"سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژو"

عەبدولرەزاق شەریف

بەشی یەکەم :

دوای کودەتاکەی ساڵی شەست وهەشت و هاتنەسەر حوکمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە عێراقدا، ئیتر ناوی سەدام حوسەین وەک سەرکردە و کارەکتەری سیاسی و حیزبی دەرکەوت .

 

لە کوردستانیشدا بەتایبەت دوای سەردانی  مەلامستەفای بارزانی و بڵاوبونەوەی وێنەکانی زیاتر ناسرا .

 

کورد ئەگەر لەهەوڵی نوسینەوە و ئاشکراکردنی هەقیقەتە مێژوییەکاندا بێت ، ناکرێ و نابێ بە یاسا رێگری لە هەڵوێست و وێستگە باشەکانی کاری سیاسی و حوکمداری هیچ یەکێ لە سەرکردە و حوکمدارەکانی مێژوی خوێناوی سەد ساڵەی عێراق بگرێت .

 

-  "کەس نەزانێ ! من ئەزانم کەرکوک شارێکی کوردستانە و لە بیرەوەری خۆمدابوە کە تیرە و هۆزە عەرەبەکانی تکریت و ئەودیوی حەمرین چۆن بۆ لەوەڕی ئاژەڵەکانیان ئەچونە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و روخسەتیان لە هۆزە کوردەکان وەرئەگرت ! بەڵام چارەنوسی کەرکوک تەنیا لەدەست منا نیە و دڵنیاشبە تۆش بێیتە سەر ئەم کورسیەی من ناتوانی بە بڕیارێک کەرکوک بخەیتەوە سەر کوردستان ، بۆیە پێشنیاز ئەکەم کەرکوک ناوی شاری برایەتی هەمو عێراقیەکان بێت " .

 

سەدام حوسەین ئەم قسەیەی لە گفتوگۆکانی ساڵی هەشتاوچواردا، بە مام جەلال وتبو ، چەرخی عێراق سوڕا و مام جەلالیش چوە شوێنەکەی سەدام و نەیتوانی ئەو داوایەی خۆی بەجێ بهێنێت .

 

سەدام حوسەین جگە لەکەرکوک هیچ کێشەی لەگەڵ کوردستانیبونی ناوچەکانیتری کێشە لەسەری دابڕاو لە هەرێمی کوردستان نەبو ، تەنانەت بۆ کەرکوکیش جارێک وتبوی لەگەڵ ناوەندی پارێزگاکە کێشمان نیە و جارێکیتریش وتبوی گەر رازیش ئەبن بە درێژایی سنوری روباری خاسە با ئەمبەر و ئەوبەر لە نێوانمانا بەشی بکەین .

 

من ئەمانەم لە مام جەلال وکاک نەوشیروان و فەرەیدون عەبدولقادر بیستوە و دڵنیام زۆرکەسیتریش ئەمانە و زیاتریشیان لە تەرحەکانی سەدام و بەعس، بۆ چارەسەری کێشەی سنوری هەرێم و سنوری ئۆتۆنۆمی کوردستان لەوان و لە کەسانیتر بیستوە ! کە کێشە گەورە موزمینەکەی ئێمەیە لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا و ساڵ بەساڵ پڕ گرێوگۆڵتر ئەبێت .

دوای هەڤدە ساڵ و کۆتایی حوکمدارێتی بەعس لەعێراقدا، کام لەو سەرکردە عەرەبانەی شیعە و سونەی عێراقی ( کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە فەرشی سوریان بۆ رائەخرێت ، ستایش ئەکرێن ، داوەت و ئیمتیازی مادی و مەعنەویان پێ ئەدرێ )٫ وەک سەدام حوسەین بڕوایان بە کوردستانی بونی سنوری هەرێمی کورستان هەیە ؟ ئەوە گشت بەرنامە و پرۆگرامی حیزبە عێراقیەکان و گشت بەرنامەی کاری حکومەتەکانیان لەدوای روخان و فەوتی سەدام حوسێنەوە ! کێ لەوان پرۆژەیەکی بۆ دیاریکردنی سنوری کوردستان لە عێراقدا نوسیوە ؟ یانەخۆ بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەی کورد لە عێراقدا، خستۆتە رو ؟


04/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر