(ئەرزەرۆمی نوێ)

عەبدولرەزاق شەریف
پێشترو لەدەیان وتارو قسەو باسی ڕاگەیاندنەکاندا، خەڵکی (هەرێمی کوردستان‌و پارێزگای سلێمانی)مان لەڕێکەوتنی ئەنقەرەی نێوان عێراق‌و ئێران‌و تورکیا ئاگادارکردەوەو مەترسی جێبەجێکردن‌و لێکەوتەکانیمان باسکرد، ئەو ڕێکەوتنەی کە ئێرانیەکان پێش چونیان بۆ ئەنقەرە هاتنە لای سەرانی حیزبە کوردستانیەکان‌و بەڕاشکاوی‌و ڕاستگۆیی پێیان وتن:

(گەر ڕیفراندۆم نەکەن، لەکەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان بمێننەوەو ئێمە پشتیوانتان ئەبین‌و  خۆشمان ئاڵای کوردستان لەحەمرین هەڵئەکەین! خۆ ئەگەر ئەنجامیشی بدەن ئێمە ناچارئەبین برۆین لەگەڵ تورکیاو عێراق ڕێکبکەوین بۆ ئەوەی لەکەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان دەرتان بکەین‌و بچینە ژێر داواکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە)، من وەک شایەتحاڵێکی ناو ڕوداوەکان‌و گفتوگۆی ئەو سەروەختەی ئێرانیەکان بۆ مێژوو ئەڵێم کە بەتکاوە بەئێمەیان وت (هەرچۆنێ بێت ئەم ڕیفراندۆمە مەکەن! ئێمە ناچار مەکەن تەنازول بۆ تورکیا بکەین‌و شەڕی کوردی دۆستمان لەکەرکوک بکەین)، پێم سەیربوو باسی شەڕی سەربازو تفەنگیان کردو ئەمویست بڕوایان پێبهێنم کە ئەوە مومارەسەی مافێکی سادەی میلەتەکەی ئێمەیە، بەڵام ئەوان زۆر بەڕاشکاوی وتیان (ڕابەر قسەی تێداکردوەو وتویەتی نابێت بکرێت) ئەوەی شارەزای سیستەمی حوکمداری جمهوری ئیسلامی ئێران بێت لەفەرمانی ڕابەر تێدەگات، بەڵام سەرانی حیزبە کوردستانیەکان لێی تێنەگەیشتن ..!

ڕاستە ئەوکات‌و ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێگەمان هی ئەوە نەبوو بتوانین ڕێگری لەپرۆسەی ڕیفراندۆم بکەین، بەڵام ئەوانیش هەموو تەماحێکیان خستە بەرمان کە بتوانین ئەو ڕێگرییە بکەین! تەرحی جیاکردنەوەو پشتیوانی هەرێمی سلێمانیشیان بۆکردین بەکەرکوک‌و خانەقین‌و ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، (لەوکاتەیا دەستیان لەبارزانی شتبوو دڵنیابون کە ئەو ڕیفراندۆم ئەنجام ئەیا) مەترسیەکانی ڕەتکردنەوەشیان نیشانداین.

ئەو سەروەختەو لەکۆبونەوەکانی ناوخۆی بزوتنەوەکەدا من بەئاشکرا پشتیوانی پێکهێنانی (هەرێمی سلێمانی) بوم، مەترسیەکانی سەر کوردو کوردستانم لەپێش چاو بوو..گەیشتە ئەو ڕادەیەی حەمە تۆفیق ڕەحیم لەکۆبونەوەیەکداو لەبەرچاوی دەیان کەس پێی وتم (ئەو فکرانەی تۆ ئەجندای وڵاتێکی ئەقلیمیە)، سەید عومەری ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لەجیاتی بیرکردنەوەو گفتوگۆو پلاندانان بۆ چارەسەر، پێی وتم (ئێرانیەکان چۆن ئەم شتانە لای تۆ باس ئەکەن!!)، بێئاگا لەوەی کە من بەڕەسمی‌و بەفەرمانی کاک نەوشیروان ئەرکی مەلەفی پەیوەندیەکانی ئێرانم خرابوە ئەستۆو دەیانجار بەجیا یان خۆم‌و  خۆی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوەو گفتوگۆمان لەگەڵیان کردبوو...  
 
لەکاردانەوەی گەمژەیی ئەو سەرکردایەتیەدا، هەر ئەوکاتە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم لەو ئەرکە پێشکەشی خانەی ڕاپەڕاندن کردو تەنیا کەسێکیان پابەندی پرەنسیپ‌و کاری رێکخراوەیی بوو، ئیمزای لەسەرکرد، وەڵامی دامەوە، کاک عوسمانی حاجی مەحمود بوو.

ئاشکرایە تورکیا، لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەوە ئاخ‌و داخ بۆ سەرزەمینی نفوزی دەسەڵاتداریە کۆنەکەی هەڵدەکێشێ، هەرکاتێکیش کۆبونەوەو ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق‌و ئێران‌و سوریا کردبێت، نەخشە کۆنەکان‌و ڕێکەوتنە کۆنەکانی دەرهێناوە، لەسەر بنەمای پەیماننامەی ئەرزەرۆمی پێش دوسەد ساڵ داوای پێگەو پاوانی خۆی کردوە! ئەو پەیمانەی بەچاودێریی‌و موبارەکەی ئینگلیزو ڕوسەکان کراوەو لەماوەی ئەم دوسەد ساڵەدا، چەندینجار لەساڵانی جیاوازدا، لەگەڵ ئێرانیەکان‌و عێراقیەکان هەموارکراوەتەوە، دواجاریش هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیمانە ئێرانیەکان شەڕیانکردین‌و خەتی مونزریە بۆ سامەڕاو کەرکوک‌و تەلەعفەریان بۆ خۆیان‌و هاوپەیمانە شیعە عێراقیەکانیان وەرگرت‌و ئیمزاشیان بۆ تورکەکان کرد کە وەک جاران‌و زیاتریش ئەتوانن لەباکوری سوریاو باکوری عێراق لەناوچە سونەنشین‌و کوردنشینەکاندا، بارگەو بنەی سەربازی خۆیان بخەن‌و چۆن‌و بەچ ڕێگەیەک ئەیانەوێ دژی نەیارەکانیان‌و پشتیوانی لەدۆستەکانیان ڕەفتار بکەن.

ڕێکەوتنی ئەنقەرە وەک نوێکردنەوەی پەیماننامەی ئەرزەرۆم بەچاودێرو ڕیعایەی هێزی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا کرا، مەسعود بارزانی بەخشکەیی لێی دەرچوو، بەڵام هەرزوو پارتی‌و سەرکردایەتیەکەی کەوتنە گفتوگۆو سازش‌و ڕێکەوتن، لەزمانی نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانیەوە داوای عێراقێکی بەهێزو پابەندبونیان بەعێراقیبونەوە ڕاگەیاندو دیفاکتۆی ڕێکەوتنەکەی ئەنقەرەیان قبوڵکرد، باسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی کوردستان لای ئەوانەوە لەکولەکەی تەڕیشدا نەما.

ساڵی پارو جارێکیتر پڕۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیم نوسی‌و بەپشتیوانی هەندێ لەهاوڕێکانمان داوامان لەخەڵک‌و هێزە سیاسیەکان‌و کەسانی دڵسۆز کرد بۆ ڕێگریکردن لەمەترسی فەوتی ژیانی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی حوکمڕانی هەرێم پشتیوانیمان بکەن، ئەهلی بازاڕو عەوامی خەڵک لەبەرپرسیارێتی‌و مەترسی قۆناغەکە تێگەیشتبون‌و توانیمان سەدوپەنجا هەزار ئیمزا بەناوی سیانی‌و ئەدرەس‌و ژمارەی تەلەفۆن کۆبکەینەوە، بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی حیزبەکان لەپێناوی بەرژەوەندی حیزب‌و بنەماڵەو خێزانە سیاسیەکانیان دژایەتیان کردین‌و لەبەغداوەو لەڕێگەی پەیوەندیەکانیانەوە کارەکانی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرت! ئێمە لەهەوڵەکانمان بۆ ڕێگریی ئەوان بەردەوامین‌و کۆڵمان لێنەداوەو ئێستاش پێمانوایە تەنیا ڕێگەی ڕزگاربون لەمەترسیەکانی ئایندە لەمکاتەدا، پڕۆژەی بەهەرێمکردنی (پارێزگای سلێمانی)ە، خۆ ئەگەرنا! ئاماژەی ڕوداوە سیاسیەکانی دوای هەشتی تەموزیش لەم هەرێمە هەمان ئەو ئاماژانەن کە پەیمان‌و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەرزەرۆمی یەکەم‌و دوەمی لێکەوتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکەشی هەمان ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەیەو چۆن دوسەد ساڵ پێش ئێستا کورد بۆ هەتاهەتایە مەملەکەت‌و دەوڵەتی خۆی لەدەستدا، ئەمجارەش بۆ عەقدێکی زەمەنی نادیار هەرێمی کوردستان ئەچێتەوە ژێر هەژمونی تورکیاو جلخوارەکانی دۆست‌و هاوپەیمانە تازەکانیەوە.

26/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر