( سێ پرس )

عەبدولرەزاق شەریف

 :- پرسی دەستور 
یەک دەنگی نەخێری ئاڵتونی( نوری تاڵەبانی ) کە خۆی سەرۆکی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بو، بەس بو بۆ ئەوەی رەتبکرێتەوە و نەخرێتە راپرسییەوە، چونکە ئەو وتی: ئەم رەشنوسەی لەپەرلەمانا خوێندرایەوە، دەستکاریکراوە، ئەوەنیە کە ئێمە وەک لیژنە ئیقرارمانکردوە ..!
نوسینەوەی دەستور و خستنە راپرسی و تێپەڕاندنی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دۆکیومێنتێکی پێکەوەیی کۆمەڵی کوردەواری لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەبێت بە گرنگترین کار و پێویستی خەڵک . 
بۆ ئەوەی بەدەنگەوە هاتن، پابەندبون و کاریگەری هەبێت پێویستی بە کۆدەنگی فراوان و زۆرینە هەیە . لەم قۆناغەدا، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و بەوانەشەوە کە هەریەک بەرێژەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیان هەیە، بەراورد بە رێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی مانگی رابردو، نیوە کەمتری رێژەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان پێک ئەهێنن . بۆیە ناتوانن و بۆیان نیە لەم قۆناغەدا، رەشنوسی دەستورێک بنوسنەوە و بیسەپێنن، لە کاتێکدا، هەڵپەی فرسەتی تەنیا حیزبێک بە ئاشکرا دیارە و هەژمونی ئەویش بەهۆی جڵەوی حوکمدارییەوە، بەسەر حیزبەکانیتردا، دیارتر ...
دواخستنی ئەو پرسە گرنگە و هەواڵەکردنی بە خولی پەرلەمانی ئایندە، کە نیوە ساڵێکی کەمی ماوە، باشترین خزمەتە و زەمینەی متمانەش لای خەڵکی هەرێم ئەرەخسێنێ .
:- پرسی نەوەی نوێ 
لەگەڵ دروستبونیدا، وەک هێزێکی رادیکالی بەرەنگاری دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەرکەوت، لە ئێوارەی یەکەم بونەوە، رەونەقی خەرمانەی مانگی ( نەوەی نوێ ) لە ناو ناخی خەڵکی هەرێمی کوردستانا نەخشا .
 بەرگری و بەگژاچونەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کایەی سیاسیدا، کۆڵنەدان و بەردەوامی ئەوان، ئەفسونێکی رۆمانسی بە گەنجان و لاوان بەخشیوە ، نهێنی ئیرادە و توانای گەنجێکی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیەش ئەفسونێکی زیاتر ...
 هەرچەندە بەراورد بە حیزبە ئۆپزسیۆن و نارازییەکانیتر لە هەرێم، کات و شوێن، تەنانەت پشتیوانی هەمەلایەنە، کەمتر لە خزمەتی ( جوڵانەوەی نەوەی نوێ )دا بوە ! کەچی ئەم بەخێراییەکی قیاسی هەمو ئەوانەی پێش خۆی تێپەڕاند . ترس لە ئایندە و هەژمونی فیکری سیاسی تەقلیدی، روبەرێکی فراوانی بیرکردنەوەی نوخبەی جیاواز و کادر و سەرکردەکانی حیزبەکانی لە کوردستانا داگیرکردوە، بۆیە ئەوان ئایندەیەکی رۆشن بۆ جوڵانەوەکە نابینن ! وەک ئەوەی ئێمەومانان ئەیبینین .
:-  پرسی لاهور 
پێشتر و هەمو هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی هەردو هاوسەرۆک شکستی هێنا، هەرچەندە هەردولا بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکاری یەکتری ئامادەی ئیمزاکردنی لاپەڕەیەکی سپی بون، بافڵ لەبری دەستلەکارکێشانەوەی لاهور و ئەمیشیان بەرامبەر لەیەکێتیدا مانەوە، بەڵام رایەڵەی خوێن و نامەگۆڕینەوە و شۆخیکردنی نێوانیان لەدوای روداوەکانی هەشتی تەموز هەردوکیانی سەرمەست و سەربەست کردبو ..! نەیانکرد .
 دوای فەرمانی وەدەرنانی لاهور و هاوڕێکانی حەتمەن ئەوانەشی بەدوادادێ کە کڕاونەتەوە ! یان گەڕاونەتەوە، ئنجا گرێوگۆڵی ناو پاشماوەکەی ( ی ن ک ) ئاڵۆزتر ئەبێت، ئەوان مەحکومن بە راگەیاندنی کۆتایی هاتنی یەکێتی وەک حیزبێکی سیاسی لە کوردستانا، بەڵام چۆن و،کەی ؟؟ ئەبێ دوعای خێریان بۆ بکەین .

05/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر