چرکەی بەیاننامە و نارەزایی

عەبدولرەزاق شەریف


ئاشکرایە ستون و پایەیەکی ئەو سێ کوچکەی حوکمڕانیەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕانە، سەرەتای گفتوگۆ تا بە رێکەوتن و بەشداری و پۆست وەرگرتن بە پرەنسیپی شەراکەت و چونە ژێر باری بەرپرسیارێتی چون و تێپەڕی و بەردەوامیشن، بەرەسمی و لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کۆبونەوەی حیزبە هاوبەشەکانیشیاندا، جگە لە جەختکردنەوەی شەراکەت، سەنا و ستایشی کابینەی نوێ و هەوڵەکانی بۆ چاکسازی ئەکەنەوە ، تەنانەت رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لە دوا وتاری بڵاوکراوەیدا، هەمان ستایشی کرد و وتی قۆناغی یەکەمی چاکسازی بە بڕین و کەمکردنەوەی موچە دەستی پێکردوە و قۆناغی دوەمیش بەڕێوەیە، جگە لەوانەش هیچ تەعینێکی تازەی ئەوانیشمان لە فەرمانبەرێکەوە تا جێگری سەرۆکی هەرێم نەبینیون و لێمان نەبیستون ئەدای کار و بەرنامەی حکومەتەکەیان پێ خراپ بێت و رەتی بکەنەوە .
بزوتنەوەی گۆڕان کە چەند پۆستێکی وەزارەت یا جومگەیەکی حکومداری لەو کابینەیەدا بەڕێوە ئەبات مانای ئەوە نیە کە لە جوومگەکانیتر بەرپرسیار نیە ! هەر وەک چۆن ئەم لۆژیکە بۆ پارتی و یەکێتیش هەر راستە ..!
وەزارەتی داد و ناوخۆ و ئاسایش چۆن سەری هەرەمەکە لای پارتی یە ، دارایی و کار و بازرگانی و ئەوانیتر لای گۆڕان و هەندێکیتر لای یەکێتی یە، ئەنجومەنی وەزیرانەکەشیان بێ چاوێنی بێت وەک یەک تیم کار ئەکەن . 
ئەوەی سەیر و سەمەرەیە و تا ئێستا روینەداوە لە تەئریخی میلەتاندا، ئەدای چەواشەکاری راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و کارەکتەرەکانێتی لەگەڵ هەندێ دەنگی نەشازی یەکێتی، کە بە ئاشکرا و بێ شەرم و شکۆ لە مینبەری کەناڵەکانی راگەیاندنەوە خۆڵ ئەکەنە چاوی خەڵک و فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیەکانی دەستی حکومەتەکەی خۆیان ئەڕێژن، وەک ئەوەی نە باڕەشی تەعدیلی یاسای سەرۆکایەتی بەلایاندا تێپەڕیبێت و نە تاوی بارانی درێژکردنەوەی یاسای بەگژاچونەوەی تیرۆر لێی دابن . بۆ نارونی مەلەفی نەوت و داهات، بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران و بۆ کەڵەکەبونی گەندەڵی زیاتر و بۆ پەلاماردانی خۆپیشاندەران و زیندانیکردن و مەحکومکردنیان و بۆ و بۆ ... دەیان کاری نا بەجێ و ناجۆر و ناچیزەی حکومەتەکەی خۆیان بەیاننامەی نارەزایی دەرەکەن، وەک ئەوەی بە رۆژی روناک خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە قولی خۆیان و حیزبەکانیان نەبینێ، پەلە نەکەین چرکەی لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەبیستین .

17/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر