گەردەلولەكان وداڕمان و ڕۆچونەكانی زەوی لەناوبەرە بێ‌ ئامانەكەی شارستانێتی مرۆڤایەتی !

نەوزادی موهەندیس

پێناسە:
گەردەلوول:  ڕوودەدات لە ناوچەیەكی پەستان نزم لەگەڵ بوونی ڕەشەبایەكی لوولپێچی كە بەپێچەوانەی میلی كاتژمێرەوە دەسوڕێتەوە لە نیوەی باكوری گۆی زەوی و لەگەڵ میلی كاتژمێریشدا لە نیوەی باشووری گۆی زەوی.
پێكهاتەی گەردەلوول:
گەردەلوول پێكدێت لە 2 ناوچە:
1.چەق یان چاوگ : كە سەرچاوەی گەردەلولە و ئارامە.
2.دیواری گەردەلوول: كە بریتیە لە هەورێكی چڕ و ڕەشەبا و بە دەوری چاوگ یان چەقدا دەسوڕێتەوە و جوڵەی ڕەشەباكەی ستونی و توندە.
پێوانەی توندی گەردەلوول:
توندی گەردەلوول بە پلەی (( فۆجیتا))دەپێورێت لەسەر بنەمای خێرایی و كاولكاری و زیانەكانی:
1.گەردەلوولی سووك پلەكەی لە نێوان 64-83 پلەی یەكەم
2.گەردەلوولی مام ناوەنج پلەكەی لە نێوان 84-95 پلەی دووەم
3.گەردەلوولی بەهێز پلەكەی لە نێوان 96-110 پلەی سێهەم
4.گەردەلوولی زۆر بەهێز پلەكەی لە نێوان 111-135 پلەی چوارهەم
5.گەردەلوولی وێرانكەر پلەكەی لە نێوان زیاد لە 135پلەی پێنجەم
جۆرەكانی گەردەلوول
1.گەردەلوولی كەمەرەیی
2.گەردەلولی دەرەوەی كەمەرەیی
3.گەردەلوولی ناوەنجی لەشێوەی كەمەرەیی
زیانی گەردەلوولەكان:
1.زیان لە كشتوكاڵ و جوڵەی خانوە جوڵاوەكان و تێكدانی كەلوپەلی سەربانەكان دەدات كاتێك خێرایی با 118-133كم/كاتژمێر بێت.
2. دەرهێنانی درەختە سووك و بچوكەكان و درزبردنی درەختە گەورەكان و هەڵگێڕانەوەی ئۆتۆمبێل و هەڵگرتنی چادر و شكاندنی پەنجەرەی ماڵان كاتێك خێرایی با  118-180كم/كاتژمێر بێت. 
3.شكاندنی درەختە گەورەكان و هەڵكێشان و هەڵكەندنی سەربانەكان كاتێك خێرایی با 181-210كم/كاتژمێر بێت.
4.وێرانكردنی سەربانی ماڵان و هەڵكەندنی درەخت و پچڕاندنی هێڵەكانی كارەبا و داخستنی ڕێگاوبانەكان كاتێك خێرایی با 210-250كم/كاتژمێر بێت.
5.ئەم جۆرەیان كە خێرایی با  251-330كم/كاتژمێرە زۆر توند و كاولكارە.
6.ئەم جۆرەیان خێرایی با زیاد لە 420 كم/كاتژمێرە و هێشتا ڕووینەداوە لەسەر زەوی.
گەردەلوولە بەناوبانگەكان:
1.گەردەلوولی نانسی ساڵی 1961 لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن.
2.گەردەلوولی  بەنگلادیش و هندستان ساڵی 1970 ژمارەی قوربانی 300هەزار كەس.
3.گەردەلوولی تریسی ساڵی 1974 لە كەناری ئوستوڕالیا.
4.گەردەلوولی فۆرست ساڵی 1983 لە باكوری ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن.
5.گەردەلوولی گێلبەرت ساڵی 1988 لە مەكسیك.
6.گەردەلوولی ئاندرۆ ساڵی 1992 لە ئەمریكا زیانەكانی 250 بلیۆن دۆلار.
7.گەردەلوولی جۆن ساڵی 1994 لە ئوستوڕالیا ژمارەی قوربانی 8 هەزار كەس.
8.گەردەلوولی میتش ساڵی 1998 لە ئەمریكای ناوەڕاست وێرانكەر بوە.
9.گەردەلوولی كاترینا و ساندی و ئێرین ساڵی 2011 زیانەكانی زۆر گەورەبوون.

داڕمانی بەفر و خاك
1.داڕمانی بەفر: بریتیە لە جوڵەی لەناكاوی بڕێك بەفر لەسەر لاپاڵە لارەكانی شاخەكان و ڕەنگە ببێتە هۆكاری زیانی گەورە ئەگەر لە لوتكەیەكی بەرزەوە بكەوێتە خوارەوە.
مەترسیدارترین پلەی لاری شاخ كە داڕمانی بەفری تیادا ڕوودەدات بریتیە لە 28 پلە.جاهەركاتێك توانرا بەفر لەسەر زەوی هەڵبگیرێت و بشگیرێت و لەهەمان كاتیشدا بەسەریدا بخلیسكێتیش ئەوا پێشبینی داڕمانێكی گەورەی لێدەكرێت.
2.داڕمانی خاك : بریتیە لە جوڵەی خاك،وەك كەوتنەخوارەوەی بەرد و داڕمانی لاپاڵەكان و ڕۆیشتنی خاك و ڕۆیشتنی پاشماوەی لیتەیی.
داڕمانی خاك لە ژینگەی جیاوازدا ڕوودەدات كە پلە و گۆشەی لارییان تیژە یان مام ناوەنجە،كە لەناو دۆڵی نێوان شاخەكان،یان تەنیشت كەنارەكان ڕوودەدات، تەنانەت لە ژێر ئاویشدا ڕوودەدات((لێرەدا پێیدەوترێت داڕمانی زەوی دەریایی)).
هۆكارەكانی داڕمانی خاك:
هێزی كێشكردنی زەوی هۆكاری سەرەكیە بۆ داڕمانە زەمینیەكان،بەڵام هۆكاری تریش هەن وەك هۆكارە سروشتیەكان:
1.باران بارینی بەخوڕ و تێربوونی زەوی لاپاڵەكان بە ئاو یان تواندنەوەی بەفر.
2.بوومەلەرزە و لەرینەوەكانی.
3.یان بڕینی لاری بۆ دروستكردنی ڕێگاكان.
4.بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی،یان بەرزبونەوەی فشاری بۆشایی( بەهۆی پڕبونەوەی بۆشاییەكان بە باران)).
5.زیادبوونی فشاری هایدرۆستاتیكی لە درزەكاندا.
6.داخورانی ڕووی لاپاڵەكان بەهۆی ئاوی ڕووبار یان شەپۆلە  زەریاییەكانەوە.
7.كرداری دووبارەبونەوەی بەستن و خاوبونەوە یان چوونە ناوەوەی خوێ‌ بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی یان توانەوەی كانزاكان.
8.تەقینەوە گڕكانیەكان.
هۆكارە دەستكردەكانی مرۆڤ:
1.نەمان و بڕین و ئاگر تێبەردانی دارستانەكان و كشتوكاڵ و بیناكان.
2.لەرینەوە بەهۆی ئامێرەكان و جوڵەی هاتوچۆوە.
3.تەقینەوە و گەڕان بەدوای كانزاكاندا.
4.كاری هەڵكەندن.
5.لابردنی داپۆشەری ڕوەكی قوڵ لە خاكدا.
6.چالاكیە كشتوكاڵیەكان( بڕینی درەختەكان).

جۆرەكانی داڕمانی زەوی:
1.ڕۆیشتن یان لافاوی پاشماوەی لیتەیی : كە لە ئەنجامی تێربوونی گڵەوە دروست دەبێت بە ئاو شێوە لافاوێكی قوڕی دروست دەكات و دەبێتە هۆی ڕاماڵینی هەرشتێك كە بێتە سەر ڕێگای وەكو لافاوێكی ئاسایی دەبینرێت بەڵام جیاوازە.
2.ڕۆیشتنی جوڵەی  زەوی : لە خاكێكدا ڕوودەدات كە دەنكۆڵەی ووردە و لەلاپاڵەكاندایە و خێراییەكەی جیاوازە و كەمترینی 1ملم/ساڵ تا زۆرترینی 20كم/كاتژمێرە. ئەم داڕمانە لەكاتی باران باریندا ڕوودەدات كاتێك خاك تێر ئاو دەبێت.
3.هەڵخلیسكانی پاشماوەیی: بریتیە لە جوڵەیەكی بێسەرووبەرەیی بەرد و خۆڵ و پاشماوەكان كە تێكەڵ بوون لەگەڵ ئاودا یان بەفر یان هەردووكیان، جا زیاتر ئەو لاپاڵانە تێر ئاو دەبن كە ڕووەكی چڕیان تیادایە، و بەوهۆیەوە تێكەڵەیەك دروست دەبێت لەداری شكاو و ڕوەك و پاشماوەكان.داڕمانە پاشماوەییەكان جیاوازن لە هەڵخلیسكانە پاشماوەییەكان چونكە جوڵەكەی خێراترە.
بەم شێوەیە ئەم دیاردە سروشتیانە لە جیهاندا و لەناوچە جیاوازەكاندا بە بەردەوامی ڕوودەدەن و دەبنە هۆكاری كاولكاری و لەناوبردنی مرۆڤ و ڕووەك و ئاژەڵان و تەواوی دامەزراوەكان و هۆكارەكانی خزمەتگوزرای و ئاوارە و بێسەرووشوێنبونی كەسەكان و زیانگەیاندنیش بە ژینگەی سروشتی گۆی زەوی و گۆڕینی دیمۆگرافی خاك .بۆیە گرنگە كە پێش ئەنجامدان یان جێبەجێكردنی پڕۆژەكان پلانی پێشوەختە هەبێت بۆ بەرەنگاری و ڕێگری یان خۆپارێزی لەو دیاردانە بەتایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی كە نزیك دەریا و زەریاكانن یان ڕێژەی باران بارین تیایاندا زۆرە وەك ناوچە كەمەرەییەكانی زەوی.
خۆشبەختانە لە كوردستاندا گەردەلوولی كەم هەیە بەڵام ڕەشەبای بەهێز هەیە ئەویش نەگەیشتۆتە ئاستی كاولكاری گەورە ،بەهەمان شێوەش داڕمانی بەفر و خاكیش بونیان هەیە بەڵام هێشتاش جێگەی مەترسی زۆر گەورە نین.




01/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر