ئەفغانستان قوربانی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەكان !

نەوزادی موهەندیس

ئەفغانستان و گەلی ئەفغانستان ئەو وڵات و كۆمەڵگایەی كە نەفرەتی پەروەردگاری لێكراوە لە ئەزەل و دەستپێكی دروستبونیەوە،بەهۆی  فرە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی  و هەڵكەوتە جیۆسیاسی و ئابوری و تۆپۆگرافیی خاكەكەی و دوورە دەستی و هەژاری و دواكەوتوویی و خۆخۆری و عەشرەتگەرایی و لەهەمووشیان ماڵوێرانتر دواكەوتەی ئاینەكانە بەتوندیەكی دەمارگیری بێوێنەوە كە لەناوجەگەری عەرەبەكان خۆشیاندا هێندە دەمارگیرنین بۆ ئاینی ئیسلام.
هەربۆیە ئەم وڵات و كۆمەڵگایە بە درێژایی 100ساڵی ڕابووردووی دوای داگیركردنی ئینگلیزەكان بەبەردەوامی لەشەڕ و ململانێی براكان و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكاندا بوە و نەیتوانیوە بپەرژێتە سەر بواری گەشەو پێشكەوتن و ئاوەداكردنەوەی وڵاتەكەی،ئەمەش هۆكاری زۆلای هەیە لەوانەش هەڵوێستی وڵاتە دراوسێكانی بەتایبەتی پاكستانی سونە مەزهەب كە هەمیشە هەوڵیداوە پشێوی و ململانێ ناوخۆیەكانی  ئەفغانیەكان توندتر و قوڵتر بكاتەوە.بەناوی ئاین و مەزهەبی سونەی زۆرینەوە و چەوساندنەوەی كەمینە شیعەكانەوە.هەر ئەو هەڕەشە و ململانێیانە پاڵیان نا بە یەكێتی سۆڤیەتی جارانەوە لەساڵی 1979دا داگیریبكات بەهاندانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و تێوەگلاندنی لە  گۆمی لیخنی ئەفغانستان و لەبیربردنەوەی پیلان و خەونە دێرینەكەی بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەكانی كەنداوی عەرەبی كە سەرچاوەی زۆرینەی وزەی دونیان.وئەنجامیش بە زەرەروزیان و شكستخواردوویەكی گەورەوە پاشەكشەی كرد.
ئەفغانستان بەهۆی پێگە و هەڵكەوتە جیۆپۆلەتیكیە گرنگ و ناوازەكەی لە نێوان سۆڤیەت بۆ كەنداوی عەرەبی و لەسەر سنورەكان و دراوسێیەتی لەگەڵ كۆمارەكانی جارانی سۆڤیەت كە بە نەتەوە و ئاین و مەزهەب لەگەڵیاندا نزیكە و لەلای سێهەمیشەوە وەك خەنجەرێك وابوە لە پشت و كەمەری ئێرانەوە بەتایبەتی لەسەردەمی كۆماری ئیسلامی ئێرانی شیعە مەزهەبدا.كە دوژمنی سەرسەختی ئەمریكا و ڕۆژئاوایە گەرچی بە ڕووكەشیش بێت.
ئەفغانستان لەساڵی 1979وە دەرگای جەهەنەمی بەسەردا كراوەتەوە و تاكو ئێستاش بەكراوەیی ماوەتەوە و پێناچێت بەم زووانەش دابخرێتەوە چونكە سەری فیتنە و ئاشوبەكان ئەفغانیەكان خۆیانن كە تەنها دوای بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و دەرەكی دەكەون و ئایندە و بەرژەوەندی خۆیان لەبیرنەماوە.لەوكاتەوە كە ڕێكخراوە ئیسلامیە توندڕەوە عەرەبەكان بە فیت و هاندان و سەروەت و سامانی زۆر وزەوەندی عەرەبەكان شەڕی دژی سۆڤێتیان هەڵگیرساند و دواتریش دوای ڕزگاركردنی لەساڵی 1989دا و دەستدانە چەك بەرامبەر برا و خەباتكارەكانی دوێنێی خۆیان ودروستبوونی ڕێكخراوی قاعیدەی ئوسامە بنلادنیش ئیدی ئەفغانستان بوە گۆمی خوێن و بەبەردەوامی داوای خوێن و خۆراكی لاشەی ئەفغانیەكانی دەكرد و هەموو دونیاش سەیری دەكردن.تا ئەوكاتەی سەركێشیە گەورەكەیان ئەنجامدا لە 11ی سێپتەمبەری 2001 و بە گژ قولەی قافدا چوون لە نێویۆرك و واشتنۆنی ئەمریكادا.ئیدی وەك ئەوەی دەستیان كردبێتە ناو كونی زەردەواڵەوە و ئەمریكا و هەموو ڕۆژئاواین كردە دوژمنی خۆیان و لێیان وروژان كە ماوەی زیاتر لە 10ساڵ پشتیوانیان لە ئەفغانیەكان دەكرد دژی سۆڤێتیەكان لەسەردەمی جەنگی سارددا.
لە ساڵی 1996دا لەناكاو و بێ‌ ئامادەسازی پێشوەختە یان ئامادەكراوبوە و لە قووتوی كەپسدا هەڵگیرابوون و بزوتنەوەی سەلەفی توندڕەوی تاڵیبان سەریهەڵداو لەماوەیەكی كەموكورتی وەكو ئێستادا بۆ یەكەم جار توانی سەركەوتنی گەورە بەدەستبێنێت بەسەر هەموو هێزە بەناو موجاهیدەكانی دژی سۆڤیەتی جاران و خۆیكردە حاكمی ڕەهای ئەفغانستان و ئیمارەتێكی ئیسلامی توندڕەوی دامەزراند و لە زۆر وڵات و جێگەی دونیاش لایەنگر و سەرمەستانی بزوتنەوەكە دروستبوون بە كوردستانی خۆشمانەوە و گەرەكیان بوو ئیمپراتۆریەتێكی ئیسلامی و خەلافەتێكی پانوپۆڕ لەناوچەكە و دونیادا دامەزرێنن.بەڵام تەمەنیان تەنها 5 ساڵ بوو كەوتنە بە گورزی تۆڵەی ئەمریكاوە و سەرەونگونی كردن بەڵام نەیكوشتن و لەناوینەبردن و لەجێگەیاندا حكومەتێكی بەناو دیموكراسی و ئازادی و كراوە و پێشكەوتوخوازی دامەزراند و ماوەی 20 ساڵیش بەخوێن و سەروەت و سامانی ئەمریكیەكان پاڵپشتی كردن بەڵام ئەنجام  لەماوەی كەمتر لە 1 مانگدا جارێكی تر بزوتنەوەی تاڵیبان توانی شكست بەو حكومەتە لەرزۆك و گەندەڵ و بێبنەمایە بهێنێت و بێ تەقە و كوشتاری زۆر جارێكی تر خۆی كردەوە بە حوكمڕانی ڕەهای ئەفغانستان و گەلی ئەفغانستان و تەواوی ناوچەكە و جیهانی تووشی شۆك و سەرسوڕمان كرد.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەفغانستان ئاوهای بەسەرداهات؟بۆچی حكومەتێكی  20 ساڵە بەرگەی 20ڕۆژی نەگرت؟كوا هێز و توانا و مقاوەمەتی هێزە ئازادیخوازەكانی ئەفغانستان؟ ئەی بۆچی ئەمریكا لە ناكاو و لەماوەیەكی كەمدا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی دا لەو وڵاتە؟ئایا ئەمە سروشتی ئەمریكایە و دەكرێت پێشبینی بكرێت لەناوچەكانی تری ململانێكاندا هێزەكانی بكشێنێتەوە ؟  و دەیان پرسیاری تریش..
بەكورتی و كرمانجی ،ئەفغانستان بوە قوربانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و هەموانیان ڕێكەوتون لەسەر ئەو سیناریۆیەی گەڕانەوەی تاڵیبان دوای دوو مانگ دانوسانی چڕوپڕ لەنێوان تاڵیبان و ئەمریكا لەدەوحەی پایتەختی قەتەر. چونكە حكومەتی ئەفغانستانی دروستكراو  نەیتوانی لەماوەی 20ساڵدا حوكمڕانیەكی ڕاست و دروست و شەفاف و پتەو دابمەزرێنێت و دیاردەكانی گەندەڵی و ناعەداڵەتی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و ناوچەگەرێتی و مەزهەبچێتی و عەشرەتچێتی وایكرد كە بنەمایەكی تۆكەمە و بەهێزی نەبێت و گەندەڵی شۆڕببوە بۆ ناو تەواوی جومگە و ‌وئۆرگانەكانی دەسەڵات و زۆرینەی خەڵكیش هەژار و كەمدەرامەتبوون و سوپا و هێزەچەكدارەكانیش بێ مووچە و بێ خواردن بوون،دیموكراسیەت و ئازادیەكانیش هەر بەناوبوون.بۆیە ئەمریكیەكان چیدی توانای پاڵپشتی و دەستپێوەگرتنی ئاوها حكومەتێكیان نەما كە سوودی نە بۆ ئەوان و نەبۆ بەرژەوەندیەكانیشیان نەبوو لە ناوچەكەدا دژی ڕوسیا و ئێران و ...هتد.
هەربۆیە گەرەكی بوو كە گۆڕانكاری بكات و تاڵیبان بەمەرج و شێوە و سیمایەكی نوێەوە بهێنێتەوە سەر شانۆ دوای ئەوەی كە ((كردیە تەیرێكی مەعقول)) و بەرژەوەندی و ئامانجە دوورمەوداكانی خۆی بێنێتە دی لەلایەك دژی خەونەكانی سۆڤیەت و هاتنە پێشی بۆ ناوچەی كەنداوی عەرەبی و لەلایەكی تریشەوە بۆ فشار خستنە سەر ئێرانی دوژنی ئەمریكیەكان  و تەنانەت وەك ڕێگریەكیش لەبەردەم خەون و فراوانخوازیەكانی چینیشدا بۆ ئاسیا و و خوارووتر.
هەربۆیە ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لە كشانەوەی هێزەكانی لە ئەفغانستان دوورنیە لەناوچەكانی وەكو عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ..هتد. بكشێنیتەوە و گەلانی ئەو ناوچانەش ڕووبەڕووی قەدەری نادیاری خۆیان بكاتەوە،چونكە ئەمریكا بەرژەوەندی لە كوێ‌ و تاكوێ‌ بڕبكات هەر ئەوەندە پشتیوانە و هیچ كات كوڕی خۆی ناكاتە قوربانی كچی كەسی تر.
بەڵام ئایا تاڵیبان دەتوانێت ئەو مەرجانەی ئەمریكیەكان بهێنێتەدی و شەڕی لەجیاتی بەرپا بكات؟
نەخێر ناتوانێت تاسەر ئەو كارە بكات،چونكە لەلایەك ململانێ‌ ناوخۆییەكانی ئەفغانستان لێناگەڕێن حوكمڕانیەكی ڕەها بكەن و هەر لە ئێستاوە لەلایەن هێز و نەوەی دوای تاڵیبانی 2001 وە ناڕازین لە تاڵیبان و خۆپیشاندان دەكەن و لە ناوچەی پێنجشێریش بەسەرۆكایەتی كوڕی ئەحمەد شامەسعود لە گردبونەوەدان بۆ دژایەتی تاڵیبان،هەربۆیە زۆر نزیكە شانۆگەریە خوێناویەكەی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی بیست دووبارە ببێتەوە چونكە نە تاڵیبان دەستهەڵدەگرێت لەتوندڕەویەكەی خۆی كە پێی ناسراوە و لەسەری دامەزراوە گەرچی لە ئێستادا جۆرێك لەنەرمی دەنوێنێت  تا تەواو دەسەڵاتەكانی دەچەسپێنێت و نەهێزەكانی دژی تاڵیبانیش گەرەكیانە ئەفغانستان تاسەر پێشكەش بە تاڵیبان بكەن.
هەربۆیە ئایندەی ئەفغانستان و ئەفغانیەكان بەنادیاری دەمێنێتەوە و لە بازنەیەكی بۆشی خوێناویدا خول دەخوات و تاهەتاهەتایە ئاشتی و ئارامی بەخۆیانەوە نابینن چونكە سروشت و هەڵكەوتە و بیر و تێڕاونینی ئەو كۆمەڵگایە هەر بەداخراوی و ململانێی و دواكەوتوویی و هەژاری ڕاهاتوون و ناتوانن تاسەر بەرگ و بیر و گوتار و كرداریان بەجۆر و مۆدێلێكی سەردەمیان بگۆڕنەوە.


26/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر