سبەی سزای سلێمانی ببینن ..!

عەبدولرەزاق شەریف

 کۆتای ساڵی حەفتاوشەش و لە دەسپێکردنی شۆڕش نوێ ...  هەتا کۆتایی ساڵی هەشتا، دەڤەری سلێمانی لەماوەی چوارساڵدا چوار هەزار شەهیدی سەنگەری داوە !

 
ئەو گیانی بەگژاچونەوەیەی زوڵمی بەعس و پێشڕەوایەتیەی پارێزگای سلێمانی نە دیاری یەکێتی و شۆڕش، نە بیری چەپی کۆمەڵە و نە سیحر و جوانی سەرکردەکانی شۆڕش بو .! بەڵکو ئەوە کەلتور و فەرهەنگی نەبەزین و بەرگری نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەم دەڤەرە بو کە پۆل پۆل ئەفسەر و گەنجە خوێنەوارو یاخییەکانی کردە سوتەمەنی شۆڕش .! 

ئەوە چ بیرێکی سیاسی هەرزە و کۆڵ و گۆجه لە پشت تەوقەکردنی ( کاکە قوباد و کاکە چیاوە ) یە، کە پێی وایە شارێکی وەک سلێمانی دوای کۆنفۆ و کاراتی سەرتەلەفزیۆنی ئەوان ئەکەوێ ؟ 

ئەوە چ واعیزێکی دابەستەی راوێژکاری ئیعلامییە بۆتە نەسیحەتکەری ( کاکە بافڵ و کاکە نما )، دنەیانداون و تێیانگەیاندون کە موڵک و پارەی یەکێتی و زۆنی سلێمانی هی مام جەلال و کاکە نەوەیە ؟

ئەی ئەو بیرکردنەوە شەلوشیتە هی کێیە کە پێی وایە کوڕانی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەتوانن ئیدارەی سیاسەت و حوکمداری لەناو یەکێتی و لە هەرێمی کوردستانا بکەن ؟

 ئەوانەی هانی کوڕانی ئەوروپای بەناز و بازی مەسولەکانی رەعیلی یەکەمی شۆڕش ئەدەن و بە بڕێک پارە تەفسیر و تەحلیلی کۆمەڵی کوردەواری و شاری سلێمانی یان بۆ ئەکەن سەری خۆیان و ئەوانیش پێکەوە ئەخۆن، ئەرکی تێکۆشان و خەباتی سەرشانی کچانی گەنج و کوڕانی لاوی ئەم هەرێمە قورستر ئەکەن .

ئەرکی ئێمەیە تێیانبگەیەنین کە نە باوکیان ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆن و باڵی گۆڕانکاری نوێ ) یان وادروستکردوە بەرگەی سەرکردایەتیکردنی مناڵەکانیان بگرێت !! نە ئەم هەرێمە و پارێزگای سلێمانی پرسی سەرکردایەتیکردنی ئەولادەکانیان قەبوڵ ئەکات !!

سبەینێ سزای سلێمانی ببینن، هەرچەندە دوێنێ هێزە چەکدارەکانتان پێش سلێمانی تۆڵەی لێکردنەوە ...!

09/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر