریای هندی ساڵی 2004.
4.ڤێتنام ساڵی 1971.
5.بەلجیكا و ئەڵمانیا و سویرسرا لەساڵی 2021دا.
چەند نمونەیەكی لافاوەكان و بڕی زیانەكانیان:
لە ساڵی 2020دا:
فلیپین: 2ملیار دۆلار
فەڕەنسا+ئیتالیا: 3.2 ملیار دۆلار
هندستان: 4 ملیار دۆلار
سودان: 3-4ملیار دۆلار
یابان: 8.5 ملیار دۆلار
چین: 12.9 ملیار دۆلار
ئەمریكا: 7.8 ملیار دۆلار
ئەندەنوسیا: 368.64 ملیۆن دۆلار
ساڵی 2021:
گەورەترین لافاو و بەزیانترین لافاو لەسەدەی 21دا لە كیشوەری ئەوروپا و بە دیاریكراویش لە ئەڵمانیادا لە ناوەڕاستی مانگی 7/2021دا ڕوویدا كە لەماوەی 100 ساڵی ڕابووردوودا گەورەترین لافاو بوە و ناویان لێنا لافاوی سەدە یان لافاوی مردن كە تیایدا:
170 كەس مردن.بەسەدان كەس بێسەروشوێن بوون.هەزاران كەس ماڵیان لە دەستدا.دەیان دامەزراوەی ئابوری لەناوچوون.سەدان ڕێگاو بان ڕووخاون. 600كم لەتۆڕی هێڵی شەمەندۆفێر تێكچوون. 20 وێسگەی شەمەندۆفێر نەماون. 140 وێسگەی بەرید و تۆڕی كارەبا و پەیوەندیەكان نەماون. بڕی قەرەبووی زیانەكان 400ملیۆن یۆرۆ بوە بۆ هاوڵاتیان و زیانە گشتیەكانیش بە دەیان ملیار یۆرۆ حسابدەكرێت.

بەم شێوەیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و شارستانێتیە پێشكەوتوەكەی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و تووڕەبون و خەشمی سروشتدایە و ئەوەی مرۆڤەكان بە دەیان و سەدان ساڵ پێكەوەی دەنێن ئەوا سروشت لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا ژێرەوژووری دەكات و تەختی دەكاتەوە لەگەڵ زەویدا. هەربۆیە پێویستە لەكاتی بیناكردن و ئاوەدانی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لە دیزاین و پلانەكاندا بەشێوەیەكی ئەندازیاری وورد كۆد و پێوانە ستانداردەكان لە نەخشەكاندا بچەسپێنرێن و حسابی وورد بۆ هەموو مەترسی و ڕووداوە سروشتیە لەناكاوەكان بكرێت بۆئەوەی سەلامەتی  مرۆڤەكان و ئاوەدانی و دەسكەوت و پیشكەوتنەكانی مرۆڤایەتی و تەواوی گۆی زەوی بپارێزرێت و بەكەمترین زیانی گیانی و ماڵی لێی دەربچێت.


17/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر